وشیار ئەحمەد ئەسوەد : تا ئێستا سێ نووسینی ستایشئامێزم لەسەر بەرنامەی “من جیاوازم” بڵاو کردووەتەوە، لە هەرسێک نووسیندا دەستخۆشیم ئاراستەی کەناڵی ئاسمانیی زاگرۆس و ستافە بەڕێزەکەی ئەو بەرنامەیە کردبوو بەرامبەر بەدەرخستنی توانا و بەهرە شاراوەکان، بەڕاست ئەوان (بەهەموو کەموکوڕییەکانیشیانەوە) شیاوی ستایشن.
لەوەش واوەتر چ گومان لەوە نییە ئاماژەدان بەهەر خاڵێکی نەرێنی، مەبەست تێیدا بەهەندوەرگرتنی بەرنامەکە و ڕاستکردنەوەی هەڵە و پڕکردنەوەی بۆشاییەکانە کە بەهیواین بۆشایی جێنەهێڵن.. ئەدی خۆ ئێمە هەمیشە چاوەڕوانی پتر لەوەیان لێدەکەین کە تا ئێستا پێشانیان داوین، بەتایبەتیش هەڵسەنگاندنەکان، چونکە لە هەڵسەنگاندنەکاندا تا ئاستێکی زۆر بەرپرسیاریەتییان دەکەوێتە ئەستۆ، دیارە ئەویش پێوەندیی بەئەندامانی ئەو لیژنەیەوە هەیە کە “بەڵێ” و “نەخێر”ەکان بۆ بەشداران بەڕەوا دەبینن.. بەر لە هەر شتێکیش دەهێنێ ئاماژە بەوە بدەم کە هەر (بەڵێ و نەخێر)ێکی ئەو لیژنەیە بۆ بەشداران پێوەندیی بەئەقڵی هونەری و ڕۆشنبیریی ئەندامانی لیژنەکەوە هەیە، منیش چ گومانم لە زۆربەی ئەوانە نییە کە تا ئێستا وەک ئەندام لەو لیژنەیە بەشداریی بەرنامەکەیان کردووە، هاوکات ئەوەیش دەزانم کە مەرج نییە بەڵێ و نەخێرەکان سەنگی مەحەک بن، چونکە زۆر جار بەهرە و تواناکان بۆچوونی جودا لە نێوان خەڵک و لیژنەکەدا دروست دەکەن کە ئەمەیش دیسان حاڵەتێکی ئامادە و ئەرێنییە.
کاتێک (ئاکام)ی ڕاپەڕ لەو بەرنامەیەدا ڕاپێکی ئاینیی پێشان داین، لای من مسۆگەر بوو هەرسێک دەنگی نەخێر وەردەگرێت، کەچی دوو دەنگی بەڵێ بەرامبەر بەدەنگێکی نەخێر جۆرێک لە شۆکی دروست کرد، لەبەر ئەوە نا کە ئەو گەنجە شیاو بەسەمای ڕاپ نەبێت و لە دەنگ و سەمادا خەوشی نواندبێ، لەبەر ئەوەش نا کە ڕاپ هونەرێکی بیانییە و ئێمە پێی ئاشنا نین یاخود لە کولتووری ئێمەوە دوورە، نووسینەکانی پێشتریشم بۆ داکۆکیکردن لە هونەری ڕاپ ئەو گەواهییەم بۆ دەدەن هەمیشە لەگەڵ ئەو گەنجانەدام کە سەما دەکەن و خۆیان لە ستایلە جیاوازەکانی موزیک و گۆرانی دەدەن، ئەوجا هی هەر نەتەوە و وڵات و کولتوورێکی جیاواز لە ئێمە بن.. بگرە لەبەر ئەوەی هونەری ڕاپ بەهەموو چەمکەکانیەوە لەگەڵ ئاینی ئیسلامدا جووت نابێت و پێکەوە هەڵناکەن.
