“تاسه‌ی ئاوێته‌بوونێکی ئه‌به‌دی له تێکستی -من و خۆم-دا”
( ده‌ستم ناگاته ره‌نگه‌کانی ناوه‌وه‌ی خۆم
له‌به‌ر بێڕه‌نگی ده‌ره‌وه‌ی خۆم
ناهێڵێ گوێم له‌ده‌نگی ناوه‌وه‌ی من بێ
رژاوه به‌سه‌رما ده‌نگی ده‌ره‌وه‌ی خۆم
ئه‌مه‌وێ گوێ له‌هاژه‌ی خه‌یاڵی ناوه‌وه‌ی من بگرم
هه‌راسانی کردووم هاواری هیچی ده‌ره‌وه‌ی خۆم)
کۆپله‌یه‌ک له‌تێکسته شیعری-من و خۆم-ی “حه‌مه کاکه‌ره‌ش”.
( له‌یه‌کدا شته‌کان کۆده‌بنه‌وه‌و هه‌ر له‌ویشدا جیاده‌بنه‌وه)- ئیبن عه‌ره‌بی-
ئه‌زیزم کاک حه‌مه کاکه‌ره‌ش
ئێستاتان رۆشن
هاورێم من هه‌میشه کاتێک له‌و چه‌شنه تێکستانه ده‌خوێنمه‌وه که‌توانای راکێشانی من-ی خوێنه‌ری هه‌یه، ره‌نگه پاش یه‌که‌مین خوێندنه‌وه‌ی، بۆ ماوه‌یه‌ک لێی دوور بکه‌ومه‌وه.. یان با بڵێین خۆمی لێبشارمه‌وه، دواتر و له‌ئان و ساتێکی دیکه‌دا، جارێکی تر و له‌نێو فه‌زاو ئه‌تمۆسفێرێکی ئه‌و ده‌می خوێندنه‌وه‌مدا ده‌ست بکه‌مه‌وه به‌خوێندنه‌وه‌یه‌کی تری و ئیدی ئه‌مه وام لێده‌کات هه‌میشه‌و بۆ چه‌ند جارێک تێکسته زیندووه‌کان بخوێنمه‌وه‌و دواجار هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی……؟!
-من و خۆم- له‌و جۆره تێکستانه بوو که‌توانیم چه‌ند جارێک بیخوێنمه‌وه‌و به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه کاتێک له‌هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌کی ده‌بوومه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی تێکسته‌که له‌ڕووکاردا هه‌وڵی گه‌یاندنی ده‌دات، من تێڕوانین و دنیا بینیی یه‌کێک لهسۆفییهکانم بیر ده‌که‌وته‌وه که‌ئاماژه به‌وه ده‌دات، شه‌وق و تاسه‌ی به‌یه‌کگه‌یشتنی دوو که‌س و حه‌سره‌تیان بۆ یه‌کتر پاش به‌یه‌ک گه‌یشتنیان ده‌پروێ و ته‌واو ده‌بێت، واته ئه‌و زاته مه‌رجی مانه‌وه‌ی شه‌وق و حه‌سره‌ت و تاسه‌ی به‌یه‌ک گه‌یشتن و بوونبهیهک، له‌به‌یه‌ک نه‌گه‌یشتن و نه‌بوون به‌یه‌کدا ده‌بینێته‌وه!؟
ده‌کرێت لێره‌وه‌و له‌م تێڕوانینه‌وه له-من و خۆم- نزیک ببینه‌وه‌و بزانین که-من و خۆم- ئه‌و دوو غه‌ریم و دوشمن و جه‌نگاوه‌ره دژ به‌یه‌که نین، له‌نێوه‌ڕاستی پێده‌شته مه‌یدانێکی جه‌نگدا به‌شیر و مهتاڵهکانیانهوه به‌رامبه‌ر به‌یه‌ک چووبێتنه شهڕهجهنگهوه، ئه‌مه لهروویهکهوهو له‌ڕوویه‌کی تریشه‌وه ئه‌و دوانه یان ئه‌و دووه‌ی که‌ده‌بنه‌وه به‌یه‌ک و له‌کاتێکیشدا ئه‌گه‌ر یه‌ک بن ده‌بنه‌وه به دوو و به‌ده‌ریش له‌گه‌مه و ته‌لیسم و سیحری ژماره‌کان و په‌یوه‌ندییه شاراوه‌کانیان به پیته‌کانه‌وه،
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه دیاره چه‌ند هۆگر و سه‌وداسه‌ری یه‌کدین و ده‌کرێت راشکاوانه تاسه‌و حه‌سره‌تی ئاوێته‌بوونێکی ئه‌به‌دی له-من و خۆم-دا ببینینه‌وه!؟.
