وشیار ئەحمەد ئەسوەد : قەت دڵم نەهاتووە قسە لەسەر شەڕی ناوخۆ بکەم، ئەم وەبیرهێنانەوەیەم بەلاوە هەرچەندی بڵێی ئەستەمە، بەڵام هەندێک جار هەوڵدان بۆ هێنانەوەی نموونەی دروست ناچارمان دەکات پەنجە بۆ نەخوازراوەکانیش بەرین.. لەو سەردەمە شوومەدا هەرکەسێک لە ژێر دەسەڵاتی هەر لایەنێک لە دوو لایەنە سەرەکییەکەی ئەو شەڕەدا نیشتەجێ بوایە و ڕەخنەی ئاراستەی ئەو دەسەڵاتە بکردایە،
بەگورجی بەلایەنگر یاخۆ ئەندامی لایەنەکەی تریان تۆمەتبار دەکرد، ئەم هەڵوێستە وایکردبوو کەس نەوێرێ ڕەخنە بگرێت و بۆ گشت دوعاکانیش دەنگی “ئامین” هەڵبڕێ، لەوەتەی “بزووتنەوەی گۆڕان”یش سەرەتاتکێ و لەنجەمان بۆ دەکات، هەمان ئەو بەیت و بالۆرەیەمان بۆ زیندوو بووەتەوە و قەوانە سواوەکەمان بۆ لێدەدرێتەوە، مەبەستم ئەوەیە لە هەر کونجێکەوە بتەوێ ڕەخنە لە حزب یان دەسەڵات بگریت، زۆرن ئەوانەی بەلایەنگری گۆڕانت ناوزەد دەکەن، بەبۆچوونی من زۆربەی ئەوانەی ڕەخنە دەگرن کەسە ڕەنجاوەکانن لە ناعەدالەتی و گەندەڵی و ڕەخنەکانیان بەمەبەستی چارەسەرکردن پێشان دەدەن نەک ئەندام یان هاوسۆز لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیەی بەناوی گۆڕانەوە دروست بووە، ئەمەش دروست داخستنی دەرگەکانە بەڕووی ڕەخنە لە کاتێکدا ڕەنگە کەسی ڕەخنەگر ئەوپەڕی ناکۆکیش بێت لەگەڵ “بزووتنەوەی گۆڕان”دا.
ئەم کێشەیە لە هەڵبژاردنەکەی یەکێتیی نووسەرانیش سەری هەڵدا و ڕەنجاوەکان لە دۆخەکە دەنگیان هەڵبڕی، هەندێک برادەری ئێمە لە کەرکووک دوور و نزیک پێوەندییان بەبزووتنەوەی گۆڕانەوە نەبوو و کەچی بەگۆڕانخوازیان لە قەڵەم دان، هۆکارەکەیشی دژایەتیکردنی لیستی داخراو و داخوازیی لیستی کراوە بوو، کەچی وا ئێستا خەریکە ئەم شەقڵەشڕێیە بەرۆکی هونەرمەندانیش دەگرێت.
تا ماوەیەکی کەمیش بەر لە ئێستا هەردوو ستافی یەکێتی و سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لەناو ڕێکخراوی هونەرمەنداندا خەنجەریان لە کالان دژ بەیەکدی دەرهێنابوو، بەپێی بەیاننامەکانیشیان ناکۆکییەکان ڕژد و مەبدەئی بوون، واتە لە پێناو داکۆکیکردن لە هونەرمەندانی کوردستان هەرلایەکیان موزایەدەی دنیایان بەسەر لایەکەی تریانەوە دەکرد، تا ئەو ئاستە درۆینەیەی منیش خۆشەویست بووم و لە بەیاننامەیەکدا ناوم هاتەوە ناو ناوان، کەچی لە کونفەیەکونێکدا بوونەوە برابەش و کەسیش نەیزانی ئەو هەموو کێشەیەی نێوانیان کە چارەنووسی هونەرمەندانی لەسەر بەند بوو بەچی گەیشت و چۆن چارەسەر کران؟!.
ئەمانە دیوێکی پرسەکەن، بەدیوەکەی دیکەیدا بەپێی زانیارییەکانی من کە پێموانییە زۆریش شاراوە بن، دیسان بۆ کۆنگرەکەیان کە بڕیارە لە مانگی 12دا ببەسترێت لە ژێر هەیمەنەی حزب تەوزیعی ئەعمال دەستی پێ کردووەتەوە، بەوەیان ڕاهاتووین و “دەستیان خۆش”، بەڵام ئەوەی کێشەی ڕژد دروست دەکات، تۆمەتبارکردنی ئەو کەسانەیە کە ڕەخنەیان بەرانبەر ئەو تەوزیعە هەیە بە”گۆڕانخواز”، من لە چەند ڕۆژی پێشتردا ئەمەم لە کەرکووک هەست پێکرد، لە کاتێکدا بەپێی زانیاریی من “بزووتنەوەی گۆڕان” لەناو هونەرمەندانی کەرکووکدا هەرچەندی بڵێی بێدەرەتان و سەرکزە.. بۆ ئەمەشیان زیندووترین نموونەم لەبەردەستە، یەک لە هونەرمەندە هەرە دیارەکانی بواری شانۆ لە کەرکووکدا کە پێموانییە پێویستیمان بەئاماژەدان بەناوەکەی بێت، بێگومان یەک لە کەسە ڕەنجاوەکانە و هەمیشە ڕەخنەگر بووە، لەبەر ئەوەی بڕیاری داوە بەرانبەر بەو لیستەی بەناوی دەسەڵاتەوە بڕیارە دروست بکرێ خۆی هەڵبژێرێت، مقۆمقۆی گۆڕانخوازیان خستووەتە دوو بێ ئەوەی دوور و نزیک پێوەندیی بەهیچ یەکێک لە حزب و ڕێخراو و بزووتنەوەکانەوە هەبێت، مەبەستم ئەوەیە لەناو هونەرمەندانی کەرکووکدا شتێک بەناوی گۆڕانەوە نییە و کەچی ڕەنگێکی بڕۆنزیی پێدەبەخشرێت.
هەموو بۆچوونەکان لە شوێنێکدا کۆ دەبنەوە، ئەویش کارکردنە بۆ سەرخستنی ئەو لیستەی کە هاوشێوەکانیمان لە کۆنگرەی ڕێکخراوەکانی تریشدا بینیوە، بۆیە ئەگەر پێشتر هەندێک لە سەرانی ڕێکخراوی هونەرمەندان موزایەدەی کارکردنیان لە دەرەوەی هەژموونی حزبەکان دەکرد، بڵێی بۆ ئەمەیان چ وەڵامێکیان هەبێت؟.