شەوی (16- 17/11/ 2010) هونەرمەندی بەئەزموونی بواری شانۆ و دراما، مامۆستا (تەها خەلیل) بە نەخۆشیی دڵ کۆچی دوایی کرد و بە یەکجاری ماڵئاوایی لە دنیا و کاروانە هونەرییە نەپساوەکەی کرد، لە دوای خۆی دنیایەک یادگاریی جوانی لە مێژووی هونەری شانۆ و درامای کوردی جێ هێشت، هونەرمەند (تەها خەلیل)ـی کۆچکردوو لە ساڵی (1940) لەگەرەکی مەڵکەندی شاری سلێمانی لە دایک بووە، دەرچووی یەکەم دەستەی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدایە لە ساڵی (1958).
ساڵی (2010) ساڵی کۆچی دوایی ناودارانی کورد بوو
ساڵی (2010) بووە وێستگەی کۆچی دوایی چەند کەسایەتییەکی دیار و بەرچاوی بواری رۆشنبیری و هونەری، ئەمساڵ هەواڵی زۆر ناخۆش و جەرگبڕی کۆچی یەکجارەکی چەند ناوێکی درەوشاوەی ئەم وڵاتەمان بیست، هەریەک لە (سەفوەت جەڕڕاح، سەڵاح حەسەن، حەمە جەزا، د. مارف خەزنەدار، سامی شۆرش، محیەدین زەنگەنە، عەبدولقادر زەکی، عیرفان زەنگەنە) و لە بەرەبەیانی دووەم ڕۆژی جەژنی قورباندا هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەندی بەئەزموونی بواری شانۆ و درامای کوردی، مامۆستا (تەها خەلیل)ـیش راگەیاندرا.
بە داخەوە بۆ هەواڵی کۆچی دوایی هەریەک لەو ناوە درەوشاوە و کەسایەتییە دیارانەی کورد، هەرچەندە مردن رێگەیەکە لە بەردەم هەموو مرۆڤێک و دەبێ ئەو ڕێگەیە بگیرێتە بەر و بیبینیت، دیارە چارەنووسی ئەوانەیش وابوو، تا ئێرە لەگەڵ ژیان هەڵبکەن و پاشان بارگە و بنەیان بۆ تا هەتایە هەڵبگرن و بڕۆن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە زۆر جار لەدەستدانی هەندێک مرۆڤ بە ئەستەم دەتوانرێ جێگایان پڕ ببێتەوە، بە تایبەتی ئەو مرۆڤانە کەسانێک بن، هەروەک مامۆستا (گۆران)ـی شاعیر دەڵێت (مرۆڤێک وەک چرا وابێت و بۆ خۆی بسوتێ و نەفعی جەمعی بێت).
(تەها خەلیل) هونەرمەندێکی ئەزموونزۆر…
بێگومان لە دەستدانی هونەرمەندێکی بەئەزموون و لێهاتووی وەک مامۆستا (تەها خەلیل) بۆشاییەکی گەورە لە دوای خۆی لە کۆڕی هونەری کوردیدا بە جێ دەهێڵێت، چونکە ئەگەر سەیری لاپەڕەکانی ئەرشیڤی هونەریی ئەو هونەرمەندە بکەین، بۆمان دەر دەکەوێت کە ئەو هونەرمەندە توانیویەتی کاریگەرییەکی زۆری هەبێت، لەو کارە درامی و شانۆییانەی کە بەشداریی تێدا کردوون، (تەها خەلیل)ـی هونەرمەندی لەدەستچوو، بەو ئەزموونە زۆرەی کە لە کاری هونەری نواندا هەیبوو، توانیبووی لە کارە دراماییە تەلەڤزیۆنییەکاندا بە تایبەتی، کاریگەرییەکی چاک بخاتە سەر چاوی بینەر و سەرنجی ئەوان بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ لای خۆی رابکێشێت، ئەو جۆرە نواندنانەیش دیارە هەموو هونەرمەندێک ناتوانی سەرکەوتووانە بەسەریدا زاڵ بێت.
خەرمانێک لە کاری شانۆیی و درامی
مامۆستا (تەها خەلیل)ـی هونەرمەند، لە ماوەی خزمەتکردنی پتر لە (40) ساڵ لە خزمەتکردنی لە کاروانی هونەریدا، توانی تەمەنی بخاتە خزمەتی هونەرەکەی، دیارە تەمەنیش کایەیەکی زۆر پڕ بەها و جوانە لای مرۆڤ، پێم وایە هەر تاکێک لە دنیادا ئەگەر عەشقی بۆ کارێک نەبێت، تەمەنی خۆی پێشکەشی ناکات، دیارە مامۆستا (تەها خەلیل)ـی ئۆغرکردوو، عەشقی بۆ هونەرەکەی هەبوو، بۆیە ئەو تەمەنە زۆرەی خۆی پێشکەش کرد، لە ماوەی ئەو تەمەنەدا بەپێی ئەو ئامارانەی باسی لێوەدەکرێت و دەستمان کەوتوون، بەشداریی نزیکەی (80) کاری شانۆیی و زیاتر لە (90) کاری فیلم و درامای تەلەڤزیۆنی کردووە، دیارە ئەو بەشدارییکردنانەیش خەرمانێکی زۆر گەورەیە و، پڕە لە کاری جوان و دانسقەی ئەو هونەرمەندە، کە بوونەتە مێژوویەک لەلای بینەر و جەماوەری هونەردۆستی کورد بیر ناچێتەوە.
