وشیار ئەحمەد ئەسوەد :* بەپێی ئەو زانیارییانەی پێم گەیشتوون، لە زۆربەی وڵاتانی دنیا و بەتایبەتیش وڵاتە ئەوروپییەکان، ماڵێک شک نابەیت ئامێری پیانۆی تێدا نەبێت، یان ئەگەر کەسێک نەزانێ پیانۆ بژەنێ، بۆ ئەو جۆرێکە لە نەنگی و شەرم.. لای زۆر لە خەڵکانی ئێمەیش تا ئێستا گۆرانیبێژ بە”چاوش” ناو دەبەن، ئەمە لە کاتێکدا دەهۆڵ و زوڕنای چاوشەکانیش بەشێکی گرنگن لە کولتووری هونەری کوردی.. کاتێک لە کەرکووک بووم و “تیپی موزیکی شەفەقی کوردستان”م دامەزراند و تیپەکەش سەر بەدەزگای ڕۆشنبیریی شەفەق بوو، ڕۆشنبیرێکی ناوداری کورد کە لەو دەزگایەدا بەرپرس بوو، بەئەندامانی تیپەکەی دەگوت “چاوشەکان”.
* ڕاگەیاندنی کوردی بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵە هونەرییەکان یان هەواڵی چالاکییەکانی هونەرمەندان، ئەوەندە تووشی شەقڵەشڕێ بووە، هەرچی بێزراوی دنیا هەیە لەبارەیانەوە بڵاوی دەکەنەوە، هەندێک بەچکە پەیامنێریش شتی سەمەرەتر بڵاو دەکەنەوە.. لە سایتێکدا خوێندمەوە “فڵان گۆرانیبێژ بۆ گەشتێک چووەتە لبنان”، لە شوێنێکی تردا خوێندمەوە “فڵان گۆرانیبێژ بەنیازە بەجلی کوردییەوە کلیپ بکات”، یەکێکی دیکەیش دەڵێت “فڵان گۆرانیبێژ لە کلیپەکەیدا بۆیە لایەکی یەخەی چاکەتەکەی خوار بوو، چونکە دەمارێکی ناوشانی وەرگەڕابوو”.. ئاخر ئەگەر گۆرانیبێژەکە خۆی وەرگەڕایە، هەق بوو بکرێتە هەواڵ، ئەمما وەرگەڕانی فەریکە دەمارێک کەی ویستی منە بۆ زانین لەبارەی هونەرمەندانەوە.. ناسکۆڵەیەک لە گۆرانیبێژەکانیشمان دوای بەسەرچوونی پتر لە ساڵێک بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەلبوومێکی گۆرانیدا، تازە دەیەوێ کلیپ بۆ یەک لە گۆرانییەکانی بکات و بۆ ئەو مەبەستەش لە دووری دوورەوە گەڕاوەتەوە کوردستان، ئەمەیان کارێکی خراپ نییە و دەستخۆش، بەڵام جارێ هەناسەیمان بەرنەکەوتووە، کەچی لە زۆربەی چاپەمەنییەکاندا بووە مانشێتی زەبەلاح، توخوا ئەگەر ئەوە سمێڵ بابڕێک بوایە قەت ئەو هەڵایەی بۆ دەکرا؟.
* شارێکی وەک کەرکووک بەو هەموو وێرانەییەی خۆیەوە کە بەدەستی سەدامییەکان بەسەری هات، بێگومان دوای ڕووخانی ڕژێمەکەش وێڕای ئەو کارانەی بۆی کراوە، هێشتا لە دوورەوە وێرانەیی پێوە دیارە و زۆریش هەن لە شارەکانی دیکەوە بەهۆی دۆخی تەناهییەوە ناوێرن بەسەردانیش ڕووی تێبکەن، کەچی بەهۆی مامۆستا (مانی)ی پەیکەرتاشەوە ماڵی ئاوابێ تژی بووە لە پەیکەر، مەبەستم ئەشکال و ئەلوانی پەیکەرە، هەر لە نەگبەتییەکانی شارەکەوە بگرە تا دەگاتە ئەوپەڕی گەشبینی، لە هەموو ئەو تورحە بابەتانە پەیکەر لە شارەکەدا دەبینی، ئەمە بەجۆرێک کەم گەڕەک هەیە لە کەرکووکدا پەیکەری تێدا نەبینرێت، خوا هەڵناگرێ هاوڕێ عەرەب و تورکمانەکانیش بۆ ئەمە قسووریان نەکردووە.. کەچی لەم پایتەختە حەیاتەی کوردستاندا دەبێ بۆ دۆزینەوەی پەیکەر چرا هەڵگری، ئاخر پایتەختی خاڵی لە پەیکەر قوڕی کام وڵاتی بەسەر ناکرێ؟، چونکە ئەوەندەی من دەزانم، زۆربەی ئەو کوردە حەیاتەی خۆمان کە گەشتی وڵاتە پێشکەوتووەکان دەکەن، لە گەڕانەوەیاندا دنیایەک وێنەمان پێشان دەدەن لەگەڵ پەیکەرەکانی ئەو وڵاتانەدا گرتوویانن.. ئای چەند گوناهە پایتەختی بێ پەیکەر.
