له ماوه‌ی کارکردنم بووم، چونکه له ئاژانسی کوردستان بۆ ده‌نگوباس کار ده‌که‌م له لایه‌ن یه‌کێک له هاوڕێکانم ئاگادارکرامه‌وه که‌وا بابه‌تێکم له سه‌ر نووسراوه له ماڵپه‌ڕی سه‌ربه‌ست، منیش سه‌ره‌تا ئاسایی وه‌رم گرت، چونکه له‌م ڕۆژگاره خه‌ڵکی بێ کار زۆره‌و ڕۆژانه هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی کار ده‌که‌ن و ماندوو ده‌بن ده‌که‌ونه به‌ر هێرشی به‌ناو ڕاگه‌یاندنکاره‌کان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ویستم بزانم چیم له سه‌ر نووسراوه، بۆیه ماڵپه‌ڕی مه‌به‌ستم کرده‌وه بابه‌تێکم سه‌رنجی چاوه‌کانمی ڕاکێشا له سه‌ری سه‌ره‌وه به‌ناوی “هه‌ڵه‌یه‌کی تری ده‌رباز یونسی لاو”، سه‌یرم کرد گوتم خوایه ده‌بێ چیم کردبێ؟!
له خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که توشی شۆک بووم، له دڵی خۆمدا گوتم” وه‌ره که‌سانێک هه‌بن هێنده بێکار بن به‌دواداچوون به‌دوای نووسراوێکی من بکه‌ن که له ماڵپه‌ڕی فه‌یسبووک نووسیبێتم، زۆر گریمان هه‌یه، خۆ من ئه‌گه‌ر بمه‌وێ نکۆڵی له بابه‌ته‌که بکه‌م زۆر ئاسانه، بۆ نموونه ده‌توانم بڵێم له‌و کاته‌ی ئه‌و نووسراوه بارکراوه‌ته سه‌ر ئه‌کاونتی فه‌یسبووکی من من به‌کارم نه‌هێناوه، بگره له‌لایه‌ن که‌سێکی نه‌ناسراوه‌وه به‌کارهاتووه، به‌ڵام بۆچی ده‌بێ له شتێک نکۆڵی بکه‌م که نووسیبێتم، نه‌خێر ده‌ڵێم به‌ڵی من ئه‌و شته‌م نوسیووه‌و ئێستاش دووپاتی ده‌که‌مه‌وه.
با بێمه نێو کڕۆکی بابه‌ته‌که، سه‌ردێری بابه‌ته‌که نووسه‌ری به‌ڕێز من به هه‌ڵه ده‌زانێت، که‌چی خۆی هه‌ر له‌م بابه‌ته‌ی چه‌ندین هه‌ڵه‌ی کردووه‌و مافی منی خواردووه، ئه‌مه له کاتێکدا ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسێکی ته‌ندروست بێت و له بنه‌ماکانی ئه‌خڵاقی ڕۆژنامه‌وانی تێگه‌شتبێت !
هه‌ڵه‌ی یه‌که‌م: ئه‌و به‌ڕێزه هه‌ر له دێری یه‌که‌می بابه‌ته‌که‌ی منی به قوتابی هونه‌رمه‌ند “هه‌ڵکه‌وت زاهیر” ناساندووه، که ئه‌مه خۆی له خۆیدا هه‌ڵه‌یه‌کی زه‌قه، هه‌ڵکه‌وت زاهیر ئاوازدانه‌ر و منیش شیعر ده‌نووسم، ڕاسته ئه‌م دوو بواره‌ی هونه‌ر په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وانه‌یان به‌یه‌که‌وه هه‌یه، به‌ڵام هیچ شیعرنووسێک محازه‌ره‌ی ئاوازدانه‌رێک وه‌رناگرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامی به نووسینه‌کانی بدات.
