مەنەجەری هونەرمەند چۆپی ( ئیحسان فەتاح ) پێی ڕاگەیاندیین لە ٩/٧/٢٠١١ نوێترین بەرهەمی هونەرمەند چۆپی بڵاوبووەوە.
ئەم بەرهەمە پێك هاتووە لە ١٢ تراك، نۆ تراکیان مەقامە و سێ تراکیشیان بەستەیە،ناوی ئەلبومەکە (شارا)یە، لە پرسیارێکماندا کە بۆچی ناوی شاراتان لە ئەلبومەکە ناوە؟. لە وەڵامدا پێی وتیین شارا ئەو باوەشە گەنمەیە کە دوای درەو کردنی گەنمەکە کەڵەکە دەکرێت پاشان خەرمانی لێ دروست دەکرێت ئەو مەقامانەش کە لە ئەلبومەکەدا کۆکراونەتەوە لە ناوچە جیا جیاکانی کوردستانەوە کۆکراونەتەوە بۆ نموونە:
سێ مەقامی ماموەستای نەمر محەمەد ساڵح دیلانی تیایە کە تایبەتە بە شاری سلێمانی،هەروەها مەقامێکی ماموەستای نەمر عەلی مەردانی تیایە کە تایبەتە بە کەرکوك و گەرمیان،مەقامێکی ماموەستای نەمر مشکۆی تیایە لە گەڵ دوو حەیراندا کە تایبەتە بە هەولێر و ئەو ناوچانەی کە حەیرانی تێدا دەوترێت،جگە لەوەش دوو مەقامی بادینی تیایە کە تایبەتە بە دەڤەری دهۆك و کوردستانی باکور ئەو مەقامانە شاران و خەرمانێك مەقاماتی پێك هێناوە سەرەڕای ئەوەش ناوی دایکی چۆپی شارایە و وەکوو وەفایەك بۆ دایکی کە ئەزیەتی کێشاوە بەدەست هونەرەکەیەوە، پێی باشبوو ناوی ئەلبومەکەی بنێت (شارا).
ئەم بەرهەمە لە ستۆدیۆی میلۆدی لە هەولێر تۆمارکراوە، هونەرمەند هێمن حوسێن کاری ئامادەکردن و دابەشکردنی بۆ کردووەو ئاکۆ عومەر سەرپەرشتی دەنگی کردووەو ،هونەرمەند کاروانیش جگە لەوەی لە گەڵ مۆزیكژەنەکاندا بەشداری کردووە ماندووش بووە بە ئەنجامدانی ئەو کارە، ئەم بەرهەمە لە لایەن ڤین تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە و پێش هەموو شتێك دەمانەوێت سوپاسی هەموو بەشداربوان بکەین کە ئەزیەتیان کێشا بۆ وەبەرهێنانی ئەم ئەلبوومە بە تایبەت ئەو موزیكژەنانەی کە لێرەدا ناویانمان نەهێناوە.
ئەم بەرهەمە تا ئێستا دووکلیپی بۆ کراوە و وا ئەمەیان دەکەین بە دیاری بۆ ماڵپەڕەکەتان کە ڤین تیڤی بە ئەنجامی گەیاندووە. لە گەڵ گرتە ڤیدیۆیەکدا کە هونەرمەند چۆپی بۆ خۆی بە ڕێگەی تەلەفۆنەوە باس لە بەرهەمەکەی دەکات.