* ڕۆژنامەنووسێکی زیتی ئەم پیرە هەولێرە “ناسکەخان”ی دراماکەی “ڕەجەب”ی دیتەوە و دیمانەی لەگەڵدا کرد، ئێمە ئەوەندە بێ ئەمەک بووین، کەسمان ئەو خاتوونە هونەرمەندەمان لە بیر نەمابوو، ئەمە لە کاتێکدا لەنێو شانۆکارانی کورد “ناسکەخان” لە ساڵانی پێشتردا لە هەرە بوێرترینیان بوو، من پێموابوو دوای ئەوەی “ناسکەخان” کەوتەوە سەرزاران، لانیکەم وەزارەتە عەزیزەکەی ڕۆشنبیریمان مەرحەبایەکی دەکات، کەچی هەر ئەو هەواڵە بوو و دڵنیاشم دوای مردنی بەماوەیەکی زۆر ئەوجا زیتێکی دیکەمان لێ پەیدا دەبێت و هەواڵی مردنەکەیمان دەداتێ.. “هاى تڕحێو ئێمەیش دڵمان خۆشە بەوەی خزمەتی هونەری کوردی دەکەین”.
* لە ساڵی 2008 لە سەرانێکمدا بۆ شارە جوانەکەی بۆکان چوومە سەر مەزاری (حەسەن زیرەک)، هەر لەوێ ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیی تەسەلم لەبارەیەوە ئامادە کرد و لە گەڕانەوەمدا لە گۆڤاری “گەشبین” بڵاوم کردەوە، بێگومان شوێنی دابینکراو بۆ مەزاری (زیرەک) لەو شارە بێ خزمەت و لەو کوردستانەی تا ئێستا لە ژێر داگیرکاریدایە، ئەوپەڕی جوانی دەنوێنێ، جگە لە پەیکەر، تەنانەت دیواربەند و تابلۆیشی بۆ دانراوە، کەچی لە کوردستانی ئازادکراو و لەو کەرکووکەی زۆرترین دەسەڵاتی کورد بەڕێوەی دەبات، گۆڕی (عەلی مەردان) کە دەکەوێتە گۆڕستانەکەی “تەکێی تاڵەبانی”یەوە، تا ئێستایش هەر بەشیش و تەلبەندەکەی جارانی ماوەتەوە، دە تۆ واز لە (لوتفی) و (شێخ ڕەزا) و (سەڵاح داودە) و ئەوانی تریش بێنە.
* لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستاندا بێگومان بەکەرکووکیشەوە، دنیایەک پارک و شەقام و قوتابخانە و نەخۆشخانە و هەموو خانەکانی دیکە بەناوی شەهیدەکانەوەن، بێگومان زۆربەی شەهیدەکانیشمان هەڵگری ناوی عەرەبین “وێڕای حورمەتی زۆرم بۆ ڕۆحی پیرۆزی تەواوی شەهیدەکانی کوردستان بەهەموو حزبەکانەوە”، بەڵام تا ئەم بایە لەم کونەوە بێت، وا دەزانم جارێ شەهادەتی دیکەیشمان دەکەوێتە پێش، بۆیە دەهێنێ شوێنی دیکەیان بۆ ئامادە بکرێت تا بەناویانەوە بکرێن.. ئاخر ئەگەر بکەوینە بەراوردەوە چەند شەقام و پارک و ئەو شوێنانەی دیکە بەناوی ڕۆشنبیران و هونەرمەندانەوە کراون؟، خۆ ئەگەر کار هەر بەم شێوەیە بڕوات و ئەمەش دروست بێت، دەبێ لە جەزائیریش یەک ملیۆن شوێنیان بەناوی ملیۆن شەهیدەکەیانەوە کردبێ.. ئەدی من دەڵێم ئەگەر بەڕاست مەبەست بەرزڕاگرتنی خوێن و ڕۆحی شەهیدەکانمانە، خودا شاهیدە ڕۆحی ئەوان تەنیا لەو کاتەدا بەرز ڕادەگیرێ کە هەموومان بەڕاست هەوڵی نەهێشتنی ئەو گەندەڵییە بدەین کە خەریکە سەرمان دەخوات، نەک لە پەنا خوێن و ڕۆحی ئەواندا پارەی گەندەڵی بکەوێتە “شاباش”ەوە و دواتریش باخچە و شەقامیان بەناو کەین.. هەلڵا هەلڵا لەو موزایەدەیە!.