دەنگ خۆشى بەهرەیەکە و خوا بەمرۆڤى دەبەخشێ، بەڵام لەپشت ئەم بەهرەیەوە دەبێ عەشقێکى مەزن هەبێ تاکو بەهرەمەندەکە بتوانێ لەڕێگەى بەهرەکەیەوە بەردێک بخاتە سەر ئەو بناغەیەى کە خەڵکانى پێش خۆى لە بوارەکە دایانناوە، ئێستاش ئەگەر سەیربکەین گوێگرتن لە گۆرانى بۆتە پێداویستییەکى ڕۆژانەى هەموومان ، وەک چۆن جەستە پێویستى بەخۆراکە بۆ گەشەسەندن، مێشک و روحیش بە هەمان شێوە پێویستیان بەگوێگرتن لە مۆسیقاو گۆرانى هەیە، ئێمەى میللەتى کوردیش وەک تەواوى میللەتانى دیکە خاوەن چەندین کەڵە هونەرمەندى گەورەین و تا مردنیش شانازییان پێوەدەکەین، بەڵام زۆر بەداخەوە لەنێو کوردان تاکو هونەرمەندێک کۆچى دوایى نەکات هەست بە گەورەیى ئەم هونەرمەندە ناکەین، باواز لەوە بێنین ئەوە بابەتێکى ترەو پێویستى بەوەیە لە شوێنێکى تر زیاتر قسەى لەسەر بکرێت، بەڵام ئەوەى کە مەبەستمە لێرەدا باسى بکەم، وازهێنانى هونەرمەندانى گۆرانیبێژە لە گۆرانى گوتن..
لە ماوەى رابردوودا لە رووپەرى رۆژنامەو گۆڤار و ماڵپەرە هونەرییەکان وازهێنانى هەرسێ هونەرمەندى گۆرانیبێژ (میکائیل و عوسمان عەبدوڵڵا و ئاشنا زرار)مان خوێندەوە، هەرسێکیان وازهێنانیان لە گۆرانى گوتن بۆ ئەو پاشاگەردانیەو ئەو ناعەدالەتیەى کە ئەمڕۆ کەوتۆتە نێو دنیاى هونەرى گۆرانى و میوزیکى کوردى و هاوکارى نەکردنیان لەلایەن لایەنى پەیوەندیدار و نەبوونى تواناى دارایى بۆ ڕایى کردنى کارەکانیان و نەبوونى یاسایەکى تۆکمە و پێویست بۆ پاراستنى مافى هونەرمەندان، بۆیە بەناچارى بڕیاریاندا واز لە گۆرانى گوتن بهێنن و نەتوانن لەمەودوا وەک پێویست درێژە بەکارەکانیان بدەن، لەو بڕوایەدام ئەم جۆرە بڕیاردانە بڕیاردانێکى زۆر قوڕسە، چونکە ئەستەمە کەسێک بتوانێ واز لەعەشقێک بێنێ کە چەندین ساڵە هەوڵى بۆ دەدات و شەونخونى بۆ دەکات، گومانى تێدا نییە ئەگەر وابڕوات لەوانەیە چەندین هونەرمەندى تریش واز لەگۆرانى گوتن بهێنن، جا گرنگ نییە رایدەگەیەنن یان نا؟ نە من و نەهیچ کەسێکى تر بڕواناکەم ناهەقى ئەم هونەرمەندانە بگرن، چونکە لەم وڵاتەى ئێمەدا وەک پێویست رێز بۆ هونەرەکەیان دانانرێت و هەوڵى دەستەبەرکردنى مافەکانیان نەدراوە لەڕووى یاساییشەوە بڕیارێکى وانییە کە هونەرمەندان پشتى پێ ببەستن بۆ پاراستنى مافەکانیان وەکو زۆربەى وڵاتانى جیهان، بەهەرحاڵ وازهێنانى ئەم سێ هونەرمەندەى کەناومان هێنا بڕیاریان داوە واز لە گۆرانى گوتن بهێنن، هەریەک لەم هونەرمەندانەش خاوەن جەماوەرى خۆیانن و هونەرەکەشیان هونەرێکى پاک و بێگەرد بووە بەپێى تواناى خۆشیان توانیان خزمەت بە هونەرى گۆرانى و میوزیکى کوردى بکەن و جێ پەنجەشیان دیارە لەبوارەکەدا، چەندین هونەرمەندى تریش لەدیمانەکانیاندا ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوازهێنان لە گۆرانى گوتن دەکەن، یاخود بڕیارى ئەوەیان داوە کە چیتر ئەلبووم بەرهەم نەهێنن، بەڵکو کار لە گۆرانى سینگڵ بکەن، کەواتا ئەمەش خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە وازهێنانى ناڕاستەوخۆ، دیارە ژمارەى ئەو هونەرمەندانەش زۆر زیاترە لەو هونەرمەندانەى کە بە یەکجارى وازیان هێناوە.
لەکۆتایى دەڵێم: لەگەڵ رێزم بۆ هونەرمەندانى گۆرانیبێژ دەبووایە هونەرمەندێک ئەم بابەتەى بنووسیبا، چونکە بێگومان هونەرمەندان دەتوانن باشتر باس لەکێشەکانى خۆیان بکەن، زۆرم چاوەڕوان کرد لەهیچ شوێنێ بابەتێکم بەرچاوم نەکەوت کە باس لە وازهێنانى ئەم سێ هونەرمەندە بکات بۆیە ناچاربووم ئەم بابەتەم نووسى و هەر هیچ نەبێ لەڕێى ئەم نووسینەم وەفایەک بنوێنم بۆ هەوڵ و ماندوبوونى ئەم سێ هونەرمەندە، هێشتا زووە درەنگ نییە پێویستە هونەرمەندانیش هەڵوێستیان هەبێ هەر هیچ نەبێ بەیاننامەیەک بڵاوبکەنەوە و سنوورێک بۆ ئەم پاشاگەردانییەو ناعەدالەتیەى نێو هونەرى گۆرانى کوردى دابنێن یاخود لەڕێگاى رێکخراوى هونەرمەندانەوە ڕێگاچارەیەکى گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەى چیتر هونەرمەندان نەڕەنجێن و دڵ شکاو نەبن و واز لەم عەشقە پاک و پێرۆزەشیان نەهێنن.
قەهار شێخانى