ئه‌م تێکسته له‌و جۆرانه‌یه که‌له‌ئاست دێڕ و وشه‌و ده‌ربڕین و گوزارشته‌کانی نێو خودی تێکسته‌که‌دا راناوه‌ستێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌زۆر شوێن و جێگه‌یدا ئیگۆی دانه‌ره‌که‌ی و ئه‌و کۆجیتۆیه تێپه‌ڕ ده‌کات که‌ویستوویه‌تی تێکسته‌که له‌زۆر شوێندا وابه‌سته‌ی لۆژیکێکی تایبه‌تی ململانێ و پێکدادانی ناوه‌کی بکاته‌وه، واته وه‌ک گریمانێک ئه‌گه‌ر ئه‌م تێکسته داستانی شه‌ڕه‌جه‌نگی دوانه‌یه‌ک بێت که هه‌ر یه‌کێکیان بخوازن و گه‌ره‌کیان بێت ببنه ئه‌لته‌رناتیڤی ئه‌وی دی، ئه‌و ده‌م وه‌ک “مه‌تاع سه‌فه‌دی” گوته‌نی:
( نزیک بوونه‌وه لهئهڵتهرناتیڤێک و پشت گوێ خستنی ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی دیکه، کارێکی میکانیکییهو هیچ له‌سروشتی خودی ململانێیه‌که ناگۆڕێت ).
دیاره هه‌ر ئه‌و دڵه‌ڕاوكێ و دڕدۆنگی و ڕاڕاییه‌ی نێو تێکسته‌که‌یه که ناهێڵێت خوێنه‌ر وا بڕوانێته”من و خۆم” که‌یه‌کێکیان ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئه‌وی تره‌و به‌مه‌ش تێکسته‌که له‌ده‌ره‌وه‌ی دنیا داخراواکانی دۆگما ده‌مێنێته‌و ده‌توانێت وه‌ک تێکستێکی کراوه له‌ئاست خوێندنه‌وه‌دا واڵا بێت و ره‌نگه بشتوانین بڵێین واڵا بوونیش له‌ئاست خوێنده‌وه‌دا به‌بێ حاڵی بوون له‌خودی کرده‌ی زمانی نووسین و په‌ی پێ‌بردنی ببێته له‌مپه‌ر، مه‌به‌ستم له‌و جودایی و جیاوازییه‌یه که‌ده‌که‌وێته نێوان بوونی شته‌کان وه‌ک خۆیان و ئه‌و بوونه‌ی کهوشهو زاراوه‌کان و خودی زمان پێی ده‌به‌خشن.
کرده‌ی زمان به‌پێی ئاماژه‌پێدانه‌کانی “هایدگه‌ر” هه‌وڵدانه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێوه‌ندی به”کهینوونهوه”، یان گه‌ر بمانه‌وێت له‌وه زیاتر خووردی بکه‌ینه‌وه، ده‌بێت بڵێین کرده‌ی زمان له‌نووسیندا تاکه رێگه‌یه‌که بۆ قووڵبوونه‌وه‌و بینینی ئه‌ودیوی شته‌کان، کاتێکێش دانه‌ر به‌چه‌شنی سۆفییه شاعیر و نووسه‌ره‌کان ده‌بێته موغامیر و سه‌فه‌ر بۆ جوگرافیا نه‌زانراو و په‌ی پێنه‌براوه‌کانی زه‌ین و فیکر ده‌کات، کاتێک هه‌وڵی ته‌ئویلکردنی پێوه‌ندی نێوان خود و شته‌کان، یان شته‌کان و خود ده‌دات، کاتێک ئه‌وداڵ و وێڵ ده‌بێت، تێکستی زۆر سه‌یر و سه‌رسورهێنه‌ر دێته بوون که‌به‌ته‌واوی هه‌ڵقووڵاوی ئه‌زموونێکی قووڵی بێده‌نگ ئامێزی ئه‌فسووناوییه که‌ده‌توانێت پێوه‌ندی ئێمه‌و شته‌کان یان شته‌کان و ئێمه بگۆڕێت!؟.
