قاچاغچییەكى كوردستانى رۆژهەڵات:
زۆرجار ئەسپەكان سەرخۆش دەكەین هەتاكو لەشیان گەرم بێت
قاچاغچییەكى كوردستانى باشور:
هەندێك رۆژ بەهۆى بونى كەمینەوە هیچ قاچاغچییەك نایەت بەمدیودا
مەرزى مەشروبەكە ئەو مەرزەیە كە دەكەوێتە نێوان قەزاى پێنجوێن و مەرزى باشماخ، لەوێشەوە بە شارى مەریوانى كوردستانى رۆژهەڵاتەوە دەبەسترێتەوەو كۆمەڵێك قاچاغچى كوردى كوردستانى باشورو رۆژهەڵات رۆژانە یاخود شەوانە بە وڵاخ و ئۆتۆمبیل خواردنەوە كحولییەكان لە مەرزەكەوە بۆ شارى مەریوان و شارەكانى ترى ئێران رەوانە دەكەن. ئەو قاچاغچییانەى لەو مەرزەدا كاردەكەن هەریەكەیان چیرۆكێكى تایبەت بە خۆیان هەیەو چەندین رووداوى سەیرو سەمەرە دەگێڕنەوە، هەندێكیان (بە تایبەتى كوردەكانى كوردستانى رۆژهەڵات) ناوێرن لێدوان بۆ كەناڵەكانى راگەیاندن بدەن بەڵام پاش ئەوەى دڵنیامانكردنەوە كە ناوى خوازراویان بۆ بەكاردەهێنین و گرەنتى تەواومان پێدان كە ناویان نەهێنین ئینجا رازیبوون سەرگوزەشتەى خۆیان لەو مەرزەدا بۆ چاودێر بگێڕنەوە.
شوێنى جوگرافى مەرزەكە:
مەرزەكە دەكەوێتە نێوان قەزاى پێنجوێنى سەر بە پارێزگاى سلێمانى و مەرى باشماخەوەو سەرەتا بە رێگەیەكى تۆزێك هەورازدا سەردەكەویت و پاشان لەناو دۆڵێكى دڵڕفێندا كە پڕە لە سەوزایى و درەخت كۆمەڵێكى زۆر لە وڵاخ و ماشێنى تایبەت بەو كارە قاچاغە بەدیدەكەیت كە ئۆتۆمبیلەكانیش چەند ناوێكیان هەیە دیارترینیان شلەخەجىَ و میك زەمینییە. لە بەشى سەرەوەى دۆڵەكەدا چەندین ژوور و كۆڵیت و كەپر بەدیدەكرێن كە قاچاغچییەكان بۆ كاتى حەوانەوەو نانخواردن بەكاریدەهێنن.
ئەو ژوورو كۆڵیت و كەپرانە زیاتر تایبەتن بە قاچاغچییە كوردەكانى كوردستانى باشور چونكە ئەوان لە سلێمانى و شارەكانى ترى كوردستانى باشورەوە مەشروبەكە دەگەیەننە مەرزەكەو ئامادەى دەكەن بۆ قاچاغچییە كوردەكانى كوردستانى رۆژهەڵات و هەر قاچاغچییەكى كوردى باشوریش چەند مشتەرییەكى تایبەتى لە قاچاغچى كوردى رۆژهەڵات هەیەو لە نیوەڕۆشدا ئەسپەكانیان لەنێو سەوزایى درەختەكاندا دەبەستنەوەو ئالیك و ئاویان بۆ دادەنێن و بارە مەشروبەكانیش لەناو چەند گوێنییەكى زەردو سپیدا بەشێوەیەكى زۆر تۆكمەو پتەو دادەنێن هەتاكو كاتى ئەوە دێت كە بە قافڵە و تاك تاك بارەكە لە ئەسپەكان و ئۆتۆمبیلەكان بنێن و سەفەرى مەرگ دەست پێبكەن، چونكە زۆربەى كات لەلایەن پاسدارەكانى كۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە شەوانە یان رۆژانە بۆسەیان بۆ دادەنێن. پاسدارەكان بەزۆرى فیشەك دەنێن بە ئەسپەكانەوەو دەستبەجىَ لەو شوێنەدا كە فیشەكەكەیان بەردەكەوێت دەتۆپن و خاوەنەكانیشیان بەدەستى بەتاڵ را دەكەن و ناوچەكە بەجێدەهێڵن، ئیتر یان دەگەڕێنەوە بۆ ناو شارى مەریوان یان دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ مەرزى مەشروبەكە ئەمە بەدەر لەوەى هەندێكجاریش قاچاغچییەكان دەبنە قوربانى.
