ئەو هەمیشە دوای بێدەنگییەکی زۆر، بەبەرهەمێکی ناوازە دێتەوە دیدارمان و پێمان دەڵێ، من هەر ئەوکەسەم کەبەڵێنی خزمەتکردنم بەهونەری کوردی دابوو، هەر ئەو کەسەم کەخۆشەویستی کوردستان و هونەرەکەم لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە.
هونەرمەندی گۆرانیبێژ زەکەریا عەبدوڵڵا دوای ئەوەی چەندین ئەلبومی گۆرانی پێشکەش بەهونەری کوردی و گوێگران و شەیدانیانی هونەری کوردی کرد، لێرەو لەوێ، هەریەکێک بەجۆرێک زۆر بەکوێرانە کەوتبوونە شەن و کەوکردنی خودی ئەو هونەرمەندەو هونەرەکەشی، لەژێر چەندین ناو، ناوو ناتۆرەو قسەی بێماناو بێبنەمایان بۆ دروست ئەکرد، جارێک دەیانوت لەبەر بازرگانی جارێکی بەناوی جیاجیا قسەیان بۆ دروستدەکردو تەنانەت ئەیانوت وازی لەهونەرەکەشی هێناوە، بەڵام ئەو هونەرمەندە دڵ گەورەیە بەردەوام بەبێدەنگی و بەبەرهەمە هونەرییەکانی وەڵامی ئەو قسەو پڕوپاگەندانەی داوەتەوەو هاتۆتەوە گۆڕپانەکەوە.
لەنوێترین کاریشدا کە گۆرانی (بۆ کوردستان) بوو، هەموومان لەڕێگەی کەناڵەکانەوە ئەم گۆرانییەمان بینی و گوێبیستی بووین، کە بەقسەی هەندێک لەهونەرمەندان ئەمە شاکارێکی تری هونەرمەندە بۆ کوردستان، کە ئەکرێ بڵێین ئەمە یەکەم بەرهەمی نییەو لەچەند ساڵی رابردووشدا چەندین بەرهەمی تری بۆ سروشتی کوردستان و خۆشەویستی شارو شارۆچکەکانی کوردستانی گەورە تۆمارکردووە.
من وابزانم زەکەریا عەبدوڵڵا ئێستا پێویستی بەوە نەماوە کەسانێک هەبن بەباشە یان بەخراپە باسی بکەن، چونکە مێژووی هونەرو بەرهەمەکانی ئەو خۆیان سەنگی مەحەکن، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە بۆ هەموو ئەوانەی کەماوە ماوەو لەکاتی بێ ئیشیاندا زۆر بێڕەحمانەو زۆر بێ بەزەییانە نوکی قەڵەمەکانیان دەخەنە سەر کاغەزو ئەوەی بەمێشک و خەیاڵیاندا بێت ئەینووسن، ئێستا لەکاتی لەدایکبوونی بەرهەمێکی لەو شێوەیەو لە پێشوازیکردنی ئەو هەموو کەناڵانەی راگەیاندن و ئەو جەماوەرە زۆرە، ئایا ئەوانە چ وەڵامێکی قسەکانی خۆیاندەدەنەوەو چی بەخۆیان دەڵێن؟، چۆن جارێکی تر زاتی ئەوە ئەکەن دەست بەرنەوە بۆ قەڵەمەکانیان بیر لەنووسین بکەنەوە؟.
بەتایبەت لەچەند رۆژی داهاتوودا کە هونەرمەند زەکەریا کارەکانی ئەم ئەلبوومەی تەواو ئەکات و سیدییەکەی بڵاو دەکاتەوە، ئایا ئەوکاتە وەڵامی ئەوانە چی ئەبێت کە هەمیشە باس لەدوور کەوتنەوەی هونەرمەند زەکەریا ئەکەن لەهونەر؟.
بۆیە پێویستە ئیتر بەئەمەک و بە ویژدان و بەچاوێکی جوان بینییەوە لەهونەرمەندان و لەبەرهەمەکانیان بڕوانین، بەتایبەت هونەرمەندێکی وەکو زەکەریا کە نەک هەر لەناو کورددا، بەڵکو گەیشتۆتە ئەوەی کەسەرنجی هونەرمەندانی عەرەب و بیانیش بۆ هونەری کوردی رابکێشێت و ببێتە مایەی سەرسوڕمانیان کە هونەرمەندێکی کورد لەو ئاستە بەرزە دابێت.
بانو عومەر