وشیار ئەحمەد ئەسوەد : ئەزموونی ئەوەندە ساڵەی کارکردنمان لە بوارەکە فێری کردووین ئاسان هەڵکشان و داکشانەکان بخوێنینەوە، بۆ قسەکردنیش لەسەر ئەو داکشانەی ئێستای میلۆدیی کوردیی گرتووەتەوە، دنیایەک نموونەمان لەبەردەستن.. ڕەنگە بەهۆی جیقڵدانەتەنگیی هونەرمەندانی کورد و بەتایبەتیش هونەرمەندانی بواری موزیک و گۆرانی، ئاماژەدان بەتوانا نەرێنییەکان کێشەگەلێکیان بەدواوە بێت، زۆرن ئەوانەی لە بوارەکەدا خۆ بەمامۆستا دەزانن و کەچی کەتوارەکەیش پێمان دەڵێت ئەوان تەنیا خەوشیان لە هونەرەکەدا دروست کردووە، بۆیە ئەگەر بۆ داکشانەکە پێویستیمان بەنموونەیش بێت، هەوڵ دەدەین بەسەبری پێ دابگرین.
بەپێی میلۆدییەکانی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان کە گۆرانیی کوردی خۆی لە مەزهەب و کۆپلەدا دەبینییەوە، دنیایەک نموونەمان لەبەردەستن کە هاوشێوەی زۆرینەی گۆرانییەکانی ئەم قۆناخەی ئێستان، بۆیە من دەڵێم ئەگەر بەدروستی بکەوینە بەراوردەوە، دەکرێ کۆتایی ساڵانی هەشتاکان تا 2005یش بەقۆناخی زێڕینی گۆرانیی کوردیی سەردەم بچوێنین، ئەویش لەو چەمکەدا کە میلۆدییەکان ئاستەکانی پێشتریان لەو ماوە دیاریکراوەدا تێپەڕاند، بێگومان ئەمە نەک تەنیا گۆرانیی کوردی، بگرە میلۆدیی تەواوی میللەتانی ڕۆژهەڵاتی گرتووەتەوە، بەتایبەتیش ئەوانەی بەردەستن و پتر کاریگەرییان لەسەر ئێمە دەردەکەوێت، وەک فارس و تورک و عەرەب.. خۆ ئەگەر ئەمەشیان پێوەست بکرێت بەچەرخی خێرا و کاریگەرییەکانی لەسەر جۆری میلۆدییەکان، نموونەی دیکەمان لەبەردەستن پێچەوانەکەی دەسەلمێنن، چونکە وێڕای ئەوەی ئێمە لێرەدا باسی داکشانەکە دەکەین، هاوکات دەهێنێ لە گۆرانیی کوردی و میلۆدییە کوردییەکاندا چەند ناوێک بەنموونە وەربگرین کە داکشانەکە ڕووی لە بەرهەمەکانی ئەوان یاخۆ ئەقڵی هونەریی ئەوان نەکردووە، وەک (دیاری قەرەداغی) و (ماهیر محەمەد ئەمین) و تا ڕادەیەک میلۆدییە بڵاو نەکراوەکانی هونەرمەندی لاو (وەلید مەزهەر)یش، بێگومان ناوێلێکی تریش هەن ناکەونە ئەو بۆتەیەوە.
ئەگەر تەنیا (بەهجەت یەحیا) بەنموونە وەربگرین و بگەڕێینەوە سەر ئەو میلۆدییانەی لە کۆتایی هەشتاکان تا ناوەڕاستی نەوەدەکان کاری لەسەریان دەکرد، هاوکات بەراوردیان بکەین لەگەڵ ئەو میلۆدییانەی دوای ئەو زەمەنە و تا ئێستایش کاریان لەسەر دەکات، گومان نییە لەوەی داکشانەکە ئاشکرا دەبینین، بۆیە ئەوە بەڕوونی دیارە لەو قۆناخەی پێشتردا (بەهجەت) یەک لە ناوە هەرە دیارەکانی گۆرانیی کوردی بوو و وەک داهێنەرێکی ئەو بوارە قسەی لەسەر دەکرا، بەڵام لە تاکە گۆرانییەکی ئێستایدا نەیتوانیوە ڕایەک دروست بکات یان بکەوێتە بەر قسەوباسەوە و وەک داهێنان بکەوێتە بەر ئاماژەوە، کەواتە لە داهێنانەکانی (بەهجەت)یشدا شتێک شک نابەین جگە لە “سۆزی شەوێک” و “کە شەو دادێ” و “سووتماک” و ئەوانی دیکە.
ئەمە نەک تەنیا (بەهجەت)، بگرە ئاریشەکە هونەرمەندە باڵاکانی دیکەیشی گرتووەتەوە، بۆ نموونەی پتریش دەتوانین (عەدنان کەریم) وەربگرین، ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین، تا ئێستا شک نابەین (عەدنان) گۆرانیی “هاوسەرە ئازیزەکەم”ی تێپەڕاندبێت، ئەمەیان لەڕووی ئەستەمیی میلۆدییەکان نەک تەنیا سۆز لە میلۆدیدا، ئەگەرچی (عەدنان) خۆی لە ستایلێکی دیکەدا دۆزیوەتەوە و کاری لەسەر دەکات، ئەویش کارکردنە لە ئاوێتەکردنی کلاسیک و موزیکی هاوچەرخ، ئەو کلاسیکەکان جوان دەکاتەوە، ڕەنگە ئەمەیان خاڵی بەهێزی (عەدنان) بێت، بۆیە تا ئێستایش خۆی بەزیندوویی هێشتووەتەوە.
