نەریتێکى کۆن و گڵاو هەیە کە هەموومان لێی ناڕازین و نەفرەتى لێ دەکەین، هەمووشمان لەوانەیە بکەوینە ژێر کاریگەرى، ئەویش زیندوو کوژی مردوو پەرست، لەوەتەى بیرم دێ هەر کەسێک کە دەمرێ ئەوجا حکومەت و لایەنى پەیوەندیدار دێتەوە یادیان کە ئەو کابرایە شۆڕشگێڕ یا هونەرمەند یا نووسەر و رۆژنامەنووسێکى بلیمەت بووە، بەر لە مردنیشی کەسێک نییە ئاوڕی لێ بداتەوە و کارەکانى بۆ مەیسەر بکا، کەچی کە دەمرێ بەناوى دڵسۆزى و خزمەتکردنییەوە یاد و چلەى بۆ دەکەن و پارەیەکى زۆری بۆ لە شتى باق و بریق سەرف دەکەن، کە دڵنیام ئەگەر ئەو پارەیەى لەو جۆرە یادانە سەرف دەکرێ کە زیندوو بوو بەدیارى پێیان بدابا ئەوا ژیانى دەگۆڕی، وەلێ کە زیندوو بوون بۆیان نەدەکردن و دەبووا ئەو برادەرە دەیان واستە بکا تەنها بۆ ئەوەى بگاتە لاى یەکێک لە لێپرسراوان تەنها بۆ ئەوەى ئێش و ئازارى خۆى پێیان بڵێ، کەچی نەدەگەیشتێ، لە چلەکەشیدا دەڵێن ئەو کەسێکى وا بوو، بەڵام ئەسەف وێڕانەگەیشتین یارمەتى بدەین.
لەوە گرنگتر ئەوەیە هەموو جارێک وەکو قەوانێکى سواو لە دەمى بەرپرسانى حکومەت گوێبیست دەبین کە دەڵێن با لەمەودوا مردوو پەرستى زیندوو کوژ نەبین، کەچی هەر کە لە رێوڕەسم و چلەکە چوونە دەرەوە ئەو قسەیەیان لەیاد نامێنێ، من بە هەموو جۆرێک ئەو شتە رەت دەکەمەوە و ناشمەوێ ئەو نەریتە ناشیرینە بمێنێ، کە کابرایەک تا زیندوو بوو لەداخى ئاورلێ نەدانەوە و خزمەت نەکردن کۆچی دوایی کرد، کەچی دواتر چلەى بۆ بکەن، من بەوە دەڵێم بازرگانى کردنى رەش بە گیانى مرۆڤە جوان و بە ئەزموونەکان.
ئەوەى لێرەدا گەرەکمە باسی بکەم دوو هەوڵی جوانە، کە مایەى ئەوەن دەتخۆشیان لێ بکرێ، ئەگەرچی هێشتان هیچ یەک لەو هەوڵانە بە ئەنجام نەگەیشتوون، وەلێ لە نزیکەوە ئاگادارم کە بەرنامەرێژیان بۆ کراوە و لە ئایندەیەکى نزیکدا بە ئەنجام دەگا، ئەوانیش رێزلێنانى لقی هەولێری کۆمەڵەى هونەرەجوانەکانى کوردە لە هونەرمەندى گەورەى شارى هەولێر محەمەد ئەحمەد ئەربیللی، دووەمیشیان رێزلێنانى هونەرى ناوەندى هەولێری رێکخراوى هونەرمەندانى کوردستانە بە هاوکارى پارێزگاى هەولێر لە هونەرمەند گۆڤار ئەنوەر، کە لەو بڕوایەدام ئەو دوو هەوڵە لە هەوڵە جوانەکان و جوانترینەکانى ساڵی “2010”ن، با ئەو هەوڵانە ببنە هەوێن بۆ بەردەوامبوونى ئەو جۆرە کارانە، کێ هەیە نکۆڵی لەوە بکا محەمەد ئەحمەد ئەربیللی شایانى ئەوە نییە رێزى لێ بنرێ، گۆڤار ئەنوەرێکیش کە یەکەم هونەرمەندى شارى هەولێربێ کە بەسەر فەرشی سوورى فێستیڤاڵی پوسانى نێودەوڵەتى سینەمایی کەوتبێ بۆچی شایانى ئەوە نییە رێزى لێ بنرێ، نابێ ئەوەشمان لەیاد بچێ کە بەدەیان و بگرە سەدان هونەرمەندى کورد هەن شایانى ئەوەن رێزیان لێ بنرێ و مەدالیاى ئاڵتوونى بکرێتە ملیان، ئەو رێزلێنانە هۆکارێکە بۆ داهێنانى زیاتر و بەردەوامبوونى گەورەتر.
مەسعودى مەلا هەمزە