هه‌ڵه‌ی دووه‌م: له هه‌موو دونیادا، له هه‌ر ده‌زگایه‌کی ڕاگه‌یاندن بۆ به‌دواداچونێک له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێک پێویسته ڕۆژنامه‌نووس ڕاو ڕای به‌رامبه‌ر دروست بکات، بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ی بچێته چوارچێوه‌ی بێلایه‌نیه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێک مه‌به‌ستی شه‌ڕ فرۆشتن بێت بهمن ئه‌وا ده‌گونجێت ته‌نیا به بۆچونێک به‌دواداچوونه‌که‌ی ته‌واو بکردایه، بۆیه داوا له نووسه‌ری بابه‌ته‌که ده‌که‌م ئه‌گه‌ر ڕێت به‌خۆتدا له داهاتوو به‌دواداچونێک بکه‌یت، بیرت نه‌چێت یه‌کێک له بنه‌ماکانی ڕۆژنامه‌نووسی ده‌ڵێت له نووسینه‌کانت بێلایه‌نه بنووسه‌و له به‌دواداچوونه‌کانت ڕاو ڕای به‌رامبه‌رت هه‌بێت، واته به‌پێی بنه‌مای ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌و به‌دواداچوونه پێویستی به‌لێدوان و بۆچونی من ده‌بوو، به‌ڵام بۆ که‌سێک که بیه‌وێت شهر بفرۆشێت ئه‌وا زۆر ئاساییه، چونکه نووسه‌ری به‌ڕێز تۆ نه‌هاتوویت وتارێک بنووسیت تا ته‌نیا ڕای که‌سێک وه‌رگریت، بۆ کاملکردنی ئه‌و بهدواداچونهت پێویستت به لێدوانی من هه‌بوو!، بۆ وه‌رتنه‌گرت؟! لێره دوو بۆچون و بیرکردنه‌وه هه‌یه !
یه‌که‌م: یا له نه‌زانینی خۆته‌و له بواره‌که نازانی به‌پێ په‌تی بهناوکهوتوویت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یان هه‌ڵده‌بژێریت پێم باشه بچیت کارێک بکه‌یت باشتره.
دووه‌م: یا بۆ مه‌به‌ستێکی تاکلایانه ده‌ته‌وێ شهر به‌که‌سایه‌تی من بفرۆشیت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش هه‌ڵده‌بژێریت بۆت نییه به‌دواداچون به‌سه‌ر نووسینه‌کانی من بکه‌یت، چونکه ئه‌و که‌سه‌ی به‌دواداچون ده‌کات وه‌ک له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا ده‌بێ بێلایه‌نه به کاره‌که‌ی خۆی هه‌ڵسێت.
لێره‌وه دێمه سهرچیرۆکی هاتنه نووسینی ئه‌و نووسراوه‌ی من له ماڵپه‌ڕی فه‌یسبووک.
بۆ کارێکی ڕۆژنامه‌وانی په‌یوه‌ندیم به “جه‌لیل زه‌نگه‌نه” ده‌رهێنه‌ری زنجیره درامای گه‌رده‌لول کرد، ده‌رفه‌تێکی باشم بۆ ڕه‌خسا، چونکه هه‌ر که قسه‌م له‌گه‌ڵی کرد گوتی من وا له هۆڵی میدیای شاری هه‌ولێرم، چونکه ئه‌و کاته فیستیڤاڵی کورته فیلم له‌وێ به‌ڕێوه‌ده‌چوو، منیش له‌و ده‌وروبه‌ره نزیک بووم و گوتم باشه مامۆستا ئێستا ده‌گه‌مه لات، چوومه لای