رۆڵی هزرو سروش لەکاری هونەریدا
ستار قادر—سلێمانی
هونەرمەند لەژیانی هونەریدا بینای کارە هونەریەکانی لەسەر حاڵەتە سایکۆلۆژیء دونیا بینینە هزریەکانی دەکات کەبێ گومان لەگەڵ ئەمانەدا کاریگەریەکانی دوروبەریشی لەسەر دەبێت و رۆڵی خۆی دەبینێت لەوکایەی کاری تێدا دەکرێت، هەموو کارێکی هونەریش بەردەرنیە لەو فاکتەرە گرنگەی کەپەیوەستە بە شتە وردو درشتەکانی مرۆڤ کەراستگۆییە لەتەک خۆی و لەگەڵ ئەو بەرهەمەی کەبەئەنجامی دەگەێنێت هەندێک جار وا لەکارێکی هونەری دەڕوانرێت کە دووربێت لەکاریگەرییە دەرەکیەکان بەڵکوو مۆتیڤە سەرەکیەکەی لەناخوود ئاگاییەوە دێتە بەرهەم و دەخرێتە روو ئەگەر چی ئەم حاڵەتە بڕێکی زۆر لەراستی تێدا رەچاو دەکرێت بەڵام هەر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و بێ ئەوەی دەرکی پێ بکرێت لەژێر کاریگەریە (خود/بابەت)یەوە سەرچاوە دەگرێت وەک ئەوەی کە ناخوود ئاگاش سەرچاوەکەی هەر دەچێتەوە سەر دەوروبەرو ئەو روانینەی کەسێتی هونەرمەند، دەنا ئەوەی کە پێی دەڵێن سروش دیاردەیەک نیە لەغەیبانیەوە سەرچاوە بگرێت بەقەد ئەوەی کەلەکاتء شوێنێکی نادیاردا وەک بیرۆکەیەکی بارگاوی بەهەستء سۆز دەبێتە هەوێنی کارێکی داهێنەرانە. ئەمەش بەچەند قۆناغێکدا تەی دەکات.
کاتێک هونەرمەند لەسەرەتاوە دەست بەکارێک دەکات کەپێشتر بیرۆکەیەک یان هەستء سۆزێک وەک ئایدیا بوونی هەیە دواتر ئەو بیرۆکەیە تەکنیکء شێوزای کارکردن بەدوای خۆیدا دەهێنێت دیارە بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت پاشخانی هونەرمەند لەرووی حرفەییء ئەزموونیەوە ئەوەندەی لەباردا بێت کەبتوانرێت ئەو هەستء سۆزو ئایدیا سەرەتاییە بەفۆرمێکی پێشتر نەبینراو دەرببڕێت.
رۆڵی هزر لەم میانەدا لێرەدایە ئەوەشی کەپێدەڵێن (سروش، ئیلهام) سەرەتای دەرکەوتنی یەکەمی ئەو ئایدیاو هەست و سۆزە بارگاوییە بەهزرو ئیدى رۆڵی هزرو پاشخانی تەکنیکی و پرۆسەی پراکتیکی کارکردنی هونەری زیاتر هزرە رۆڵی سەرەکی تێدا دەبینرێت وەک چۆنیەتی داڕشتنیی و خەسڵەتە ئیستاتکییەکانی کەبەبێ ئەوە نەشیاوە بەو کارە بوترێت کاری هونەری و بەخشینەکانی چێژە ئیستاتکییەکەیە کەوا لەبینەران دەکات کێش بکرێتە نێو کۆی ئەتمۆسفیری کارە هونەریەکە.
***هزر بەواتای (بیر یاخوود)فکر دێت هەروەها سروش بەواتای ئیلهام هاتووە لەم نوسینەدا