نووسینى : ئارى ئازاد
چەندە ئامانجێکى جوان و مرۆڤانەیە ئەو کەسانەى دەگەنە لوتکەى ناوبانگ و دەوڵەمەندى هیوایان ببێتە هاوکارى هەژاران و مناڵانى ڕەش و ڕووتى وڵات ، ئەو وڵاتەى غەدر بۆتە بارانێکى بەخوڕ و بەردەوام دادەکاتە سەر خاکە زوڵم لێکراوەکەى لە هەموو وەرزەکانى ساڵ ، هەواڵى بڵاوبوونەوەى ئەلبومى نوێى هونەرمەندى ناودار (زەکەریا عەبدوڵڵا) چەندە دڵى ئاشقانى دەنگى ئەو هونەرمەندە هەست ناسکەى خۆشکرد سەد هێندەش زیاتر ئاشکرا بوونى هەواڵێکى تر کە زیاتر ئاشقانى ئەم هونەرمەندەى دڵ خۆشکرد ،
بیرۆکەى دامەزراندنى کۆمەڵەیەکى خێرخوازى بوو بەناوى ئەلبوومەکەى (لاپەڕەى سپى) هەم ناوەکەى پڕە لە جوانى و ئامانجەکەشى زۆر مرۆڤانەیە و ناکرێ ئێمە ئەم لۆژیکى کار کردنە بە کەم سەیر کەین و نەیخەینە بەر باس ، گرنگە دەوڵەمەندان و بەرپرسان و هونەرمەندانى سەرمایەدار ئەوە نیەتیان بێت ، دڵخۆشم بەوەى لەم سەردەمە نایەکسانى و پڕ لە دەردە هێشتا کەسانێک ماون و بیر لە چاکەى بەرامبەر دەکەنەوە ، ناچن لە وڵاتانى دەرەوە کاڵاى خراپ و خۆراکى پڕ ژەهرى بەسەر چوو بێنن بۆ مناڵانى کوردستان و بیر لەوە دەکەنەوە خۆ ئەمانەش مناڵن ئەى بۆ وەکو مناڵانى جیهان بێبەشن لەو خۆشیانەى کە خواى گەورە پێبەخشیوون ، سەد حەسرەت جەنگ و ماڵوێرانى و نەهامەتییەکانى ژیان وای بەسەر هێناون کە لە وڵاتێکى پڕ سەروەت و سامانى سروشتى کە خواى گەورە وەک دیارى بەم وڵاتەى ئێمەى بەخشیووە و کەچى زۆربەى مناڵانى وڵات بەدەست نەهامەتییەکانى ژیان رۆژ دەکەنەوە ، بۆ دەوڵەمەندکردنى ئەم پرۆژەیەى (زەکەریا) پەیامێکى کورت ئەنێرم بۆ مامۆستایانى ئایینى بەتایبەت ئەوانەى زۆر هێرشى ناڕەوایان دەکردە سەر کارە جوانەکانى (زەکەریا) تکایە ئێوەش ئەوەتان بەزارى دابێت و دەستخۆشى ئەم کارەى لێبکەن لە وتارەکانتان دا نەک لەبەر خاترى (زەکەریا) بەڵکو لەبەر ئەو مناڵانەى ئێستا وەک مژدەیەکە بۆ بۆیان دامەزراندنى ئەو رێکخراوە ، چونکە مامۆستایان ئەتوانن تەئسیریان لەسەر مرۆڤە باشەکان هەبێت بۆ یارمەتى دانى رێکخراوى (لاپەڕەى سپى) ، تکاش بۆ ئێوە سەرمایەدارانى کورد ئێوەش ڕەحمێکى ئاوا بە خەیاڵتان دابێ و تەنیا بیر لەوە مەکەنەوە کە چەند قازانج دەکەن ، جارجاریش بیر لەوە بکەنەوە تائێستا لەناو گەلەکەمان مناڵ گەلێکى زۆر هەن لەبەر بژێوى ژیان لە ژوانى تەختە ڕەشى پۆلى قوتابخانە دابڕاون و لە بەیانى تا شەو لە ژوانن لەگەڵ شەقامەکان و هەموو بەختێکى ئەوان تەنیا بەدەستهێنانى تەنیا چەند هەزارێکى بێبەهایە لە فرۆشتى چەند کەلوپەلێکى سادە و بۆیەکردنى پێڵاو …. ئاخ چەندە سەختە گێڕانەوەى ئەو دیمەنە جەرگبڕانە ، نازانم ئەوەى تواناى هاوکارى ئەوانەى هەیە خاوەن چ ویژدانێکن کە لەناو ئۆتۆمبیلە چەند هەزار دۆلارییەکانن و چاویان ئەوانە نابینێت ، باشە گەر ئەوە ویژدانى هەندێ لە خوا پێداوان بێت بۆ ئێمە بەو هەنگاوەى کاکە (زەکەریا) و (لاپەڕەى سپى) زۆر دڵخۆش نەبین دەوەرن با بە هەموومان هاوکار و ئەندامى ئەو رێکخراوە مرۆڤدۆستە بین و لاپەڕەیەکى سپى بین بۆ هاوکارى پەپولەکانى خواى گەورە کە مناڵە .
ariazad999@yahoo.com