وشیار ئەحمەد ئەسوەد : وێڕای ئەوەی یەکێک بووم لەوانەی لە سەرەتای هەوڵەکانەوە بۆ یەکگرتنەوەی سەندیکا و یەکێتیی هونەرمەندانی کوردستان وەک سەرۆکی لقی کەرکووکی سەندیکا بەشدار بووم، بەپێی دیکۆمێنتەکانیش کە لە ڕێکخراوی هونەرمەندانی کوردستاندا پارێزراون (ئەگەر دەستکاری نەکرێن) لە زۆربەی مەحزەری کۆبوونەوەکانی ئەوکاتدا ئیمزای منیشی بەسەرەوەیە، بەڵام هیچ کاتێک بەجۆری یەکگرتنەوەکە ئاسوودە نەبووم و هەمیشە کێشەم لەگەڵ پیرەکانی ئەو ڕێکخراوەدا هەبووە،
بەپێی ئەو ئەرشیفەش کە لەبەردەستی خۆمدایە، لەگەڵ یەکگرتنەوەی سەندیکا و یەکێتیی هونەرمەندان لە 2006دا، لە دیمانەیەکدا ئاماژەم بەوە کردووە کە یەکگرتنەوەکە بەسیکۆتینێکی ستۆکە و هاوکات لە هەژموونی حزبەکان نەترازاوە، ئەمەش بەو واتایەی هەردوو ڕێکخراوەکەی یەکێتی و سەندیکا ناکەونە دەرەوەی دوو حزبە باڵادەستەکەوە، ئەمەش بەو واتایە دێت ئەگەر لە هەر ساتێکدا قابیلی هەڵوەشانەوەش نەبێت، بەڵام لە هیچ دەمێکدا ناکەوێتە دەرەوەی کێشەکانەوە، ئەم بۆچوونانەی من کێشەگەلێکی بۆ دروست کردم، چونکە سەرانی یەکەم و دووەمی ڕێکخراوەکە هەمیشە ویستوویانە ڕای گشتی لەنێو هونەرمەنداندا بەوە چەواشە بکەن کە خۆیان و ڕێکخراوەکە ناکەونە بەر هەژموونی حزبەکانەوە.. بەڵام ئەم بەڵگەیەی کە مەبەستمە لەم نووسینەمدا ئاشکرای بکەم، وێڕای کۆمەڵێک بەڵگە و دیکۆمێنتی تر، دەیسەلمێنن کە ڕێکخراوەکە لە ورد و درشتدا بەبێ هەناسەی حزبەکان هەناسەبڕ دەبێت، بەتایبەتیش کە بەڵگەکە پێوەستە بەستافی یەکێتی هونەرمەندانی کوردستانەوە، چونکە بڕوا ناکەم هیچ کەسێک هێندەی کاک فەرەیدوون دارتاشی سەرۆکی پێشووی یەکێتی هونەرمەندان خۆی بەبێلایەن دەرخستبێت.
ڕاستە من لە 2007ەوە خۆم لە سەرئێشەی ئەو ڕێکخراوە دوور خستووەتەوە، بەڵام هیچ کاتێکیش لە ڕووداو و هەواڵەکانی بێئاگا نەبووم، هۆکارەکەیشی ئەوەیە ئارەقەم پێوە ڕشتووە و خۆم بەخاوەنی دەزانم، کەواتە لەلایەک بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتیی هونەرمەندان و سەلماندنی بۆچوونەکانی پێشترم، لەلایەکی تریشەوە وەک دڵسۆزێک بۆ هونەرمەندان و دۆخە هونەرییەکە کە پێم وا نییە هیچ یەکێک لەوانەی لە نزیکەوە دەمناسن یان کاریان لە تەکمدا کردووە نکۆڵی لەو ڕاستییە بکەن، بۆیە جێی خۆیەتی لە ئێستەدا کە سەروبەندی کۆنگرەی ڕێکخراوەکەیە (ئەگەر دیسان پێچاوپێچی بۆ نەکرێت) یەک لە بەڵگەکان بخەینە ڕوو.
کاتێک ڕێکخراوی هونەرمەندان بەهۆی پۆلێنکردنی هونەرمەند و ناهونەرمەند تووشی بۆچوونی جیاواز دەبن، پێموانییە ئەمە کێشەیەکی ئەوەندە گەورە بێت پێویست بەئاڵۆزکردن بکات و بۆ چارەسەرکردنیشی هانا بۆ حزبەکان ببرێت، ئەمە یەک لە وردە کێشەکانە، بەڵام کاتێک دەبنە هۆی کێشەگەلێک و بەهەر هۆکارێک بێت خۆیان لە چارەسەرکردنیان گێل دەکەن، ئەوانیش بەڕاست هانا بۆ حزبەکان دەبەن، ئیدی چی بۆ کەسایەتیی مەعنەویی ڕێکخراوەکە دەمێنێتەوە شانازیی پێوە بکەن؟!
ئەوان بەهۆی کارە کارکێڕییەکانەوەیە ناگەنە یەک و کێشە دروست دەکەن، ئاخر بەیەکنەگەیشتن لەکاری کارگێڕی چ پێوەندییەکی بەحزبەوە هەیە تا نووسراو بۆ حزب بکرێت بەهانایانەوە بچێت، ئەگەر ڕێکخراوەکە دروست لەژێر هەژموونی حزبەکاندا نەبێت؟!
ئەوەتا کاتێک هەردوو ستافی سەندیکا و یەکێتیی هونەرمەندان لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا ناگەنە یەک، ستافی یەکێتیی هونەرمەندان هانا بۆ حزبەکان دەبەن و نووسراویان بۆ دەکەن بێ ئەوەی بیر لە نووسراو بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری یان هەر لایەنێکی تری حکوومەتی بکەنەوە و سڵاوی هونەر بۆ حزبەکان دەنێرن.
لە مێژووی 5/7/2010دا ستافی یەکێتیی هونەرمەندانی ڕێکخراوەکە بەهۆی کێشەکانیان بۆ بەستنی کۆنگرە، نووسراوێک بەئیمزای 8 ئەندامی ئەنجوومەنی باڵا ئاراستەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی دەکەن، هاوکات وێنەیەکی نووسراوەکەیان بۆ مەکتەبی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی پارتی و مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی یەکێتی دەنێرن.. بەپێی ئەو خاڵانەی لە نووسراوەکەیاندا دیارییان کردووە، کێشەکە لە نێوان هەردوو ستافدایە نەک کێشەیەکی گشتیی هونەرمەندان و ڕێکخراوەکە، بۆیە دەبینین تەنیا ئەو 8 کەسە ئیمزایان کردووە کە لە ستافی یەکێتیی هونەرمەندانن، ئەوانیش پێکهاتوون لە (فەرەیدوون دارتاش- جیهاد دڵپاک- عەلی جۆڵا- ئەنوەر قەرەداغی- ئاری بابان-جەمال موشیر- هیوا رەئووف-نیاز نووری)، بەڵام بەپێی نووسراوەکە خۆی، وا دەردەخرێت کە ستافی سەندیکا دروستکاری کێشەکەن و ستافەکەی دیکە هانا بۆ دوو حزبەکە دەبەن تا کێشە کارگێڕییەکانیان چارەسەر بکات.. هەر لە دەستپێکی نووسراوەکەشیاندا بەموزایەدەیەکی سەیر و بێسەربەر دەستیان پێکردووە کە دەڵێن “وەک هەموو لایەک ئاگادارە کە ئێمە بووین دەستپێشخەر بووین بۆ یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی هونەرمەندان و ماوەی 4 ساڵ گفتوگۆی بەردەواممان کرد تا کۆنگرەی یەکبوونمان ساز کرد”، وەک ئەوەی لایەنی بەرامبەریان کە سەندیکایە هیچ ڕۆڵێکی لەو یەکگرتنەوەیەدا نەبووبێت و بەبێ ویستی خۆیان بەسەریاندا فەڕز کرابێ، ئەگەرچی ئەمەیان دەبوو ستافی سەندیکا ڕوونکردنەوەی لەبارەوە بدایە.
