بەرھەمەکانی ئیسماعیل سەردەشتی و ئەردەلان بەکر و حەمە جەزا پرفرۆشترین سیدییە لە بازاڕدا.
سیدی فرۆشێک : ئەو کاتەی ھەواڵی کۆچی دوای ھونەرمەند ئەردەلان بەکر راگەیاندرا بۆ بەیانیەکەی ١٤٠ سیدی ئەوم فرۆشت
گوێگرێک : گۆرانیە کۆنەکان بە کوالێتێکی نزم بەرھەم ھاتووە بەڵام تاموچێژێکی زۆری لێوەردەگرین
خاوەن تۆمارگایەک : ئێستا خەڵێکی زۆر داوای سیدی ئاینی دەکات
راپۆرت : توانا شێخانی
پاش کۆچ کردنی ھونەرمەندەکان سیدییەکانیان بە بەھاتربووە و داواکارییەکی زۆری لەسەرە بە بەراورد لەگەڵ سیدییەکانی ھونەرمەندەکانی تر لەو بەدواداچوونەماندا دەرکەوت کە سیدی ئەو ھونەرمەندانەی کە کۆچیان کردووە رەواجێکی زۆری لەسەرە و سیدی فرۆشێکیش ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە رۆژانە ٦٥ سیدی ئیسماعیل سەردەشتی و ئەردەلان بەکر دەفرۆشێت و ھونەردۆستەکانیش لە ئێستادا زیاتر ڕوو لە کڕینی سیدییە کۆنەکان دەکەن وەک حەسەن زیرەک و عەلی مەردان و<<< ھەروەھا بەرھەمەکانی ئیسماعیل سەردەشتیش پرفرۆشترین سیدییە لە بازاڕ :.
ھەفتانە دوو سیدی ئیسماعیل سەردەشتی دەکڕم !
ئەحمەد کانەبی کە لەناو بازاری فەرھادی نوێ سیدییەکی ئیسماعیل سەردەشتی بەدەستەوە بوو گوتی ” ھەرچەندە ماوەی دوو ساڵە ھونەرمەند ئیسماعیل سەردەشتی کۆچی دوای کردووە بەڵام ھەفتانە دوو سیدی ئەو ھونەرمەندە دەکرم چونکە گۆرانیەکانی زۆرخۆش و گەنجانەیە ، ھەروەھا ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو کە پاش کۆچی دوای ئیسماعیل سەردەشتی ھونەری کوردی تاموچێژی نەماوە و بەندبێژێکی وەکو ئەو نابێتەوە چونکە ھیچ ھونەرمەندێک نەبوو شان لە شانی ئەو ھونەرمەندە گەورەیە بکات .
رۆژانە ٦٥ سیدی ئەردەلان بەکر و ئیسماعیل سەردەشتی دەفرۆشم !
مەریوان جەبار کە لە بازاری فەرھادی نوێ سیدی دەفرۆشێت ئەو گوتی ” سیدی ئیسماعیل سەردەشتی و ئەردەلان بەکر زۆر دەفرۆشێت و رەواجێکی زۆریان ھەیە و ڕۆژانە نزیکەی ٦٥ سیدی ئەو دوو ھونەرەمەندە دەفرۆشم ، ئەو کاتەی کە ھەواڵی کۆچی دوای ئەردەلان بەکر ڕاگەیەندرا بۆ بەیانیەکەی ١٤٠ سیدی ئەوم فرۆشت ، ناوبراو گوتیشی ” ئەو خەڵکانەی کە دێن سیدی بکڕن زۆربەیان داوای سیدی خێرا واتە ھەڵپەرکێ دەکڕن و سیدی عاتفی زۆربەکەمی دەفرۆشێت تەنھا ھونەرمەند فەرھاد زیرەک نەبێت کە بە بەردەوام خەڵک داوای دەکات دەتوانم بڵێم رۆژانە ٤٠ نوسخەی لێ دەفرۆشم ، لە کۆتایی قسەکانیدا مەریوان گوتی ” بەگشتی سیدی ئەو ھونەرمەندانەی کە کۆچیان کردووە زۆر داواکاری لەسەرە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی ماون لە رەسەنەکان عەلی مەردان و مامۆستا حەسەن زیرەک .