قاچاغچییەكان كێن:
قاچاغچییەكانى ئەو مەرزە لە كۆمەڵێك خەڵكى هەژارى هەردوو كوردستانى باشورو رۆژهەڵات پێكدێن كە لە پێناوى دابینكردنى ژیانى رۆژانەى خۆیان و ماڵ و منداڵیاندا رۆژانە یاخود شەوانە سەفەرێكى پڕ لە مەترسى دەگرنەبەر، بڕى ئەو پارەیەى كە ئەو قاچاغچییانە لەو كارە دەستیان دەكەوێت ئەگەر بەراورد بكرێت بە مەترسى رێگەكە دەبینیت پارەیەكى زۆركەمەو بژێوى و پێداویستى ژیانى خۆیان و منداڵەكانیانى پىَ دابین ناكرێت، بەڵام لەبەرئەوەى ژیان لە ناوچە سنورییەكاندا قورسترە وەك لەناوچە شارنشینەكاندا (بەهۆى نەبونى ئیش و دەسترەنگینی لەلایەن خەڵكى ئەو ناوچانەوە) بەهیچ جۆرێك سڵ لە مەترسییەكانى ئەو كارە ناكەنەوەو بەشێكى زۆرى قاچاغچییەكانیش خۆیان مەشروب خۆرن و شەوانە بڕێكى زۆر دەخۆنەوە بەتایبەتى قاچاغچییەكانى كوردستانى رۆژهەڵات بەڵام وەك خۆیان باسى دەكەن سەرەڕاى ئەو بڕە زۆرەى دەیخۆنەوە سەرخۆش نابن و كارى غەڵەت بەرانبەر بە كەس ناكەن ئەگەرچى هەندێكیان بەتەواوى هۆگرى مەشروب بون و ناتوانن دەستبەردارى ببن.
پێش سەفەر ئەسپەكان چۆن سەرخۆش دەكرێن؟
جەمال یەكێكە لەو قاچاغچییانەى كە ئۆتۆمبیلى نییەو بارەكانى بە وڵاخ دەگوێزێتەوە، سەبارەت بە پرسیارێكمان كە ئایا ئەسپەكان پێش ئەوەى بارەكانیان لێبنرێن و ئامادەبكرێن بۆ دەرچون مەشروبیان دەدرێتىَ؟ ناوبراو وتى: لە ئێستادا ئەو دیاردەیە لە جاران كەمتر بۆتەوە چونكە پێشتر بڕێكى زۆریان لە مەشروب لەگەڵ كا دا بۆ تێكەڵ دەكردن و دەرخواردى ئەسپەكانیان دەدا ئەوانیش زۆرباش دەیانخواردەوەو لەشیان گەرم دەبوو لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەى ئەسپەكان توشى سوتانەوەى گەدە دەهاتن و نەخۆش دەكەوتن بەڵام بۆئەوەى ئەو رێگایە بەشێوەیەكى خێرا ببڕن و ماندوونەبن خاوەنەكانیان هەر ناچاردەبوون كە مەشروبیان بدەنىَ، هەندێك قاچاغچى تر هەیە ئەو كارە ناكەن لەبەرئەوەى ئەگەر ئەسپەكەیان نەخۆش بكەوێت یان مردارببێتەوە ئەوا دەبێت بۆ ماوەیەكى زۆر بىَ ئیش بن و كار نەكەن چونكە هەندێك ئەسپ هەیە بە نزیكەى سىَ هەزار دۆلار بۆ چوار هەزار دۆلارەو ئەو بڕە پارەیەش بۆ خەڵكى ناوچە سنورییەكان زۆرە لەبەرئەوە قاچاغچییەكان هەوڵدەدەن لەكاتى پشودا زۆرترین خزمەت بە ئەسپەكانیان بكەن و زۆر ماندوویان نەكەن.
سەفەرى مەرگ بۆ ئەودیو سنور:
رێبوار یەكێكى ترە لەو قاچاغچییانەى كە لە مەرزەكەدا بنەو بارگەو مەخزەنێكى هەیە و خەڵكى كوردستانى باشورە. ئەو دەڵێت: رۆژى وا هەیە 20 نەفەر بۆ 30 نەفەر لە قاچاغچییەكانى كوردستانى ئەودیو دێنە لاى من مەشروب دەبەن بەڵام هەندێك رۆژ بەهۆى بونى كەمینەوە هیچ قاچاغچییەك ناتوانێت بێت بەمدیودا، سەبارەت بە پەیوەندى خۆى لەگەڵ قاچاغچییەكانى ئەودیودا ناوبراو وتى پەیوەندییەكى پتەوم هەیە لەگەڵیانداو زۆربەیان ئەگەر كەمین نەبێت بۆ ماوەى دوو سەعات تا سىَ سەعات لاى من دەمێننەوەو جارى واش هەیە بۆ ماوەى سىَ رۆژ لە ترسى كەمین لێرەدا پەكیان دەكەوێت و دەرناچن.
