لە هەموو سەردەم و زەمەن و لە هەر بوارێکدا مرۆڤگەلێک هەبوونە جێ پەنجەیان دیار بووە بەسەر کار و پیشەکانى خۆیان، هونەرى کوردیش وەکو هونەرى هەموو گەلانى دیکە پێویستى بە کەسانێک بووە تاکو بەڕێوەى ببەن و داهێنانى جوانى تێدا بکەن و بەرەو پێشی ببەن. پێمان خۆش بێ یا ناخۆش بێ لەناو ئێمەى کورد ئەوەندەى بایەخ بە گۆرانى و گۆرانیبێژ دراوە، نیو ئەوەندە و زۆر لەوە کەمتریش بایەخیان بە مۆسیقا و مۆسیقاژەن نەداوە، ئاخر ئەوە پرسیارە، لە داهاتوودا ئەگەر یەکێک بێ و بیەوێ لەسەر مێژووى مۆسیقاى کوردى و مۆسیقاژەنەکان لێکۆڵینەوە بکا، بێگومان سەرچاوەیەکى یەکجار کەمى لەبەردەست دەبێ بە بەراورد لەگەڵ گۆرانیبێژ و شانۆکار و شێوەکار و سینەماکار، ئەوەش پێویستى بە لێوردبوونەوە و چارەسەر هەیە، ئاخۆ بۆچی ئەوەندە کەم بایەخ بە مۆسیقا دراوە لە کاتێکدا مۆسیقاى کوردى بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین مۆسیقاکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهان دادەنرێ، کەچی لەرووى ناسراوى و بایەخدانى راگەیاندنەکان بە کەسایەتییەکان ئەو شتە بەدى ناکرێ.
لەو پێشەکییەى باسمکرد بۆمان دەردەکەوێ مۆسیقاژەنى کورد چەندە بەدبەختە و چۆن رەفتارى لەگەڵ کراوە، کەچی لەو کەم بایەخپێدانەدا هونەرمەندێکى گەورەى وەکو قالەمەڕە بە شمشاڵەکەى خۆی ببووە یەکێک لە ناسراوترین هونەرمەندانى کورد لە ناو کوردستان و ئێران و بەشێک لە وڵاتانى جیهانیش، ئاخر قالە مەڕە شمشاڵەکەى کردبووە هەموو شتێک “لانکەى غەریبان و باوکى هەتیوان و هەموو کەسە بەدبەختەکان”، شمشاڵەکەى قاڵەمەڕە هێورکەرەوە و ئارام بەخشی دڵەکان بوو، لە بەرامبەر هونەرە بەرز و پایەدارەکەى قالەمەڕە کەسانێک هەن هەوڵدەدەن بۆ بەناو کارى نوێخوازى لە کۆمەڵگادا، کەچی ئەوان نیو ئەوەندە و بگرە زۆر کەمتریش لەوە نەیانتوانیوە بناسرێن و بەرهەمەکانیان ببێتە جێی دڵخۆشی گوێگران.
لەوانەیە وەڵامى ئەو پرسیارەى سەرەوەم ئاشکراو رەوان دیاربێ، چونکە شمشاڵەکەى قالەمەڕە بوو لە فێستیڤاڵە کوردی و سەرتاسەرییەکانى ئێران و جیهانیش خەڵاتى دەهێنا و دەبووە جێی سەرسوڕمانى ئامادەبووان، شمشاڵەکەى قالەمەڕە بوو هاوشانى گۆرانییەکەى حەسەن زیرەک تۆمار کراوە، کەچی تا ئێستاش ئەو بەرهەمانە هەر بە نەمری ماونەتەوە و ئێستاشی لەگەڵدابێ گوێگری کورد بە حەماسەوە گوێ لەو بەرهەمانە دەگرێ، کەچی لە بەرامبەر ئەوەدا بەرهەمگەلێک هەن کە بەناوى نوێخوازییەوە پێشکەش دەکرێن، زۆربەى گوێگری کورد بە جارێک و دووان لە گوێگرتنیان بێزار دەبێ، ئەوجا ئەوان بۆ ئەوەى زیاتر بەرهەمەکانیان بچێتە ناو ماڵان و خەڵک سەیری بکا دەیانەوێ لەرێی کلیپە رۆمانسییەکانەوە خەڵک سەیری بکا، کەچی لەوەشدا سەرکەوتن بەدەست ناهێنن، کەچی شمشاڵەکەى قالەمەڕە کەى لە کونج و بنەدیوارێک یا دیوەخانێک بژەنرابا ئەوا خەڵک زیاتر بە حەماسەوە حەزیان دەکرد گوێی لێ بگرن، بۆیە روون و ئاشکرایە کە شمشاڵەکەى قالەمەڕەى رەحمەتى بە نەمری دەمێنێتەوە و بەرهەمەکانى دیکەش دەبنە بڵقی سەر ئاو و دەتوێنەوە.