و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌کاره‌که‌مه‌وه هه‌بوو له‌گه‌ڵی ئه‌نجاممدا، پاشان که‌وتینه گفتوگۆ له باره‌ی زنجیره دراماکه‌و من زۆر ده‌ست خۆشیم لێکرد، پێشم گوت که یه‌کێک بووم له بینه‌ره به‌رده‌وامه‌کانی ئه‌م درامایه، کاتێک زه‌نگه‌نه ئه‌م خرۆشیهی منی بینی ڕه‌نگه دڵخۆشییه‌ک دایگرتبێت، چونکه خۆشه که تۆ کارێک ده‌که‌یت که‌سێک هه‌بێت به‌م جۆره ده‌ست خۆشیت لێبکات، به‌ڵام مه‌خابن لای ئێمه جارێ هه‌ر فریای خۆ هه‌ڵقورتاندن ده‌که‌ون، به‌هه‌ر حاڵ کاتێک زه‌نگه‌که ئه‌م هه‌سته‌ی منی بینی کاردانه‌وه‌ی هه‌بوو، مۆبایله‌که‌ی ده‌رهێنا و پێی گوتم” کاک ده‌رباز بوه‌سته با وێنه‌یه‌کت لێبگرم، وێنه‌که‌ی گرت و به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م قسانه‌م ئه‌و کاته من زه‌نگه‌نه ته‌نیا نه‌بووین، به‌ڵکو یه‌کێک له شانۆکاره به‌ئه‌زموونه‌کانمان ڵهگهڵدابوو که ته‌مه‌نێکی له خزمه‌تکردن بردۆته سه‌ر پێویست ناکا ناوی بهێنم، ئێستاش ئه‌گه‌ر مۆبایله‌که‌ی مامۆستا جه‌لیل چاولێکهی ڕه‌نگه وێنه‌که‌ی منی تیامابێ، وه‌ک له وێنه‌که‌مان دا دیاره، ئه‌و کاته من تازه قژم به‌ته‌واوی تاشیبوو، تۆزێکی لێهاتبووهوه به‌ڵام وانه‌بوو، زه‌نگه‌نه پێی گوتم با قژت درێژ بێته‌وه ئێمه ماوه‌یه‌کی تر ده‌ست به تۆمارکردنی “گه‌رده‌لول” ده‌که‌ین، به‌ده‌م گفتوگۆوه له‌گه‌ڵ زه‌نگه‌نه‌و شانۆکارهکهی تر نزیکه‌ی 30 خوله‌کێک پێکه‌وه بووین، پاشان یه‌کتریمان جێهێشت.
دوای ئه‌وه من و مامۆستا جه‌لیل به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیمان هه‌بوو، به‌رده‌وام ئه‌حواڵیم ده‌پرسی چونکه ده‌مزانی ته‌ندروستی ته‌واو نییه، ئه‌ویش هه‌میشه به کوڕی خۆی بانگی ده‌کردم، تا جارێک پێی گوتم” مادام تۆ هێنده دڵگه‌رمی و خه‌می ته‌ندروستی منتهو به‌رده‌وام لێم ده‌پرسی ئه‌وا به‌ڵێن بێت ڕۆلێکی زۆر جوانت بۆ دابنێم له گهردهولول، منیش سوپاسیم کرد و به‌م جۆره به‌رده‌وام من و مامۆستا جه‌لیل ئاگامان له یه‌کتر بوو.
کڵۆڵیهکه لێره‌دایه، که‌سێک ناوی له‌خۆی ناوه په‌یامنێر و ڕاگه‌یاندنکار، له‌کاتێکدا ڕێنووسی نووسینه‌کانی پڕپڕیه‌تی له هه‌ڵه، هه‌ر له هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی و ڕێنووسی و بنه‌مای ڕۆژنامه‌وانی، جا هه‌وڵ ده‌دات که‌سایه‌تی من بڕوشێنێ یا کاڵی بخاته په‌یوه‌ندی نێوان من و ده‌رهێنه‌رێک.