ڕاپ دوو دیوی گرنگ و سەرەکی لەخۆ دەگرێت، بەدیوێکدا جۆرێکە لە هونەرەکانی سەما، بەدیوەکەی تریشدا جۆرێکە لە دەرخستنی ڕەخنە و ئاماژەدان بەکەموکورتییەکان، مەبەستم ئەوە نییە هەموو ڕاپەکان دەخوازێ ڕەخنەئامێز بن، مەبەستم ئەوەیە بەزۆری ڕەخنە لە هونەری ڕاپدا بەرجەستە کراوە، بەهەردووک دیوەکەیشیدا لەگەڵ ئاین و بەتایبەتیش ئاینی ئیسلامدا هاوشان و کۆک نابن، ئەوەی ئێمەش تێبینیمان کردووە، هۆنراوەی ئاینی (مەبەستم ئاینی ئیسلامە) ئەگەر لەسەر هەر ڕیتمێک میلۆدیی بۆ بکرێت، بەهیچ جۆرێک لە جۆرەکان ناکەوێتە بەر سەما، واتە نەگونجانێکی ڕژد لە نێوان ئاینی ئیسلام و هونەری سەمادا ئامادەیی هەیە جا هەر جۆرێک بێت لە جۆرەکانی سەما.. ئەمە جیا لەوەی لە گۆرانیی ئاینیدا پێکەنین ناسازی دەنوێنێ کە دەبوو ئەمانە بەڕژدی لەلایەن لێژنەوە لەبەرچاو بگیرانایە.
بەدیوەکەی تریشدا خۆ ئەگەر ڕاپ پێوەستییەکی لەگەڵ دەرخستنی ڕەخنەدا هەبێت، ئەمەیان لە ئاینی ئیسلامدا کەمترین بواری هەیە، سروشت و بەرنامەی ئاین لە جێگیرەکانە و کەمترین بوار بۆ ڕەخنەگرتن دەهێڵێتەوە.. ئەی نەتانبینیوە کاتێک بچووکترین ڕەخنە لە ئاین دەگرین، زۆرترین ژمارەی ئیسلامی سیاسی لێمان قیت دەبنەوە و بەزەندیقمان دەچوێنن؟، بۆیە نەدەبوو ئەمە بەسەر دوو دەنگی بەڵێی لیژنەی بەڕێزدا بۆ (ئاکام)ی ڕاپەڕ تێپەڕێت، چونکە بەڕاست ئەوە داهێنانێک نەبوو (ئاکام) لە هونەری ڕاپدا کردی، بگرە داکشانێک بوو لەو هونەرەدا.
من بێئاگا نیم لە توانا هونەرییەکانی (زەهاوی سنجاوی) و ئەو هونەرمەندە لەلای ئێمە بەیەک لە کەسایەتییە جوانەکان لەنێو هونەرمەنداندا دێتە ژماردن، هاوکات (نەرمین کاوانی)ش لای ئێمە نامۆ نییە و بەیەک لە بوێرترین خاتوونە ئەکتەرەکانی شانۆ و درامای کوردی دێتە ژماردن، بەڵام ڕاستیتان دەوێ ئەوەی لە ناوەوەی ئەو ڕاپەی (ئاکام) گەیشت، تەنیا (زانا) بوو، بۆیە هەر لە سەرەتاوە وێڕای ڕوونکردنەوە و دەرخستنی هۆکارەکەی، دەنگی “نەخێر”ی پێ ڕەوا بینی، کەچی (ئاکام) لەلایەن (زەهاوی) و (کاوانی)یەوە هەڵکشایە سەرووتر.
دواتر مەبەستمە ئاماژە بەوەش بدەم کە هیچ مەرج نییە لەبەر ئەوەی هونەری ڕاپ لە سعوودیە یان هەر وڵاتێکی ئیسلامیی دیکەدا ئامادەیی هەیە، ئەمە لۆژیکیی ئەو هونەرە بگەیەنێت، چونکە شارەزایی لە بەرنامەکانی ئاینی ئیسلام هیچ پێوەندییەکی بەوڵاتی ئیسلامی یان هیچ پێگەیەکی دیکەی ئیسلامییەوە نییە، ئەوەی هەیە تەنیا بۆچوونی تاکەکانە.. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتریش دەڵێم کە دوور و نزیک خۆم بەکەسێکی باوەڕدار لە ئاینی ئیسلام و هیچ ئاینێکی دیکە نەزانیوە، ئەوەی لێرەشدا وەک وردە ڕەخنە و پێشنیاز دەیخەمە بەرچاوی ئەندامانی لیژنەی بەرنامەی “من جیاوازم” تەنیا لە سۆنگەی شارەزاییمە لە هونەری موزیک و گۆرانی.