تەنھا سیدی گۆرانی بێژە کۆنەکان دەکڕم !
کاوان خۆشناو پێیوایە کە گۆرانیە کەونەکان رەسەن تر و خۆشترە بە بەراورد لەگەڵ نوێیەکان ھەروەک خۆی باسی لێوەدەکات کە زۆری و بۆری تێکەوتووە ھەر شتێکیش زۆری و بۆری تێکەوت خراپ دەبێت ھەڵبەتە بواری ھونەری کوردی بە تایبەت گۆرانی زۆری و بۆری تیًکەوتووە بۆیە حاڵی گۆرانی کوردی بەرەو خراپ بوون دەچێت ، ناوبراو گوتیشی ” ئێستاش کە سیدی دەکرم زۆربەیان سیدییە کەونەکان دەکرم چونکە تاموچێژی لێوەردەگرم و یادگاریم لەگەڵیان ھەیە بە تایبەت ھونەرمەندی گەورەی کورد حەمە جەزا ، کاوان سەبارەت بە ھۆکاری گوێ نەگرتی لە گۆرانی ئێستا گوتی ” ووشەکانی زۆر نەشیاو ناشیرینە و بە سینگ و باڵی کچاندا ھەڵدەڵێت بەڵام گۆرانیەکانی پێشتر وانیە زیاتر باسی سروشت و نیشتیمانی و کوردپەروەرییە بۆیە ئێستاش ووشەکانی لەسەر لێوانی خەڵک ماوەتەوە .
سیدی ئاینی داواکارییەکی زۆری لەسەرە !
سامان شەیدا کە خاوەنی تۆمارگای شاگوڵە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە ئێستا سیدی ئاینی داواکاری زۆری لەسەرە بە تایبەت ووتارەکانی مامۆستا مەلا مسعود کە خەڵکێکی زۆر دەیکڕن ھەروەھا ئەوەندەی سیدییە ئاینیەکان دەروا سیدییە گۆرانیەکان ناروات لەگەڵ ئەوەشدا گوتیشی ” رۆژ دوای رۆژ خەڵک زیاتر داوای سیدی ئاینی دەکات ، ھاوکات سیدییەکانی بەھجەت یەحیا و سامی یوسف و عەدنان کەریم داواکارییەکی زۆری لەسەرە رۆژانە دەبێت کۆپی بکەینەوە چونکە نامینێت .
چاومانە رۆستەم سابیر !
یونس سەدرەدین وەک گوێکرێکی گۆرانیە کۆنەکان گوتی ” ھەرچەندە گۆرانیە کۆنەکان کوالێتێکی بەرزیان نیە بەڵام ووشەکان و ئاوازەکانی خۆشن بۆیە سیدی ھەموو گۆرانی بێژە کۆنەکانم ھەیە و دەیان پارێزم ، لەگەڵ ئەوەشدا یونس گوتی ” ھەر جارێک سەردانی بازاربکەم سیدییەکی ئیسماعیل سەردەشتی یاخود ھونەرمەندی جوانەمەرگ رۆستەم سابیر دەکرم چونکە ئەوان ھونەری کوردییان قۆناغێک بردە پێشەوە ھەروەھا تا ئەوان بە دەنگە خۆشەکانیانەوە ئاھەنگیان دەڕزاندەوە گۆرانی بێژ نەبوون بۆیە دەبێت ناویان بچێتە مێژووی ھونەری کوردییەوە ، ھەروەھا دەمەوێت لێرەوە ئەوەش روونبکەمەوە کە ووشەی چاومانە کە ئێستا لە ناو خەڵکی باوە ھونەرمەندی کورد رۆستەم سابیر کردییە سەر لێوانی خەڵک و لەوییەوە سەرچاوەی گرت .