دیاره کاتێکیش تێکسته شیعری –من و خۆم-م خوێنده‌وه له‌خۆڕا دنیای تێڕامان و قووڵیی تێکستی عاریف و سۆفییه‌کانم وه‌یاد نه‌هاته‌وه، له‌راستیدا –من و خۆم- هه‌ڵقووڵاوی ئه‌زموونێکی قووڵی دانه‌ره‌که‌یه‌تی که‌دواتریش مانه‌وه‌ی دانه‌ره‌که‌ی تاڕاده‌یه‌کی زۆر له‌ده‌ره‌وه‌ی تێکسته‌که‌دا و په‌راوێزکه‌وتنی وای کردووه -من و خۆم- ببێته یه‌کێک له‌و شیعرانه‌ی کهدهکریت خوێندنه‌وه‌ی جوداو جیاوازی بۆ بکرێت.
“رۆلان بارت” گوته‌نی:
( تێکست خۆی له‌نێو کار و به‌رهه‌مێکدا ده‌بینێته‌وه‌و ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که‌ناکرێت تێکست لهرهفهی کتێبخانه‌یه‌کدا رابوه‌ستێت، به‌ڵکو جووڵه پێکهاتووهکهیی له‌وه‌دایه که‌توانای تێپه‌ڕبوون و په‌ڕینه‌وه‌ی هه‌یه).
-من و خۆم- له‌و جۆره تێکستانه‌ن که‌توانای تێپه‌ڕبوون و په‌ڕینه‌وه‌یان هه‌یه و ده‌توانێت ئێمه‌ی خوێنه‌ر بباته نێو خۆی یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌شه‌وه و ده‌توانین له‌پشت دێڕه‌کانییه‌وه بۆ په‌نهان و شاراوه‌و نه‌گوتراو ونهێنییه‌کانی بگه‌ڕێین و دیوه‌کانی تری بخوێنینه‌وه.
کاتێکیش ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ گوته‌که‌ی “ئیبن عه‌ره‌بی”:( له‌یه‌کدا شته‌کان کۆده‌بنه‌وه‌و هه‌ر له‌ویشدا جیاده‌بنه‌وه).
ده‌کرێت ئه‌م گوته‌یه ببێته ده‌رکه‌یه‌کی دیکه‌ی خوێندنه‌وه‌ی تێکسته‌که‌و………….!؟
دواجار ده‌بێت بڵێم، -من و خۆم- هه‌وڵدانێکی جدییه بۆ رۆچوونه نێو قووڵاییه‌کان و هه‌رچه‌ند هێشتاکه زۆر شت ماوه بیڵێم، به‌ڵام به‌نیازی…….، لێره‌دا خۆم و خۆت له‌و په‌ڕی ته‌نیایی و بێده‌نگیدا جێ دیڵم.
هاوڕێتان/ یوسف عیزه‌دین
17-3-2009
تێبینی: ئه‌م نامه‌یه له‌ژماره 634ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا بڵاو بۆته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ره‌نگه له‌کاتی دیزاین و ههڵهبڕیدا، به‌هه‌ڵه چه‌ند وشه‌یه‌کی سه‌ره‌تاو په‌ره‌گرافێکی کۆتاییه‌که‌ی په‌ڕیبێت و لهنامهشهوه کرابێته وتار، که‌خۆی له‌راستیدا ئه‌وه‌ی نووسیوومه ته‌نها نامه‌یه‌و ناچێته قاڵبی وتاره‌وه.