“کەى حەیران بووە راپ، بزانە ئاخیر زەمانە”
زانا دڵشاد دزەیى : سلێمان قەرەچوغى گلەیى لە کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکان هەیە، حەیران و بوارى فۆلکۆر پەخش ناکەن و دەشڵێت “حەیران عەرەبییە و لە وشەى موحەیرەوە هاتووە”. سلێمان قەرەچوغى، یەکێک لە حەیرانبێژەکانى کوردە و ساڵى 1983 بە گوتنەوەى گۆرانییەکانى حەسەن زیرەک دەستى بە گۆرانى گوتن کردووە و دەڵێ دەڤەرى قەراج و کەندێناوە جێگاى سەرهەڵدانى حەیرانە و “بەڵام هەستم کرد بۆشایەک لە بوارى حەیران گوتن و فۆلکۆرى لەو دەڤەرەدا هەیە، بۆیە ساڵى 1996 دەستم کرد حەیران گوتن، کە حەیرانەکانى حەسەن حەیران و عوسمان حەیرانم دەگوتووە”.
سلێمان قەرەچوغى بۆ (سڤیل)، زیاتر باس لە حەیران دەکات و حەیرانیش بە “عەرەبى” ناودەبات و دەڵێت “حەیران وشەیەکى عەرەبییە و لە موحەیر هاتووە، کە دەڵێم حەیران لە دەشتى قەراج سەریهەڵداوە، لەبەرئەوەیە کە ئێمە لە قەراج لەسەر سنوورى برا عەرەبەکانین”. قەرەچوغى وشەى حەیران بۆ کوڕ و کچ بەکاردێنێ و پێیوایە حەیران نە نێرە نە مێیە، ئەو کەسانەش بە هەڵە ناودەبات کە دەڵێن حەیران بۆ کچ بەکاردێت، هەروەها دەڵێت “من نەمویستووە دیکتاتۆر بم، ئەگەرنا زۆربەى حەیرانەکان لە نووسینى خۆمە، بەڵام پشتم بە هەندێک کەس بەستووە، لەوانە عوسمان رەحمان، هەروەها خەڵکانێک هەن لەنووسینگەکان داوەتم دەکەن و حەیرانم دەدەنێ، زۆر سوپاسى کاک سەباح ماستاوەیى دەکەم، کە لە وێنەگرتن زۆر هاوکاریم دەکات”. قەرەچوغى لەگەڵ ئەوەدا نییە حەیران بکرێتە راپ، ئەگەر ئەوەش بکرێت بە “سەیر و سەرمەرە”ـى ناودەبات، دەڵێت “من قەت لەگەڵ ئەوەدا نیم حەیران بکرێتە راپ، کەى حەیران بووە راپ، بزانە ئاخیر زەمانە، ئەوانەى لە راپ کار دەکەن، پێش هەموو شتێک کەسایەتی خۆیان و پاشان ئەو حەیرانەى، کە موڵکى باپ و باپیرانمانە لەدەست دەدەن”. لەگەڵ ئەوەشدا ناوبراو پێیوایە حەیرانەکانى حەسەن سیساوەیش ناچێتە قاڵبى حەیرانەوە، بەڵکو سلێمان دەڵێت “راستە حەسەن سیساوەیى خزمەتێکى زۆرى بە حەیران و فۆلکلۆرى کوردى کردووە، بەڵام ئەو وشانەى ئەو بەکارى دێنێ، ناتوانین ناوى بنێین حەیران، زیاتر دەچێتەوە سەر لاوانەوە و سەردولکەى ئافرەتان”.
سلێمان قەرەچوغى، کە تائێستا شەش کلیپى فۆلکلۆرى هەیە و سێیان حەیرانە، بەڵام گلەیى لە کەناڵە ئاسمانییەکان دەکات، دەڵێت “نەمبینیووە کەناڵە ئاسمانییەمان نە کلیپەکانى من و نەکلیپى حەیرانبێژى دى پەخش بکەن، زۆرجار کە کلیپەکانى خۆم بۆ کەناڵەکان بردووە لە پرسکەى پێیانگوتوومە خۆت ماندوومەکە و کلیپەکەشت ببەوە چونکە حەیران و فۆلکلۆر پەخش ناکەن”.