(تەها خەلیل) هونەرمەند و خەباتگێڕ
دیارە هونەرمەندی کۆچکردوو مامۆستا (تەها خەلیل) بە تەنیا وەک هونەرمەندێک خزمەتی میللەتەکەی نەکردووە، هەروەک باسی لێوەدەکرێت لە سەردەمی خەبات و شۆڕشی شاخدا، وەک پێشمەرگەیەک خەباتی کردووە، ماوەی چەند ساڵێک لە ریزی حیزبی شیوعی خەباتی کردووە، پاشان بەشداریی شۆرشی مەزنی ئەیلوولی کردووە، لە ساڵانی حەفتاکاندا لەسەر ئەو بەشداریکردنەی لە ریزی خەباتی گەلەکەیدا، لە شاری سلێمانی گیراوە و بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەڵام بە هۆی رێککەوتنامەی (11)ـی ئاداری ساڵی (1974) لە زیندان ئازاد دەکرێت، هەروەها لەساڵانی هەشتاکان بەهۆی ملنەدانی بۆ داواکارییەکانی رژێمی بەعسی لەناو چوو، (تەها خەلیل) لە پیشەی مامۆستایەتی دوور دەخرێتەوە، هەر بەو هۆیەوەش دەستی لە بەرۆکی کارە درامییەکان بەر دەبێت، بەڵام بە رۆح هەر لەگەڵ هونەر و درامادا ژیاوە، تا ساڵی (1997) ئینجا گەڕایەوە بۆ نێو کاری دراما و نواندن.
بەشداریکردنی لە (نامەکانی ئەشرەف و ڕەیحانە)
دوایین بەشداریی کاری هونەری ئەو هونەرمەندە، بریتی بوو لە دوو بەرهەمی زنجیرە درامی تەلەڤزیۆنی، کە ئەوانیش بریتی بوون لە درامای (نامەکانی ئەشرەف) لە ساڵی (2009) بەشداریی لەو درامایە کرد و، لە رێگەی بەرجەستەکردنی رۆڵی کەسایەتی (عومەرە فەنی)ـیەوە، ڕۆڵێکی سەرەکی بەرجەستە کرد لەو زنجیرە درامایەدا، لە کاتی وێنەگرتندا لە شاری سلێمانی لە شوێنی (لۆکەیشن)ـی وێنەگرتنی یەکێک لە دیمەنەکانی ئەو درامایە، چاوم بە مامۆستا (تەها خەلیل) کەوت، بە شێوەیەک رۆڵی لەو درامایەدا بەرجەستە دەکرد، کە واتدەزانی تازە دەستی بەکاری هونەریی کردووە، چونکە ئەوەندە بە گەرموگوڕییەوە خەریکی نواندن بوو، ئەوە جێگەی سەرسورمان بوو، جگە لەوانەیش لە کاری هونەریدا هەستی بە ماندوو بوون نەدەکرد، هەمیشە باوەڕی بەوە هەبوو دەیگوت پێویستە هونەرمەند تا کۆتایی تەمەن بەردەوام بێت، کە ئەو توانی بەردەوام بێت و تەنانەت دوایین بەرهەمی درامی خۆی بەچاوی خۆی نەبینییەوە، هونەرمەندی دەرهێنەر (لوقمان غەریب) ماوەیەکە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی زنجیرە درامای (رەیحانە)ـیە، لەو درامایەشدا هونەرمەندی کۆچکردوو رۆڵێکی سەرەکی هەبوو، کە ئەویش ڕۆڵی (کوێخا فەرەج) بوو، لە دەرهێنەری ئەو درامایەم پرسی ئایا هونەرمەند رۆڵەکەی بەرجەستە کرد؟ لەوەڵامدا گوتی لە 95% رۆڵەکەى بەشێوەیەکی زۆر جوان بەرجەستە کرد، تەنیا چەند دیمەنێکی کورتی مابوو وێنەی بۆ بگیرێت، بە داخەوە مەرگ نەیهێشت خۆی ئەو درامایە ببینێت، کە دوایین بەرهەم بوو کە ئەو هونەرمەندە بەشداریی تێدا کرد.
نووسینی: عەبدولغەفار عەبدوڵڵا