زانا دڵشاد دزەیى: نەرمەند پرشنگ توانا، گلەیى لەسەرجەم کەناڵە کوردییەکان هەیە، کە تائێستا نەیانتوانیوە بەشێوەی پرۆڤیشناڵ کاربکەن، باوەڕیشى بەخۆى هەیە، ئەگەر بوو بە وەزیر “ڕەش و سپیەکانى گۆرانى کوردى لەیەک جیابکاتەوە”.
رشنگ توانا، لە سلێمانى لەدایکبووە، بەڵام حەز ناکات ساڵى لەدایکبوونى خۆى ئاشکرا بکات، ئەو کە خاوەن دوو ئەلبوومى بڵاوکراوەیە، لەساڵى 1986 لەگەڵ خانەوادەکەى کوردستانیان جێهێشتووە و ئێستا لە وڵاتى سوید نیشتەجێیە، لەبارەى دوایین کارە هونەرییەکانى خۆیەوە بە(سڤیل)ـى راگەیاند، “دوو گۆرانى نوێم ئامادە کردووە، کە ئاوازێکیان لەلایەن (دیدەن توانا)ـى کوڕم و ئەویتریان لەلایەن (کامەران عەبدولڕحمان)ـەوە دانراوە، هەر لەوڵاتى سوید یەکێک لەو گۆرانیانە کلیپ دەکەم”. پرشنگ توانا، کە ماوەیەکە کلیپەکانى لە کەناڵە کوردییەکانەوە نابینردرێ، گلەیى لەکەناڵەکان هەیە، بەبێ سیستەم ناویان دەبات، توانا دەڵێت “کوردستان تیڤى بووەتە کەناڵێکى سیاسیى، بەڵام کوردسات بە ئارەزووى خۆیان کۆمەڵێکیان هەڵبژاردووە و کۆمەڵێکیشیان لێ دەرکردووە، هەروەها سێ کلیپم بۆ کەناڵى کۆڕەک نارد، بەڵام بەداخەوە جارى وا هەیە راسپاردەیەک دەنێرى و ناگاتە شوێنى خۆى”. پرشنگ گومانیشى لەوەدا نییە، ئەگەر ئەو ببێت بە وەزیر دەتوانێ ڕەش و سپى جیابکاتەوە، گلەیى هونەرمەندان نەهێلێت، “ئەگەر بووم بە وەزیر، ڕەش و سپیم جیادەکردەوە، ئەوەشى شیاوى هاریکارى بوایە، بەهەموو شێوەیەک هاریکاریم دەکرد، بەڵام لاى ئێمە ئەگەر هونەرمەندێک ببێت بە وەزیر بە مەحاڵ دادەنرێ”.