دەربارەى چۆنێتى مامەڵە لەگەڵ قاچاغچییە ئێرانییەكاندا رێبوار دەڵێت: ئیشەكەمان هەمووى قەرزى تێدەكەوێت و زۆرجار لەو رێگایە پارەشمان دەفەوتێت و كارتۆنە مەشروبەكان لەلایەن پاسدارەكانەوە دەستى بەسەردا دەگیرێت و قاچاغچییە ئێرانییەكانیش ناتوانن ئەو بڕە پارە زۆرە بدەنەوە، بۆ نمونە لەم ماوەیەدا 180 كارتۆنى من گیراوە كە بایى 3 ملیۆن دینارەو تا ئێستا نەیانتوانیوە پارەكەم بدەنەوە لەگەڵ ئەوەشدا هەر ناچارم بارى تریشیان بدەمىَ بۆئەوەى بەردەوام بن لەسەر ئیشەكەیان و بتوانن لە ماوەیەكى دیاریكراودا پارەكەم بۆ بگێڕنەوە ئەگەرچى زۆرجار بە فیشەك لە ئەسپەكانیان دەدرێت و ئەو زەرەرەش دەچێتە سەر ئەوانى تر و دەبێتە دووقات.
دواتر كامەران كە قاچاغچییەكى ترى كوردستانى باشورەو سەرگەرمى چا خواردنەوە بوو وتى: بەداخەوە كاتێك ئێمە مەشروبەكان لە سلێمانییەوە دەهێنین بەهیچ جۆرێك لەسەرمان ناوەستن و دەبێت دەستبەجىَ پارە بە خاوەنكارەكان بدەین و بەهیچ جۆرێك قەرز قبوڵناكەن و ئێمەش دەبێت بە قەرز بیدەین بەو قاچاغچییانەى كە بارەكان دەبەن بۆ كوردستانى ئەودیو، هەندێكجاریش ژمارەیەك لە قاچاغچیەكان لەلایەن پاسدارەوە دەكوژرێن و ئەوەى من تا ئێستا ئاگاداربم سىَ كەسیان (كە كوردى باشور بوون) لێكوژراوە سەرەڕاى كوشتنى بەردەوامى ئەسپەكانیان و مەترسى مین لە ناوچەو رێگاكەدا.
ئیسماعیل یەكێكى ترە لە قاچاغچییەكانى مەرزەكەو سەبارەت بە كارەكەیان بەمجۆرە بۆمان دوا: لە راستیدا ئێمە زۆربەى بارەكانمان مەشروبە بەڵام هەندێكجار گازوایل و بەنزینیش دەبەین كە ئەوە مەترسى زیاترە ئەگەر تەقەمان لێبكرێت چونكە هەندێك لە قاچاغچییەكان بە ئۆتۆمبێل بارەكانیان دەبەن و جارى وەها رێدەكەوێت كە چەندین فیشەك دەنرێت بە ئۆتۆمبیلەكەیانەوەو ئەگەر بەنزینى تێدابێت لەوانەیە قاچاغچى و ئۆتۆمبیل و بەنزینەكەش پێكەوە گڕ بگرن و بسوتێن، بەڵام گاز وایل و بەنزینەكە بە زۆرى لە كوردستانى رۆژهەڵاتەوە دێت بۆ باشور و مەشروبەكەش لە كوردستانى باشورەوە دەچێت بۆ رۆژهەڵات.
ئەنجام:
هەركەسێك لە نزیكەوە قسە لەگەڵ قاچاغچییەكانى ئەو ناوچەیەدا بكات هەست بەو مەترسى و ریسكە گەورەیە دەكات كە ئەو قاچاغچییانە لەڕێگەدا توشیان دەبێت بەڵام خەڵكەكە چونكە برسى و هەژارن گوىَ بەو مەترسییانە نادەن. پێدەچێت بە كوشتنى هەر كەسێك لەو قاچاغچییانە چەندین منداڵ بىَ باوك ببن و شیرازەى خێزانەكانیان تێكبچێت و ژیانى خێزانەكەش هێندەى تر قورس ببێت، لەبەرئەوە ئەركى سەرشانى هەردوو حكومەتى هەرێم و كۆمارى ئیسلامى ئێرانە كە لە ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتیاندا بە تایبەتى ناوچە سنورییەكان چەند پرۆژەیەك بكەنەوەو هەلى كار بۆ خەڵكى ئەو ناوچانە زیاتر بڕەخسێنن هەتاكو لەو ئیشە دوور بكەونەوەو ئیشێكى یاسایى و بىَ مەترسى بكەن و ژیانى خۆیان و خێزانەكانیان نەخەنە بەردەم چارەنوسێكى نادیار.