ئەم ساڵ سازدانی دوو رێورەسم زۆر دڵی خۆشکردم و بەکارێکی زۆر باش هاتە بەرچاوم، یەکێکیان دروست کردنی پەیکەرێک بۆ هونەرمەندی بەئەزموون مامۆستا (کەریم کابان) لەلایەن کۆمپانیای کۆرەک تیلکۆمەوە، کاتێک لەشاری سلێمانی پەردە لەسەر پەیکەرەکەی لادرا بەچاوی خۆی ئەو رۆژەی بینی کە پەیکەرێکی رێز لێنانی بۆ کراوە، پێم وایە ئەو پەیکەرە لەلای خودی هونەرمەند (کەریم کابان) لە زۆر خەڵاتی گران بەها گەورتر بووە.
رێورەسمی دووەمیش لە چەند رۆژی رابردوودا، هونەرمەندی بەتوانا و لێهاتووی بواری گۆرانی (عەدنان کەریم) لەلایەن سەنتەری هەناسە لەشاری سلێمانی، بەهاوکاری لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند دەزگایەکی دیکەی رۆشنبیری و هونەری خەڵات کرا.
پێم وایە ئەو خەڵاتە بۆ هونەرمەندێک، کە پتر لە (30) ساڵە خزمەتی هونەری گۆرانی میللەتەکەی دەکات، کارێکی پڕ بایەخ و لەجێگای خۆی بوو، دەست خۆشی بۆ بیرۆکەی ئەم کارەو رێکخەرانی ئەو مەراسیمە، خەڵات و رێزگرتن ئەگەر بۆ هونەرمەندانی وەک (عەدنان کەریم) هاوڕێ و هاوپیشە هونەرییەکانی ئەو لە بواری موزیک و گۆرانی کوردی نەبێت دەبێ بۆ کێ بێت باشە؟!.
من رێزم بۆ هەموو ئەو دەنگبێژ و هەموو ئەو هونەر کارانەی ئەمڕۆی گۆڕەپانی گۆرانی کوردیی هەیە، بەڵام لە ئێستادا راستیەک هەیە زۆربەمان بەچاکی هەستی پێدەکەین، ئەویش ئەوەیە ئەگەر بۆن و بەرامێکی کوردانەی گۆرانی و رەسنایەتی مابێ لە گۆرانی دا لای ئەو هونەرمەندانەیە کە ژمارەیان لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناکات!!، لەناو ئەو هەموو گۆرانییە بێسەرو بەرە، لە نێوان ئەو شەپۆڵە بەناو گۆرانیبێژانەی کە ئەمڕۆ دەڵێن هونەرمەندین و خەریکی گۆرانی گوتنن، بەڕاستی دەبێ چاوڕێی ئەو چینە دەگانەی وەک (عەدنان کەریم) و چەند هونەرمەندێکی دیکە بکەین، ئەگەر ناوە ناوە لە رێگەی ئەلبومێکی گۆرانییەوە تاسەی گوێبیست بوونی گۆرانیمان بۆ بشکێنن، هەروەک (عەدنان کەریم)ـی هونەرمەند لەکاتی رێوسەمەکەدا ئاماژەی بۆ کرد و گوتی (من لەبەرهەم هێنانی هەر گۆرانییەکمدا، لەدانان و دروست کردنی هەر گۆرانییەکدا حیاسبم بۆ وڵاتەکەم و میللەتەکەم کردووە، هەمیشە ئاگاداری ئەوە بووم بە چ جۆرێک کار بکەم لە چوار چێوەی کەللتووری وڵاتەکەمدا دەرنەچم)، ئافەرین بۆ هونەرمەندێک ئەوەندە بەخەم کەللتور و رەسانەیەتی میللەتەکەی خۆیەوە بێت، ئاخر بەڕاستی ئەو هونەرمەندانە تێگەیشتوون ئەگەر هونەرێک، گۆرانییەک بۆ میللەتەکەت نەبێ بۆ کێەر و کێ گوێت لێ ردەگرێت و پێشوازیت لێدەکات؟؟!!.
هونەرمەندانی وەک (عەدنان کەریم) چاک تێگەیشتوون هونەر چیە پەیامەکەی چی لەخۆی گرتووە، هەروەها باش دەزانن ئەمڕۆ لەهەموو دونیادا هونەر بۆتە ناسنامە و گەلان پێناسەی خۆیانی پێدەکەن.
رێزگرتن و خەڵاتەکەی هونەرمەند (عەدنان کەریم) لەو کاتەدا جێگای دڵخۆشییە بۆ جەماوەرەکەی و خودی هونەرمەندیش، چونکە هەستێکی جوانە لەو کاتەی مرۆڤ لە بوارێکدا خزمەت بەمیللەتەکەی خۆی دەکات و پاشان لەنێو باوەشی ئەو میللەتە و خاکەی لێی ژیاوە، پاداشتی ماندوو بوونەکەی بەمەدالیایەک یاخوود بڕوانامەیەک پێش کەشی دەکەن.
ئەو قسانەی لە بەشێکی دیکەی رێورەسمی بەڕێوەچوونی خەڵات بەخشینەکەی دا بۆ ئامادەبووان کردی، (عەدنان کەریم) بەقوڕگی پڕ لەگریانی شادی و کامەرانی و سەرکەوتنەوە درکاندنی و گوتی (ئێستاکە لەو کات و ساتەدا ناتوانم چۆن پێناسەی ئەو ساتە بکەم، کە خۆمی تێدا دەبینمەوە و گریان تا هەنسکم هاتووە) ئیتر هەموو هونەرمەندێک جا لەهەر بوارێکدا بێت، کاتێک بینی بەچاوی رێزەوە سەیری دەکرێت و بە بایەخەوە سەیری هونەرەکەی دەکرێت، ئیتر نەهەست بەماندوو بوون دەکات، نە ئەو هەستەی لەلا دروست دەبێت کە ئەو تەمەنەی بە فیرۆ نەچووە لەگەڵ ئەو هونەرەی کاری بۆ کردووە.
هونەرمەندێک کە (30) ساڵ تەمەنی خۆی دابێت بە هونەرەکەی وابزانم تەمەنێکی کەم نیە، چونکە پڕ بایەخ ترین و جوانترین کایە لەلای مرۆڤ (تەمەن)ـە، وابزانم ئەگەر هەر کارێک یاخوود هەر عەشقێک مرۆڤ بەتەمەن خزمەتی کرد و بەرەو پیرەوە چوو، ئەو کارە لەهەموو شتێک لەلای خۆشەویستر و جوانترە دەبێت، بە ئومێدی سەرکەوتنەوە لێی دەڕوانی.
(عەدن کەریم) ئەو تەمەنەی بە هونەرکەی بەخشیووە، راستە تەمەنێکی زۆرە، بەڵام ئەو خەرمانە گۆرانییەی کە پێش کەشی کۆڕی گۆرانی کوردیی کردووە، رێژەیەکی کەم نیە و هەموو گۆرانییەکانیش ئێستاکە هەر بەزیندووی ماونەتەوە لەناو جەماوەردا، ئیتر من لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هونەرمەند (عەدنان کەریم) دەکەم، ئومێد دەکەم دەزگا پەیوەندی دارەکان ئاوا لەکاتی ئامادەبوونی هونەرمەندەکان خۆیان و تاماون لە ژیان رێزیان لێ بگیرێت، نەک لەدوای ماڵئاوییان لە دونیادا ئینجا بیر لەوە بکەنەوە رێزیان لێبگیرێت و مەراسیم و چلەی ماتەمینی گەورەیان بۆ رێک بخەن.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا