کەریم سمکۆ : لەگەڵ بیستنى هەواڵى تەواو بوونى سێدێیەکەى کاکە زیاد خەریک بوو باڵە فڕکە بکەم و بچم بە ئاسماندا، وەکو باڵندەیەک عەجمینم نەبوو لەو چڵ بۆ ئەو چڵ و هەردەمەى بە ئاوازێک دەمخوێند، ئاخر ناحەقم مەگرن، چ هەواڵێک بەو چەشنە دڵخۆشمان دەکات لەکاتێکدا هەموو کوردێک، هەموو گەنج و لاوێک، هەموو هەوادارانى دەنگە ناسکەکەى کاکە زیاد کە من بە مەلیکى گۆرانى کوردیم داناوە چاوەڕێى دەرکەوتن و بیستنى هەواڵێکى ئەون.
ساڵێک بەر لە ئێستا لە وتارێکمدا بەناوى( مەلیکى گۆرانى کوردى لەبیر مەکەن) لە وێبسایتەکانمدا بڵاوم کردەوە، کە چەندین گلەییم لە دەستەڵاتى کوردى و بەتایبەتى لایەنە پەیوەندیدارەکانى تایبەت بە هونەر و گۆرانى کردبوو بەوەى کە هونەرمەندێکى وەک کاکە زیادیان پشتگوێ خستووە، هەرچەندە ئێستاش هەروایە و وەک لە بڵاڤوکەکانیش بەرچاوم کەوتووە کەرتى تایبەت بڵاو کردنەوەکەى سێدێکەى گرتۆتە ئەستۆ، بەڵام ئەمجارە دڵى هەوادارانى بردەوە مەملەکەتى عیشق و وەفادارى و گەڕانەوە بۆ وشە ناسک و ئاوازە هەست بزوێنەکانى خۆشەویستى و قوربانیدان بە دڵ و دەروون.
بۆ ئەوەى هەمیشە بیر لە خۆشەویستى راستەقینە بکەینەوە لەگەڵ میلۆدیەکانیدا گوزەرێک بەنێو خەیاڵى خۆماندا رۆچین و رک و یەقین دوورخەینەوە و بە وشەى بەرائەت چوارچێوەى ناخ دابپۆشین لە ئێستاوە خۆمان ساز کردووە بۆ ئەم سوێندەى هونەرمەندى دوورە وڵات.
هەرچەندە کاکە زیاد ئەسعەد هەرگیز لێمان دانەبڕاوە، ئەو هەمیشە بە هەست و هەردەم بەگوێرەى تواناى خۆى گوێچکەمانى خۆش کردووە ئەگەر بە یەک تێکست و ئاوازیش بێت، وەلێ خۆشبەختانە ئەمجارە بە سێدێیەکى لەوانەیە زیاتر 8 تراکى بێت، کە بێگومان دەنگدانەوەیەکى یەجگار زۆر دەداتەوە لەنێو هەموو چین و توێژەکانى کورد لە هەموو دونیا، هاتەوە باوەشمان و تەمەن بوار بدات گوێچکەمان لەو جەنجاڵى و ئاوازە نەشازانەى هەندێک لە گۆرانیبێژانى نوکەى مەیدانى هونەرى کوردى پاک دەکەینەوە لەگەڵ ئاوازە ناسک و تێکستە بێوێنەکانى کاکە زیاد دەچینەوە بەهەشتى کامەرانى و لە مەملەکەتى عیشقدا دەبینەوە سوتاوى یارە رەشئەسمەرە خوێن شیرینەکەو خۆشەویستى دەکەینەوە توێشووى ژیان.