هه‌رچۆنێک بێت دوای ئه‌وه‌ی سه‌رتاپای بابه‌ته‌که‌م خوێنده‌وه زه‌نگم بۆ مامۆستا جه‌لیل کرد، ئه‌و وه‌ڵامی دایه‌وه منیش بابه‌ته‌که‌م تێگه‌یاند به‌ڵام ڕه‌چاوی باری ته‌ندروستیم کرد، چونکه ده‌زانم مامۆستا جه‌لیل نه‌خۆشی دڵی هه‌یه‌و ڕه‌نگه به‌رگه‌ی له‌که‌دارکردنی که‌سایه‌تی گه‌نجێکی وه‌کو من نه‌گرێت، به‌ڵام پێم گوت که شتێکی وا نووسراوه ئایه هیچ که‌سێک په‌یوه‌ندی پێته‌وه کردووه له‌مباره‌یه‌وه؟!، ئه‌ویش له وه‌ڵامدا گوتی” به‌ڵێ کوڕم ئه‌مڕۆ 2 که‌س له ئه‌وروپاوه ته‌له‌فۆنیان بۆ کردم، کاتێک پێیان گوتم ده‌مانه‌وێ له بابه‌تێکدا ئه‌و نووسراوه‌ی “ده‌رباز یونس” ڕه‌ت بکه‌ینه‌وه، من پێم گوتن” کاکه گیان بۆ؟ ده‌رباز جاشه؟!، ئه‌وانیش گوتیان نه‌خێر، گوتم باشه ده‌رباز به‌عسییه؟! گوتیان نه‌خێر!!، گوتم باشه که‌وایه بۆ وازی لێناهێنن؟!.
مامۆستا جه‌لیل درێژه‌ی بهقسهکانیداو گوتی” ته‌نیا پێم گوتوون من جارێ ڕۆڵه‌کانم دیارینه‌کردووه، واته ئه‌و کوڕه نازانێت چ ڕۆلێکی به‌رده‌که‌وێت، نه‌مگوتووه ئه‌کته‌ره‌کانم دیارنه‌کردووه، چونکه ئه‌کته‌ره‌کان به‌شێکی زۆریان دیاریکراون.
کاتێک گوێم له قسه‌کانی مامۆستا جه‌لیل بوو ئارامییه‌ک دایگرتم، چونکه زانیم که ئه‌مه‌ش هه‌ر ده‌ستێکی پیسی بێ ئیش و نه‌خۆشه، هێنده بێ کاره نازانێت خۆی به‌چییه‌وه سه‌رقاڵ بکات و دێ له‌سه‌ر نووسراوێکی فه‌یسبووک به‌دواداچوون ده‌کات له کاتێکدا فه‌یسبووک نه ماڵپه‌ڕی فه‌رمی ڕاگایهندنی منه‌و نه ڕاگه‌یاندنێکی فه‌رمییه.
زۆر خه‌مم بۆ ئه‌و براده‌ره خوارد، چونکه له بابه‌ته‌که‌ی نوسیوویه‌تی گوایه جه‌لیل زه‌نگه‌نه ده‌ڵێت جارێ هیچ ئه‌کته‌رێکم دیاری نه‌کردووه، من لێره پرسیار له‌و برا ڕۆژنامه‌نووسه ده‌که‌م، باشه ئه‌گه‌ر جه‌لیل زه‌نگه‌نه ئه‌کته‌ری دیاری نه‌کردبێت چۆن له دوو هه‌فته‌ی ڕابردوو شانۆکار “تاریق ئاکره‌یی” هه‌واڵی به‌شداربوونی له گه‌رده‌لول له میدیا کوردییه‌کان بڵاوکرده‌وه؟! یا ئێوه هیچ ئاگاداری میدیاکان نین و ته‌نیا ده‌توانن بێن خۆتان له شتێک هه‌ڵقورتێنن که نازانن سه‌ره‌تا و کۆتایی ئه‌و کاره‌ی ده‌تانه‌وێ ده‌ستی پێبکه‌ن چییه؟!.
له کۆتایی داوا له میدیا‌و خاوه‌ن ماڵپه‌ڕه‌کان ده‌که‌م، به ڕاستگۆیی ئه‌و وتاره‌ی من بڵاوبکه‌نه‌وه، من هه‌رگیز تاقه‌تی نوسینی وتارێکی وا درێژم نه‌بووه که تیایدا وه‌ڵامی چه‌ند نه‌خۆشێک بده‌مه‌وه، به‌ڵام چونکه بابه‌ته‌که په‌یوه‌ندی به ڕاستگۆیی نووسینه‌کانی من هه‌بوو، بۆیه ئاماده‌بووم ئه‌م کاته زۆره‌ی خۆمی پێ بده‌م.
ده‌رباز یونس
5 ـی حوزه‌یرانی 2010
هه‌ولێر