مەسعودى مەلا هەمزە: لە نوێترین بەرهەمى خۆیدا هونەرمەندى گۆرانیبێژ گۆران ساڵح کۆتایی هێنا بە کارەکانى نوێترین گۆرانى خۆی بەناوى “ئەى دنیا” کە هاوکات یەکێکە لە تراکەکانى نوێترین ئەلبوومى خۆی بەناوى “یادى تۆ”.
کلیپى (ئەى دونیا) بە سپۆنسەرى کۆمپانیاى السیویدى لە چەند ڕۆژێکى داهاتوو لە تەواوى کەناڵە ئاسمانى و ناوخۆیەکان بڵاودەکرێتەوە، شایانى باسکردنە کلیپى (ئەى دونیا) لە شارى دۆبرۆڤنیک لە وڵاتى کڕواتیا وێنەگیراوە و کە یەکێکە لە گۆرانیەکانى ئەلبومى (یادى تۆ)ى هونەرمەند.
لە لێدوانێکى تایبەتدا گۆران ساڵح گوتى:”بەر لە هەموو شتێک بە پێویستى دەزانم زۆر سوپاسى کۆمپانیاى (السیویدى بۆ کێبڵات)بکەم کەوا سپۆنسەرى سەرەکى ئەم کلیپەى منە و زۆر خۆشحاڵم بەوەى کە لە بەناوبانگترین شوێنى گەشتیارى ئەوروپا کە شەقامێکە لە ناو قەڵاى دۆبرۆڤنیک بەناوى (سترادوون) لە وڵاتی کرواتیا، کە مێژووەکەى دەگەرێتەوە بۆ (3500) ساڵ پێشى ئێستا، کارێک ئەنجام بدەم بە دەست و پەنجەى گەنجى کورد. بەپێى ئەو هەواڵەى کە لە ئاژانسى (سلۆبۆدنا دالما چیا)ى کرواتیى بڵاوبۆوە من یەکەم گۆرانى بێژی رۆژهەڵاتى ناوەراستم کە لەو شوێنە کلیپم کردبێ. دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە یەکەم جارە بەو جۆرە ستایلە کار بکەم وەکو کلیپ، بۆیە زۆر خۆشحاڵم بە کارەکە”.
گۆرانى (ئەى دنیا) تێکستى هونەرمەند گۆران ساڵحە و ئاوازى یۆنانیە و دابەشکردنى مۆسیقا (شیاو کەمال)ە. ئەم کلیپە لە وێنەگرتن و دەرهێنانى (یوسف ستار)ە و (کاروان زامدار) کارى مۆنتاژى بۆ ئەنجام داوە.