ئەوان لە نووسراوەکەدا دەڵێن “بەهۆی چەند کێشەیەک کە دروست کراوە و ڕێگرە لە بەردەم بەرەوپێشچوونی کارەکانی لیژنەی باڵای ئامادەکاری کرنگرە و دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕێکخراوەکەدا نەگەیشتینە ئەنجام و لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی هونەرمەندان و چیتر دوانەکەوتنی کۆنگرە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بەگیانێکی لە خۆبوردەییەوە کە لە خزمەتی بەرژەوەندیی هونەرمەنداندا بێت، پێشنیاز دەکەین هەنگاوی فعلی و عەمەلی بنرێت بۆ..” لێرەدا خاڵەکان دەستنیشان دەکەن.
ستافی یەکێتیی هونەرمەندان لە دەستنیشانکردنی خاڵەکاندا بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان پێشکەش دەکەن کە حزبیبوونیان دەسەلمێنێ، ئەویش لەبەر ئەوەی تەواوی خاڵەکان کێشەی کارگێڕین و هیچ پێوەندییەکیان بەکاری حزبەکانەوە نییە.. 5 خاڵ لە نووسراوەکەدا هاتوون ئەوانیش:
* پابەندبوون بەڕێککەوتننامەکان و بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرە و پەیڕەوی ناوخۆ و جێبەجیچکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵا.
* جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیەی لە 24/12/2009دا بەئاگاداری هەردوو مەکتەبی رێکخراوە جەماوەرییەکانی (پ د ک) و مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی (ی ن ک) ئیمزا کراوە و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕێکخراودا پەسەند کراوە.
* چارەسەری کێشەی ئەو ناوانەی کە لەلایەن لیژنەی باڵای ئامادەکاری کۆنگرەوە دەستنیشان کراوە کە لە سجلی سکرتاریەتدا بڕیاریان نییە و فەرمانیان بۆ دەرکراوە بۆ ئەوەی ئەندامی کارا بەشداریی کۆنفرانسەکان بکات.
* پەسەندکردنی ئەو ناوانەی کە لەلایەن لیژنە چوار کەسییەکەوە بینراوە و لەلایەن هەردوو مەکتەبی بەڕێزەوە و ئەنجوومەنی باڵاوە پەسەن کراوە. (ئەمەیان ئەوە دەگەیەنێت تەنانەت ناوەکانیش بەڕەزامەندیی حزبەکان پەسەند کراون).
* جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە لە ئەنجوومەنی باڵا دراوە سەبارەت بەو ناوانەی کە ئەندامن لە (نیقابەی هاوشێوە)دا.
لە کۆتاییدا ستافی یەکێتی دەڵێن “خوازیارین ئەم پێشنیارانەمان زوو پەسەند بکرێت بۆ ئەوەی کارەکانی بەستنی کۆنگرەی هونەرمەندان بەڕێکوپێکی بەپێی پرەنسیپەکانی ڕێکخراوەیی بەڕێوە بچێت و کۆنگرە بەزوویی ببەسترێت.. بەپێچەوانەوە ئێمە بەرپرسیار نابین لە بەردەم هونەرمەندان و ڕای گشتی لە دواکەوتنی کۆنگرە”.
هەموو ئەمانە بەڵگەی زیندوون کە ئەو ڕێکخراوە تا چەند هونەرمەندانی کوردستانی چەواشە کردووە، هاوکات بەڵگەن لەوەی کە ڕێکخراوەکە نوێنەری ڕاستینەی هونەرمەندانی کوردستان نییە، بگرە بەدروستی نوێنەری دوو حزبە باڵادەستەکەی کوردستانە.. بێگومان منیش لەوە پتر بەڵگە و دیکۆمێنتی چەواشەکارییەکانی ئەو ڕێکخراوەم لە بەردەستدایە، بۆ ئەمەیشیان چاوەڕوانی بەستنی کۆنگرەی دووەمیان دەکەم تا لەو سەروبەندەدا نیشانەکان بپێکین و دیسان گومانم نییە لەوەی هۆڵی کۆنگرە ئەو گەواهییە دەدات، لەبەر ئەوەی وەک کۆنگرەکەی یەکێتیی نووسەران، ڕێکخراوی هونەرمەندانیش خاڵی نابێت لە لیستی دەسەڵات، بۆیە هەڵبژاردنی کات و شوێن بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان بەبەڵگەوە، تەنیا کاتی بەستن و هۆڵی کۆنگرەیە.