له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌م بۆ بابه‌ته‌که‌ی به‌ڕێز زانا دڵشاد دزه‌یی به ناوی ( هه‌ڵکه‌وت زاهیر و شه‌ڕی دۆڕاوه‌کان )، جارێکی تریش نه‌متوانی بێده‌نگ بوه‌ستم له ئاست بابه‌تێکی ڕیکلام ئامێز. بابه‌ته‌که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه واقیع نییه و به خه‌یاڵ ده‌ست پێده‌کات وه به خه‌یاڵیش کۆتایی دێت. جا نازانم کاک زانا خه‌و ده‌بینێت یان هه‌ڵکه‌وت زاهیر ده‌یجوڵێنێت.
له نوسینه‌که‌ی به‌ڕێزیان هه‌رچی هونه‌رمه‌ندی به ئه‌زموون و به‌توانا هه‌یه به دۆڕاو له قه‌ڵه‌م ده‌دات به‌رامبه‌ر ناڕه‌زاییه‌کانیان له سه‌ر کاره‌کانی زاهیر. من خۆم جار جاره بابه‌تێکی ئاوا یان هه‌ر بابه‌تێکی شێوه‌ی ئه‌مه ویژدانم قبوولی نه‌کات ڕامده‌کێشێته مه‌یدانی نوسین.
من ڕۆژنامه‌نوس نیم وه‌ک چۆن کاک زاناش ڕاگه‌یاندنی ته‌واو نه‌کردووه، به‌ڵام با ئێمه له قاڵبی مه‌دح و سه‌نا و هاوڕێیه‌تی دوور بکه‌وینه‌وه و که‌مێک واقیع بین و گوێ له پسپۆرانی مۆسیقا بگرین که زانا له نوسینه‌که‌ی به ده‌نگبێژو جاهیل ناویان ده‌بات و به قوتابخانه‌که‌ی هه‌ڵکه‌وت زاهیریش داهێنه‌رو مامۆستا‌و نوێخواز. ئایا به‌ڕێز کاتێک ڕه‌خنه له به‌عه‌ره‌بیکردنی ئاوازی کوردی ده‌گیرێت ئه‌مه جه‌هاله‌ته ؟ ئایا کاتێک ئه‌م به‌ڕێزه‌ی به شان و باڵی دا هه‌ڵده‌ده‌یت) که دڵنیام به‌ڕێزیشتان وه‌ک من له بواری مۆسیقا جاهیلن ( کاتێک هه‌موو پره‌نسیپه‌کانی هونه‌ری بخاته ژێر پێی تا دژایه‌تی هه‌موان بکات بۆ ئه‌وه‌ی قوتابخانه‌که‌ی خۆی پێ ئاوه‌دان بکات که ئێوه‌مانان پێی ده‌ڵێن قوتابخانه و منیش و به‌شی هه‌ره زۆری کۆمه‌ڵگاکه‌ت ( جگه له‌م چه‌ند که‌سه‌ی گۆرانی بۆ هه‌ڵکه‌وت زاهیر ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ به‌ڕێزتان لێده‌رچێت ) پێی ده‌ڵێین نادی ؟ ئایا ئه‌مه گرێیه‌کی ده‌روونی نیه لای به‌ڕێزیان و به زۆر خۆسه‌پاندن نیه له‌م بواره ؟ من ده‌پرسم کێ مه‌یدانی کێی به‌رته‌سک کردووه ؟ هه‌ڵکه‌وت زاهیر به هێزی پاره و ده‌سه‌ڵات و به زۆر دوورخستنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان به فه‌رامۆشکردنیان و ڕاگرتنی به‌رهه‌مه‌کانیان له کۆڕه‌ک تیڤی که ئه‌و کات به‌ڕێزیان به‌ڕێوه‌به‌ر بوون یاخود ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ی که ڕاستی ده‌بێژن و پله‌ی مۆسیقامان بۆ شیده‌که‌نه‌وه ، باس له سه‌رچاوه‌ی ئاوازه‌کانی ده‌که‌ن که به دڵنیاییه‌وه هیچ ماندووبونێکی تیا نییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌مووی کۆپی پێسته و پێمان ده‌ڵێن هه‌ر میلله‌تێک خاوه‌نی مۆسیقای خۆی نه‌بوو ئه‌وا میلله‌تێکی وونه.
