زانا دڵشاد دزەیی: گۆرانیبێژ موژدین ساڵح خەریکی وەرزشکردنە بۆ دابەزاندنی کێشی لە ٨٥ کیلۆ بۆ ٧٠ کیلۆ بەڵام ئەو دەیەوێت بگاتە ٦٥ کیلۆ، تاوەکو ئەوکاتە نایەوێت وێنەی تازەی بڵاوبکرێتەوە، چونکە دەڵێ “دەمەوێ لەشم وێنەیی بێت، نەک سێکسی دەرکەوم”.
موژدین ساڵح، کە ئێستا لەوڵاتی ھۆڵەندا نیشتەجێیە بە (سڤیل)ـی راگەیاند، ماوەیەکە پرۆژە ھونەرییەکانی راگرتووە و دەستی بە دابەزاندنی کێشی کردووە، لە ٨٥ کیلۆ ئێستا ھاتۆتە ٧٠ کیلۆ، دەڵێت “بەڵام بڕیامداوە ٥ کیلۆی تر لە کێشم دابەزێنم، ھەتا بگەڕێمەوە ئەو کێشەی کە لە کلیپی پەیامی عەشق دەرکەوتم، دکتۆرەکەم رێکەی پێدام، بەڵام گوتی لەوە زیاتر دبەزی تووشی کێشە دەبی، راست دەکات کاتێک کێشم ٦٢ کیلۆ بوو دووجار بوورامەوە، خواردنم زۆر کەم بوو، نەدەگەیشتە خواردنی منداڵێکی پێنج ساڵان”. موژدین ئاماژەی بەوەشدا لەبەرئەوەی درێژی باڵای ١٧٠ سم، ئێستا ھەست ناکات کێشی زۆرە، “بەڵام پێم خۆش نییە وروژێنەر و سێکسی بم، بۆیە دەمەوێت زیاتر کێشم دابەزێنم”.
ئێستا موژدین بەپێی رێنمایی دکتۆرەکەی خواردن دەخوات و دەڵێت “بە گرام خواردن دەخۆم، بۆ نموونە ٢٠٠ گرام میوە، ھەروەھا ٢٠٠ گرام سەوزە، لەگەڵ ئەوەشدا نانی قاوەیی و ئەوروپی دەخۆم، لەگەڵ خواردنەوەی ئەو شیرەی کە من ئازار دەدات، لەبەرئەوەی دکتۆر بۆی نووسیووم کە ماست بخۆم، بەڵام ماستی لای خۆمان قەدەغەیە، ئای کە ناخۆشە! چونکە زۆر حەز بە ماستی یۆنانی دەکەم، وەک ماستی خۆمان چەورە”.