“ھونەرمەندانی ئێمە خەون و خەیاڵی گەورەیان نییە و ھەوڵیشی بۆ نادەن”
گۆرانیبێژ (وەیسی محەممەد)، دوای ئەوەی نزیکەی دوو ساڵ لە وڵاتی سوێد نیشتەجێ بوو، لەو ماوەیەدا دوو گۆرانی بە ناوی “ئامینێ” و “ئایا” تۆمار کرد و پاشان گەڕایەوە کوردستان و ئێستا وەکوو مامۆستا لە پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانی ھەولێر وانەی میووزیک دەڵێتەوە.
ماوەیەک بەر لە ئێستایش، ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاو کردەوە و پێویستمان زانی لە بارەی ڕەوشی ئێستای ھونەری کوردی و چەند باسێکی گرنگ (وەیسی محەمەد) ڕووبەڕووی چەند پرسیارێکی گرنگ بکەینەوە و لەسەر بەرھەمەکانی بیدوێنین.
سەرەتا دەربارەی ئەوەی کە بۆچی تا ئێستا ھونەرمەندانی ئێمە نەیانتوانیوە ھونەری کوردی وەک ھونەری وڵاتانی دیکەی دنیا بناسێنن، گوتی: “بە شێوەیەکی گشتی، ھونەرمەندانی ئێمە خەون و خەیاڵی گەورەیان نییە و ھەوڵیشی بۆ نادەن، بۆیەیش ھونەری کوردی ناتوانێت ھەنگاوی گەورە بنێت، بەڵام ئەوەیش مانای ئەوە نییە کە ھونەرمەندانی ئێمە ئەو توانایەیان نییە، بەڵکوو لایان گرنگ نییە و نایانەوێت کاری بۆ بکەن.”
لە بەشێکی دیکەی گوتوێژەکەماندا، سەبارەت بەو گۆرانیبێژانەی ئەمڕۆ لە مەیدانەکەدا دەبیندرێن، ئایا توانای ئەوەیان ھەیە کە شتێک دوای خۆیان جێ بھێڵن و بەرھەمەکانیان بە زیندوویی بە ھەمان شێوەی ھونەرمەندە گەورە و کۆچکردووەکانی دیکە بمێنێتەوە، گوتی: “ھەوڵی گۆرانیبێژ ئەوەیە کە گۆرانییەکە بڵێت و جار بە جاریش ھەوڵ بدات بۆ میلۆدییەک و تێکستێک کە لە توانایدا بێت. ئەوەی دیکەیش دەکەوێتە ئەستۆی میووزیکژەنەکان کە کێشەکەی ئێمەیش لێردایە کە میووزیکژەنەکانمان خەونی گەورەیان نییە بۆ ئەوەی ھونەرمەند کاری گەورە ئەنجام بدەن، ئەوان ھەر ھەوڵی ئەوە دەدەن کە سوود لە پاشکۆی ئەو گۆرانیانە وەربگرن کە لە دەورو پشتماندا دەنگیان دێ، ئەگینا میووزیکی باشمان ھەیە، بەڵام ئارەزوویان ئەوان کارێکە کە پێیەوە ھیلاک نەبن.”
دواتر گۆرانیبێژ (وەیسی) ھێمای بۆ ئەوە کرد کە ھونەرمەند ھەموو کاتێک دەبێت پلانی ھەبێت بۆ باشترکردنی جوڵانەوەی ھونەری کوردی و بۆ پتەوکردنی خۆیشی، لە وەڵامی پرسێکی دیکەیشدا چۆن بتوانین زیاتر گەشە بە ھونەری کوردییەوە بکەین؟ ئەو گوتی: “تا سیستمێکی باش نەیەتە کایەوە، بەم حاڵە، گەشەکردن زیاد ناکرێت، ھەروەھا دەبێت سانسۆرێکی باش ھەبێت بۆ ئەوەی ھەنەرمەند و ناھونەرمەند دەستنیشان بکرێت.”
(وەیسی) ئاماژەی بەوەیش دا: “نامەوێت لێتان بشارمەوە بە شێوەیەکی تەندروست یەک دوو جار کارم لە سەر میووزیکی بیانی کردووە کە نەبووبێتە شێواندنی میووزیکی کوردی ڕِاستە شتەکە کوردی نەبوو، بەڵام کورداندوومە، ئەوەیش کە نابێتە زیان بۆمان.”
ئەو ھەر لەو دیدارەدا باسی لە ئەلبوومە تازەکەی کرد و بەگوێرەی ئەو پەیامەی بە دەستی گەییشتووە تا ئاستێکی زۆر باش پێشوازی لێ کراوە و خۆزگە بۆ سیستمێکی پڕۆفیشناڵ دەخوازێت بۆ ئەوەی زیاتر مافی بەرھەمەکانیان بپارێزرێت و کۆپیکردن نەمێنێت تا ئێمەی ھونەرمەندانیش زیاتر لەوە بتوانین کە دەیکەین.
کارۆخ مەلائەسعەد