محمد رؤوف كەركووكی : هەواڵی کۆچی دووایی هاوريم عیرفان کەرکووکی لە چەند ڕۆژی ڕابووردودا، چرکەیەک بوو وەک ئەوەی لە زەمەن بمکاتە دەرەوە، ئەوەندە هەژاندمی ڕەنگی سەوز و سووری ئاماژەی هاتوچۆی سەر جادەکانی لەبیر بردمەوە. ئەو کاتەی هونەرمەند هێمن حوسێن پێی وتم عیرفان کەرکووکی هاوڕێمان بەجێی هێشتین، هەر ئەو چرکەیە بوو پۆلیسی هاتوچۆکە لە هەڵەیەکی کوشندە ئاگاداری کردمەوەو پێی ڕاگەیاندم کە لە ئیشارەتی سوورم داوە.
پیاوێک کە گۆرانییەک کردینیە دوو هاوڕێ و دۆستی چەند ساڵەی پڕ لە موحیبەت، لە ڕێگای زەنگی تەلەفۆنێکەوە هەواڵی کۆتایی بە دە بەهار و دە زستان و دە هاوین و دە پایزی پڕ لە خەونەکانی دێت و، هاوڕێکانی دەخاتە بازنەی بێدەنگییەکی کوتوپڕەوە. کاتێک هەواڵەکەم بەرگوێ کەوت لە ئێستادا نەمام و ئەو جۆش و خرۆشەی عیرفان کەرکووکیم بیر کەوتەوە کە لە ڕێگای گۆرانی ” تۆ بەمەی مەستم مەکە” بەدووای مندا دەگەڕا، ئێستاش من بەدووای ئەودا دەگەریم ، یان بەدووای ئەو ڕابوردووەدا کە بەشیکە لەیادەوەری ئەو پیاوەی ڕۆڵی وزارەتێکی بۆ هونەرمەندانی کورد دەگێڕا.
پێش سیانزە ساڵ، وەک ئاماژەم پێدا گۆرانیی “تۆ بە مەی مەستم مەکە” بووە هۆی ناسینی یەکێک لەو پیاوە کوردانەی کە خەمی هونەری کوردی بەشێک بوو لە ژیانی ڕۆژانەی، دوواتریش ناسینەکەمان بووە پردێکی پتەوی دۆستایەتی و کاک عیرفان پانتاییە بەرین و فراوانەکەی بوو.
عیرفان کەرکووکی عارفێکی دۆستایەتی جیهانی هونەر و فەرهەنگ بوو، ئۆتێلی چوار چرای کردبووە ماڵێکی گەورەی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و نووسەرانی کورد لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک و کەرکووک و دەیویست بە هەر شێوەیەک بێت خزمەتی هونەری کوردی بکات. خەونی بەوەوە دەبینی کەناڵێکی ئاسمانی بۆ هونەر و موزیکی کوردی دابنێت و پانتایی بیرکردنەوەکانی لە چوارچرا زیاتر بکات و بە شێوەیەکی فراوانتر بەرجەستەیان بکات.
بەڵام ئەو خەونەی هەر نەهاتە دی و ژمارەیەکی کەمی خەمخۆرانی هونەر نەبێت کە بە گرنگییەوە لێی دەڕوانی، کەسانی بەرپرس نەیانتوانی لە جیهان و تیفکرینی ئەو زاتە بۆ دوونیای هونەر هەلسەنگینن. ئەمڕۆش کە کاک عیرفان بەجێمان دێلێت و بەیەکجارەکی ماڵئاوایمان لێ دەکات، هیوادارم ڕووبەری چوارچرای هونەرمەندان و ڕۆشنیبرانی کورد وەک ڕووبەری خۆشەویستی کاک عیرفان بۆ دوونیای هونەر بەگەورەیی بمێنێتەوەو خەونەکانی بێنە دی