ئه‌مه چ قوتابخانه‌یه‌که ئاوازه‌کانی وه‌رگیراو بێت و تێکسته‌کانیش له ئاستدا نه‌بن و ئاخ و ئۆفی کچه‌کانی وا له به‌ڕێزتان بکات ئاوا قووڵ خه‌یاڵ بکه‌ن ؟ زۆرم پێخۆشه ئه‌م کچانه‌ی هه‌ڵکه‌وت زاهیر ڕۆژێک بێن تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی ده‌نگیان بۆ بکرێت له لای ئه‌م به‌ڕێزانه‌ی که ئێوه‌مانان به جاهیل ناویان ده‌به‌ن بزانم کامیان له ئهودیشن ده‌رده‌چێت ؟ کاک زانای به‌ڕێز پێده‌چێت له به‌رده‌م سپلیتی هه‌ڵکه‌وت زاهیر به ئاماده‌بوونی جوانکیله‌کانی ئه‌م بابه‌ته ڕیکلام ئامێزهتان نوسیبێته‌وه ؟ ئه‌گه‌ر به‌ڕێزتان گوێتان له ناسینه‌وه‌ی ئاوازه وه‌رگیراوه‌کاندا که‌مبیسته ئه‌وا تکا ده‌که‌م لێبگهڕێیت بۆ که‌سێکی پسپۆر شیکردنه‌وه بکات.
ئه‌گه‌ر پێشتان خۆش بێت ئه‌وه له ئاینده ئه‌م گۆرانیانه‌ی به‌ڕێزتان له قوتابخانه‌که‌ی هه‌ڵکه‌وت زاهیر شانازی پێوه ده‌که‌ن ئه‌وا من لێره سه‌رچاوه‌کانت بۆ ده‌خه‌مه ژێر ده‌ست و پێت ده‌ڵێم له کوێوه هاتوون !؟ نه‌مزانیوه قوتابخانه هه‌بووبێت ئاوازه‌کانی وهرگیراوبێت له عه‌ره‌بی، تێکسته‌کانی له خوار لاوازی بێت، کلیپه‌کانی ته‌قلیدکردنه‌وه‌ی کلیپه عه‌ره‌بیه‌کان بێت. ئه‌مه چۆن قوتابخانه‌یه‌که ئازیزم؟
لایه‌نێکی تریش هه‌ر حه‌زم کرد بیر به‌ڕێزتان بێنمه‌وه، له‌وانه‌یه من و تۆ لایه‌نگر و دژمان هه‌بێت، به‌ڵام با به‌یه‌که‌وه ڕووی پرسیاره‌که‌مان ئاراسته‌ی تۆمارگاکانی کوردستان بکه‌ین و لێیان بپرسین : له سه‌رجه‌م کاره‌کانی به‌ڕێز هه‌ڵکه‌وت زاهیر چه‌ند کاری سه‌رکه‌وتوو بووه و دووباره له چاپ دراوه‌ته‌وه ؟ وابزانم وه‌ڵامه‌که‌ی من و تۆ ده‌یزانین و با بۆ خه‌ڵکیش لێبگه‌ڕێین به دواداچوونی خۆیان بکه‌ن.
برای به‌ڕێز کاک زانا به‌رهه‌مه‌کانی ئیمپراتۆری خه‌یاڵ ( هه‌ڵکه‌وت زاهیر ) ته‌نها له هزری چه‌ند کچه کوردێکی ئه‌وروپا ئه‌وانه‌ی له‌ش و لاریان به‌سه‌ر ده‌نگیان زاڵه به‌رز ده‌نرخێنرێت ئه‌میش به هۆی نه‌زانینی ئه‌م ده‌سته‌یه‌یه له بواری هونه‌ر ئه‌گینا ئه‌مه هه‌ر بڵقی سه‌ر ئاو بوو، هات و به قسه‌کانی به‌ڕێزیشتان زیندوو نابێته‌وه.
ببووره ئه‌گه‌ر ووته‌کانم هه‌ندێک ڕه‌ق بن.