میلۆدیی هاوچەرخ و سادە و باوەکان تەنیا لەوێدا جودا ناکرێنەوە کە ئێمە لە سۆزەکاندا گوێبیستیان دەبین، بگرە پتر کارکردنە لەسەر ئۆکتافەکانی موزیک، لەوێدا هونەرمەندێک بەیارییە دەنگییەکانی گەمەی چینە دەنگییەکان لە ئۆکتافەکاندا دەکات، بۆ نموونە لە یارییە دەنگییەکاندا هونەرمەندی لاو (میرا) یەک لە دەنگە بەتواناکانە، بەڵام تا ئێستا ئەو دەنگە لە میلۆدییەکی پڕ لە پێچاوپێچدا بەرجەستە نەکراوە تا بەئارەزووی خۆی ئەو یارییە هونەرییانە بکات، کەواتە کێشەی ئێمە پتر لە جۆر و سادەیی میلۆدییەکانە نەک تەنیا دەنگەکان.
من چەند گۆرانییەکی بڵاونەکراوەی هونەرمەندی لاو (وەلید مەزهەر)م گوێ لێ بووە کە لانیکەم لای خۆم بەزیندووترین نموونەی گۆرانیی نوێی کوردی وەریان دەگرم، ئەمە نەک بەو واتایەی کەموکوڕی لەو میلۆدییانەدا شک نەبرێ، بگرە پتر لە جۆری میلۆدی و یارییەکانە لە دەنگی (وەلید) خۆی، هاوکات ئەو میلۆدییانە لەگەڵ هەموو دەنگێکدا هاوشان ناوەستن، چونکە دەنگی پەروەردەنەکراو ناتوانێ خۆی لە قەرەی هەموو میلۆدییەک بدات، دەنگی ناکامڵ بەفرتوفێڵەکانی کۆمپیوتەر و میکسیش ناتوانێ ئەو گەمە دەنگییانە بکات کە میلۆدییەکە دەیخوازێت.. کەواتە کێشەی ئێمە لە جۆری میلۆدییەکانە نەک تەنیا دەنگەکان، بۆ دەنگی کامڵ و ناکامڵ، یان پەروەردەکراو و پەروەردەنەکراو، دەکرێ بیخەینە بەر بابەتێکی دیکەی جیا لەوەی ئێستا مەبەستمانە لەبارەیەوە بدوێین.
میلۆدیی نوێی کوردی زۆرن، هەندێکیشیان لە ئاستێکدا شیاوی ستایشن، بمانەوێ و نەمانەوێ ئێستا ڕەوتەکە گۆڕانێکی تا ڕادەیەک بنچینەیی بەخۆوە بینیوە، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە تەنانەت زۆربەی میلۆدییە باشەکانیش لە ئێستادا بەزوویی ئاوا دەبن، هۆکارە ڕاستینەکەیشی ئەوەیە کاری نەمریان بۆ نەکراوە، نەمر نەک بەو واتایەی بکرێنە نموونەی گۆرانییەکانی (عەلی مەردان( و (تاهیر تۆفیق) و ئەوانی تر، بگرە بەوەی لە موزیکی هاوچەرخی کوردیدا بتوێنەوە و شێوازێکمان لە یارییە دەنگییەکان پێشان بدەن.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، ئەمانە تەنیا ئاریشەی میلۆدیی کوردیی ئێستا نین، بگرە گۆرانییە عەرەبی و تورکی و فارسییەکانیش کەوتوونەتە هەمان ئاریشەوە.. ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە گەنجە عەرەبەکانی عێراق گۆرانی دەڵێن و ڕۆژانەیش میلۆدیی نوێمان لەلایەن ئەوانەوە گوێ لێ دەبێت، بەڵام عەرەبی عێراق چەند (کازم ساهیر)یان دروست کردووە کە وەرچەرخانێکی جۆریی لە گۆرانیی عەرەبیی عێراقیدا دروست کرد؟.
بەڕاست کامتان دەتوانن پێم بڵێن چەند میلۆدیی فارسیی گۆرانیبێژە گەنجە فارسەکانتان گوێ لێ دەبێت بکەونە ئاستی میلۆدییەکانی (داریوش) و (ستار) و (موعینی ئەسفەهانی)؟ چەند دەنگی تورک هەن بتوانن میلۆدییەکانیان لەگەڵ میلۆدییەکانی (زەکی موران) و (ئۆرهان گەنج ئەبای) و ئەوانی تر بخەنە بەراوردەوە.. دنیایەک نموونەی دیکەیشمان لەبەردەستن، بەڵام ئایا نووسەری کورد تا چەند دەوێرێت ڕاستەوخۆ ناوی ئەو گۆرانیبێژە کوردانە ببات کە نەک تەنیا خزمەتی میلۆدیی کوردی ناکەن، بگرە خەوشێکی زەق و بارێکی گرانن لەسەری؟! خودا شاهیدە هونەرمەندان ئەوەندە جیقڵدانە تەنگن بەرامبەر بەڕەخنە، بۆ ڕۆژی دووەم یەخەگیری ڕەخنەگرەکە دەبن.