سەیرە و بەداخەوە تاکو قالەمەڕە لە ژیان مابوو کەس ئاوڕی لێنەدەدایەوە، کەچی ئێستا دواى مردنى نەک لە کوردستانى ئێران زێدى باب و باپیرانى خۆی بگرە لە ئەوروپاش یادى دەکەنەوە و فرمێسکى تیمساحى بۆ دەڕێژن. راستیان گوتووە دەڵێن کورد زیندوو کوژی مردوو پەرستە، بۆچی کە قالەمەڕە زیندوو بوو کەس ئاوڕی لێ نەدایەوە، ئاخر خۆ ئەو بەدبەختەى بێ دەنگیش نەبوو بەردەوام لە راگەیاندنەکان داواى هاوکارى دەکرد لە دەسەڵاتى کوردى تا چارەسەرى نەخۆشییەکەى بکەن، کەچی کەس ئاوڕی لێ نەدایەوە تاکو مرد، کە مردیش بروسکەى ماتەمینیان بۆ بنەماڵەکەى و هەوادارانى نارد و چلە و یادیان بۆی کرد، بێگومان ئەوەش پارەى تێدابوو بۆ خۆیان ئەگینا کەس نەیدەکرد، ئاخر گوناه نییە کەسێکى گەورەى وەک قالەمەڕە کە جگە لە هونەرەکەى ئەو کەسێکى نیشتمانپەروەر و دڵسۆز بوو بۆ خاک و نیشتمان و نەتەوەکەى، وا بەبێ نازى بمرێ و کەس نەبێ نازى هەڵگرێ، ئو فریشتە ئاسا بەر لە مەرگ وێڕاى ئەوەى کەس نەبوو ئاوڕی لێ بداتەوە کەچی ئەو هەولێری هەر لەیاد بوو بۆیە کە وەسیەتیشی کرد داواى کرد گەر مرد لە تەنیشت حەسەن زیرەک بینێژن و شمشاڵەکەى هاوڕێی چەند ساڵانیشی بێننە مۆزەخانەى هەولێر، ئەوە بە چەند بۆ هەموومان، لە کاتێکدا ئێمە فەرامۆشی دەکەین، کەچی ئەو وەسیەت دەکا دواى مردنى شمشاڵە هاوڕێ 40 ساڵانییەکەى بێننە هەولێر، ئەوەیە هەڵوێستى هونەرمەندى راستەقینە، کەچی دەسەڵاتى کوردى ئەو جۆرە هەڵوێستە نابینێ و دەچێ گۆرانیبێژانى دەرەوەى وڵات داوەت دەکا و بە دەفتەر دۆلاریان لێ سەرف دەکا و لە ئەوروپاوە دەیانهێنێتەوە بۆ ئەوەى کۆنسێرتێکى گۆرانى سازبکەن، کەچی یا سازى ناکەن، یا کە سازیشی دەکەن بە نیوەچڵییە و بەرهەمى غەیرە کوردى تێدا پێشکەش دەکرێ.
دەبێ کێ هەبێ بە قەد قالەمەڕە خزمەتى هونەرى کوردى کردبێ، راستە ئێمە مۆسیقاژەنمان زۆرە، بەڵام کێن ئەوانەى بە ئامێری فۆلکلۆری کوردى خزمەتى کورد دەکەن، قالەمەڕەیەک بە درێژایی تەمەنى خزمەتى کورد و هونەرى کورد و شمشاڵی کوردى کرد، ئەو شمشاڵەى زۆرجار بەناو نوێخوازەکان بە ئالەتى نازانن و پێیانوایە ئەوە تەنها بۆ برا شوانەکانە و دەبێ ئەوان لەکاتى مەڕدارى بیژەنن، نەک ئەو ئامێرە لە گۆرانییەکان بەکاربێ، کەچی قالەمەڕە بەو شمشاڵەى لە دەیان و بگرە سەدان فێستیڤاڵ خەڵاتى وەرگرتووە و ستایش کراوە.
سەیرە ئەم وڵاتە وڵاتى بانێکە و دوو هەوایە، ئەوانەى خزمەت دەکەن فەرامۆش کراون و ئەوانەشی مۆسیقاى کوردى بەرەو هەڵدێر دەبەن دەرگایان بۆ واڵا کراوە و میزانییەش هەروا مەفتوحە و هەرچییەکیان بوێ بۆیان دەکەن، بەڵکو کورد بە دنیا بناسێنن، دەک ماڵوێران کوردى بەدبەخت ئەوە بیرکردنەوەتە ئەوەى خزمەتت دەکا وەلاوەى دەنێی و ئەوەشی دژایەتیت دەکا خزمەتى دەکەى و گەورەى دەکەى و پلەو پایەى دەسەڵاتى دەدەیێ.
راستە قالەمەڕە مرد و دوا ماڵئاوایی ژیانى لێکردین و نەک شمشاڵەکەى خۆی بگرە هەموو شمشاڵەکانى کوردى لەدواى خۆی بێناز و بێ دایک و باوک جێهێشت، بەڵام ئەوە ناو و هونەرى قالەمەڕەیە رێگامان نادا لەبیری بکەین، بەڵکو هەردەم دەنگى شمشاڵەکەى پێمان دەڵێ وریابن خزمەتى هونەرى کوردى بکەن، شاڵاوێکى خراپ دژی هونەرى کوردى بەڕێوەیە پێشی لێ بگرن و مەیەڵن گەشە بکا.
دەک هەزار رەحمەت لە گۆڕە پڕ لە نورەکەت مامە قالە، دەزانم تۆ نەمردوى، بەڵکو لەناو گۆڕیش لەگەڵ حەسەن زیرەکى هاوڕێت بەجووتە تۆ بە شمشاڵەکەت و ئەویش بە دەنگە زوڵاڵەکەى هەمووان دێننە جۆش.
دەزانم تۆ لە ژیان بێزاربووى و نەتویست زیرەکى هاوڕێت لەودیو دنیا بە تەنیا بێ، بۆیە شمشاڵەکەت بۆ مۆزەخانەى هەولێر رەوانەکرد و خۆشت چوویتە لاى زیرەکى وەک خۆت هەمیشە نەمر.