بەپێى دوایین هەواڵى لە ستافى بەرنامەى( زووم ئین )لە سەتەلایتى کوردستانى ئورگانى پارتى دیموکراتى کوردستان، لەسەر داواى وەزیرى هەرێم بۆ کارووبارى ناوخۆ و بەرێوبەرى پۆلیسى هەولێر نابێت چیتر ئەو بەرنامەبە پەخش بکرێت و ئەمجارەشیان دوا ئەلقەى دەبێت و ستافەکەى لەبەر هەرەشە ى گرتن و کوشتنى لەلایەن پۆلیسى هەولێرەوە ناتوانن چیتر بەردەوام بن،گوایە لەم بەرنامەیە سەرپێچیەکى زۆر نیشان دەدرێت و زۆرێک لە تاوان و دیاردە نەشیاوەکان باس دەکرێت ئەمەش(وێنەیەکى ناشیرت نیشانى دەرەوە دەدرێت) و ئەو (هێمنى و ئاسایشەى خەڵکى کوردستان و ئەزمونەکەیان) دەکەوێتە مەترسییەوە و زانیاریەکان وەکو خۆى دەگاتە خەڵک!
پێش هەموو شتێک پێویستە ئاماژە بەوە بکەین دەسەڵاتدارانى کوردستان ناتوانن بە راگرتن و نەمانى چەند بەرنامەیەکى وەکو( زووم ئین )، هەموو ئەو ناشیرنانە بشارنەوە کە بە درێژاى ئەو 17 ساڵى رابردوو کاریان لەسەر کردووە و کردوویانە بە نسیبى خەڵکى کوردستان ،دیاردە شەرمهێنەرکان هێندە زۆرن پێویستى بە ستاف و بەرنامە و کامێرا نیە بۆ نیشاندان،هەر کوچەو کۆڵانێک،پارک و دەروازەیەک،زانکۆ و قوتابخانەیەک،شەقام و فەرمانگەیەک بگریت پریەتى لە کارى نابەجێ و زووڵم و چەوساندنەوە.
ئەوەى جێگاى خۆشحاڵیشە، ئیستا خەڵکى کوردستان هۆشیارن و لاپەرەى سپى دەخوێننەوە و هەموو ئەو کارە نەشیاوانەى بەرپرسان و نایەکسانى و ناعەدالەتى و زووڵم و زۆردارى و ئازاردان و کوشتن و برین و بەدئەخلاقیەکانیان ،لەبەرچاوى خەڵکەوە روون و ئاشکرایە و رۆژانە لە دەمى خەڵکەوە دەگوازرێتەوە و ژورنالیستەکانیش مشتێکیان لە خرمانەکە خستۆتە روو.هەر لەم مانگە و لە دواین راپۆرتى رێکخراوى ئەمنستى ئەنتەرناشوناڵ و مانگە سورى عێراقى و وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا و رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى،چەندین راپۆرتى تر بۆ هەموو دونیا راگەیاندرا کە لە کوردستاندا سەرەتاترین مافە ئازادییەکان و مافە فەردى و مەدەنیەکان،لە هیچ کونجێکى ئەو وڵاتە بوونى نیە،بەهۆى نەبوونى سیستەمێکى مۆدێرن و عەدالەتى کۆمەڵایەتى و یاساو دەستوورێکى کە لەسەر هەموو کەسێک جێبەجێ بکرێت، رۆژ لەدواى رۆژ رێژەى تاوان و کوشتن و برین و دزى لە گوند و شارەکانى کوردستان روو لە زیادبوونە، گوزەرانى بەندییەکان و گیراوەکان لە ناخۆشترین وەزعیەتدا راگیراوە،رفاندن و بێ سەرشوێن کردن لەسەر بنەماى جیاوازى بۆچوون و بیروباوەر بەرێژەیەکى بەرچاو بەدیدەکرێت،کوشتنى ناموسى بۆتە دیاردە….،بەڵى هەموو ئەمانە بەشێک بوون لەو زانیاریانەى کە لە راپۆرتى هەموو رێکخراو ژۆرنالیست و پەیامنێر و باڵوێزەکانى وڵاتان ئاماژەى بۆ کراوە و رۆژانەش بە بەرچاوى خەڵک روو دەدەن،بۆیە پێویست ناکات پۆلیس و ئاسایش لە هەڵى شاردنەوەیان بێت و بە داخستن و هەرەشە کردن لە ستاف و چەند بەرنامە و رۆژنامەنوسێک،ناتوانن ئەو راستیانە پەردە پۆش بکەن.خاڵێکى تر پێویستە لەبەرچاوى بگرین ،ئێوە سەیر کەن کەسانێک و بەرنامەیەک لە گەورەترین و بەهێزترین دەزگاى حیزبى دەسەڵاتدار نەتوانن پەیامەکەى خۆیان بگەیەنن و راستیەکان نیشان بدەن دووچارى هەرەشە و داخستن ببنەوە،کەسانێکى ئازاد و سەربەخۆ و دژە بۆچوون و ئەفکارى دەسەڵات،چۆن دەتوانێ بیروباوەرى خۆى بگەیەنێ!؟بێگومان هەموو ئەو کەسانەى کە وویستویانە پەیامى رۆژنامونوسى خۆیان بکەن و کارى خۆیان بکەن دووچارى گەورەترین ئێش و ئازار و کێشە و گرفتى جۆراو جۆر بوونەتەوە،دوایین هەوڵیشیان پەلکێش کردنیانە بۆ دادگا و مەحکوم کردنیان بە یاسا و دەستورى لاستیکى خۆیان.داخستنى بەرنامەى زووم ئین و هەرەشە کردن لە ستافەکەى، بۆ چەندین جارى تر تاکیدى لەسەر ئەوە کردەوە کە سەرەتاترین ئازادییەکان لە کوردستان لە ژێر پرسیاردایە،هەوڵێکى لەرزۆکانەى ترە بۆ پەردەپۆش کردنى راستیەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە،دەمکوتکردنەوەى ئەو شەپۆَلە نارەزایەتییەى خەڵکى کوردستانە بۆ دەست راگەیشتن بە ژیانێکى باشتر و ئایندەیەکى رۆشنتر و سەر لێشێواندنیان،بۆیە پێویستە لەلایەن سەرجەم خەڵکى کوردستانەوە لەگەڵ نارەزایەتیەکى فراواندا روو بە روو ببێتەوە.