هەرچەند لە ماهیەت و گەورەیى گۆرانیەکانى کاکە زیادى ئازیز بدوێم هەر دەچینەوە سەر مشتێک لە خەروارێک. ئەو سەردەمانێک گۆرانى دەگوت کە هەندێک لەوانەى ئێستا کەسیان شتێکیان دەربارەى هونەرى گۆرانى کوردى نەدەزانى و ئاشنایەتیان لەگەڵ هونەردا نەبوو، لەو ماوەیە بێدەنگیەشیدا هەموومان چاوەڕێى رۆژێکى ئەوها بووین کە کاکە زیاد قەت ئێمە لەیاد ناکات، دەکرێ ئەم بێدەنگیەى کاکە زیادیش لە رابردوودا بەشى زۆرى دەستنەگرتنى لایەنە پەیوەندیدارەکان بێت بۆ رایى کردنى کارەکانى هونەرى خۆى، چونکە حکومەتەکەى خۆمان ئەوەندەى پارە لە هونەرمەندان و تەواو کردنى سێدێیەکان و بەرهەمەکانیان خەرج دەکات ئەوەندە لەخەمى ئەوانەدا نیە کە رۆژێک خزمەتى هونەرى کوردیان کردووە بە گیرفانى خۆیان، بڵاو کراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان و بگرە هاوڵاتیان و چینى دیارى کۆمەڵگاش بەم بێدەنگیەش نەوەستاون بگرە زۆرجاریش قسەى نەشیاویان بۆ کاکە زیاد هەڵبەسوون، وەکو هەندێک لە بڵاو کراوەکان کاکە زیادیان بە نهێنى هێنایەوە هەولێر و هەندێک بە شێت ناویان دەبرد و هەندێکیش لە خەڵکان بە دوژمندار و هەندێکیش بە قەرزدارى..قسەیان لەبارەیەوە دەکرد، نازانم چەندان بوختانى بێ بنەما(بەراستى پێکەنینم بەم شتانە دەهات)، بێگومان ئەمانەش بۆ لەکەدارکردنى ئەم هونەرمەندە ئازیزەیان بوو، بەڵام خۆشبەختانە بوختانەکانیان سەرى نەگرت و هەوادارانى کاکە زیادیش بەم قسە نابەجێیانەى بۆیان هەڵبەستبوون تۆزقاڵێک لەو خۆشەویستەی و موحیببەتەى بەرامبەر بە کاکە زیادیان کەم نەکرد، بەڵکو رۆژێک بێدەنگى ئەم ئازیزە خۆشەویستى و عیشق بۆ کارەکانى و ئاوازە خۆشەکانى هەوادارانى زیاتر بەجۆشتر دەکرد بۆ گوێگرتن لە گۆرانیەکانى رابردووى. وەلەهەمان کاتیشدا جاربەجار لەرێگاى ئینتەرنێتەوە گوێبیستى نوێترین ئەو ئاوازانەى دەبوین کە کاکە زیاد بۆ هونەرمەندەکانى دیکە دایدەنان، لێرەوە چاوەڕوان دەکرێت ئەم بەرهەمەى کاکە زیاد کە بڕیارە لەماوەیەکى نزیکدا بڵاو بکرێتەوە دەنگدانەوەیەکى زۆر بداتەوە لەنێو مەیدانى هونەرى و گۆرانى کوردى لە ئێستادا. ئەو بەرهەمەى کە بە ناوى (سوێند) ەو هەردوو کۆمپانیاکانى بڵاوکردنەوەى(بلو ترادەکش و مێ ڤیژن ) ئەرکى کڕین و بڵاو کردنەوەیان گرتۆتە ئەستۆ بە بەرزترین نرخیان کڕیوە و بەهاترین نرخیش تاکو ئێستا لە نێو بەرهەمە سێدێیەکانى هونەرمەندانى کورد بڵاو کرابێتەوە بەرهەمەکەى کاکە زیادە. کە بە کەمتر لە 100 هەزار دۆلار کڕاوە. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت کە کارەکانى کاکە زیاد و هەوادارەکانى دەنگى مەلیکى گۆرانى کوردى ئامادەگى ئەوەیان تیایە کە بەبەرزترین نرخیش بێت سێدێیەکەى بکڕن و دوور بێت لە کۆپى کردن. سەرەڕاى ئەم موفاجەئە لەناکاوەشدا ئەوەى هەموومانیشى دڵشاد و خۆشنوود کردووە بڕیارى گەشتەکەیەتى بۆ کوردستان و شادبوونەوەیەتى بەو هەوادارانەى چەندین ساڵە لە دوورى ئەو حەوداڵ بوونە و بۆ بینینێکى ئەو و کۆنسێرتێکى کاکە زیادى خۆشتڤى لە شارەکانى کوردستان خەریکە وەک من باڵ دەگرن بە ئاسماندا. لێرەوە تاکە تاکەى کوردەکان چرکە بە چرکەى کاتەکانیان دەژمێرن تاکو بەرهەمەکەى کاکە زیاد دەکەوێتە بەر گوێچکەیان و سیماى ئەم هونەرمەندەش بە کوردستان شاد دەبێتەوە و هەوادارانى کاکە زیادیش بە بینینى شاد دەبنەوە.
کەریم سمکۆ
Kerim_smko@yahoo.com