ئەو ساڵانەى کە قوتابى زانکۆ بووم لە بەغدا ( 1986-1991) لە سەفەرى سەدان جارەى نێوان هە ولێر بەغدا ، بەغدا هەولێر، قەد بە بیرم نایەت جارێک لە جارەکان لە گوزەر کردن و تێپەڕبوون بە شارى کەرکوکى شیرین هەستم بە ئاسوودەیى و دڵخۆشیەک کردبێت رۆژێک لە رۆژان بیگێڕمەوەو بەشەوقەوە باسى بکەم ، بە پێچەوانەوە سەرتاپاى ئەو دیمەنانەى کە بەدرێژایى رێگا چاوە پر حەسرەت و دیدە خەیالاویەکانم تۆماریان دەکردن و کۆپیەکان بۆبەزمەساتەکانى ناخم دەنارد ، هەر لەشارۆچکەى پردێوە تاکو زنجیرە بەرزاییەکانى حەمرین و بە پێچەوانەوەش ، ئەو هەموو دیمەن و گرتانە بە هەموو خۆشەویستی و پیرۆزیەکانیەوە بەدەست خۆم نەبوو رەزا قورس و تورە و ناشیرین دەهاتنە بەرچاوانم !!!!
ئاى کە هاوکێشەیەکى قورسە لە یەک کاتدا شاڵاوى بۆن و بەرامەى دیمەنێکى شێواوى پڕ مەرگەساتى تۆقاندن و دامالین و سرینەوە هەراسانت بکات و ، زاتى ئەوە شت نەبێت بۆ چرکەیەک بیر لە وە بکەیتەوە دەسبەردارى سۆزو نزاى خۆشەویستى وپیرۆزیەکانى ئەوان دیمە نان بیت کە بەشێکن لە کیان و پێکهاتەى میژووى دوورو نزیکى نەتەوەو نیشتمانەکەت … ..ئاى کە هاوکێشەیەکى قورس و گرانە !!
ئەو جارەیان دوو رۆژ بەر لە وادەى ساڵیادەکەیان هونەرمەندانى ناوەندى عەلى مەردان لە کەرکوکەوە تەلە فۆیان کردوو بانگهێشتیان کردین بۆ ئامادەبوون لە ساڵیادەکەیان، بەر لەوەش زیاد لە جارێک و دوان سەردانیان کردبووین لە هەولێرو دیاریان بۆ ( بنکەى مەقام ) هێنا بوو ….. بۆیە لەلاى خۆمەوە بڕیارمدا ئەو جارەیان بە تەنیاش بێت ، ئەو سەفەرەى شارى کەرکوک بکەم و دەمێکیش بوو لە ناخاوە حەزم دەکرد لە شوێنى ئەو هەموو گرتەو دیمەنە ناشیرین و تۆقێنەرانەى سەربازگەو دام ودەزگا داپلۆسێنەرەکانى جاران پیاسەیەک بە شەقامى روحمدا بکەم و ماچى ناخ و خۆشەویستى و هەنسکى شادیم بۆ ئەو دیمەنە رەنجاوانەى سالانى زووم ببەخشمەوە و داواى لێبوردنیان
لێبکەم لەوەى سەردەمانێک چاوەکانم روو و بەراییان نەبووە بۆ تەنیا جارێکیش وەک سروشتى خۆیان سەیریان بکات .
خۆشبەختانە هونەرمەندى بەڕێزکاک لالۆ رەنجدەر ئامادەیى خۆى دەربڕى و هاوسەفەرم بوو لەگەلڕ دۆستێکى دیکە ، وابوو ( رۆژى هەینى 8/5/2009 ) بەر لە ئاهەنگەکە گەیشتینە هۆلى نەورۆز لەشارى کەرکوک .
بەر لەدەستپێکى ئاهەنگەکە کۆمەلێک لە موزیک ژەنان و هونەرمەندانى بەشداربوو لوتفیان فەرموو دواى بەخێرهێنانمان لە گەلڕ هونەرمەندانى ناوەندى عەلى مەردان لەمێزەکەى ئێمە نزیک بوونەوە ، هونەرمەندى گۆرانى بێژ کاک عەلى زەنگەنە بەڕێزەوە فەرمووى لە مامۆستاى خوالێخۆش بوو سەلاح داودە کردوو ئێمەش لەبەرى هەڵساین و پاش چا ک و چۆنى هەوالڕ پرسین برادەران کەوتنە گفتوگۆى مەقام و سەربووردەى ساڵانى زوو ، کۆمەلێک بابەت باس کرا ، یەکێک لەو بەڕێزانەى سەر مێزەکە یەک لە زامدارەکانى کوردستان بوو بەناوى ( رەمەزان زامدار )بە روخساریەوە دیاربوو کە مرۆڤێکى روح سووک و خاوەن ئەزموونە و، زۆربەى هونەرمەندان و ئەدیبانى سالانى زووى دەناسى ، دواتر زانیم کە ئەو بەڕێزە سلانێکى زۆرە کارى فۆتۆگراف دەکات و ئەرشیفێکى دەولەمەندى فۆتۆگرافیشى هەیە .. ئەو بەڕێزە رووى لە مامۆستاى هونەرمەند سەلاح داودەکردو بە شێوەزارى کەرکوکیانە قسەى بۆ کردوو لە پەنجاکانى سەدەى رابردوو پێدا هاتوو کۆمەلێک بیرەوەرى بۆ خوالێخۆش بوو گێرایەوە ، باشم لەبیرە براى زامدارچونکە بەخۆى وێنەگرەو چاکتر لە خەلکى ئاسایى لە زمانى دیمەن و گرتەکان دەزانێت بۆیەش لە قسەکانیدا ناوى چەندین گەرەک و کوچەو کۆلان و هاورێى و برادەران کەسایەتى هونەرى و رۆشنبیرى سالانى زووى بەبیر مامۆستا سەلاح داودە هێنایەوە …. بە برواى من ئەو دیمەن ورستەو بیرەوەریانە دواین گرتەو دیمەن گەلێک بوون کە ناخى ئەو مرۆڤە گەورەو ئەو هونەرمەندە هێمنەى وروژاندبێت بەرلە کۆچکردنى . ئاى کە بە بزەو خەندەیەکى چەند جوان و شیرین لە ژێر سمێلە سپى و جوانەکەى سەرى بۆ ووتەکانى کاکى زامدارو مەجلیسەکە دەهەژاند ،ئەو چەند ماوە زۆر کوورتەى پێش ئەوەى بۆ دوا جار سەرکەوێتە سەر تەختەى شانۆ هێمن و لەسەرخۆ دەدوا … نازانم ؟ کێ نالێت ؟ ….. هیچ شیکردنەوەیەکم بۆ ئەو دیمەنانە بۆ ناکرێت .
ئەو پاش نیوەرۆیەى کە لە هەولێرەوە بەرێکەوتین بەدرێژاى رێگاى نێوان هەولێر کەرکوک ، کەوتبوومە بیرکردنەوەو هەستێکى جیاوازەوە ، چونکە ئەو سەفەرە بۆمن چەند مەغزایەکى هەبوو بەدرێژایى رێگا لەناخەوە کەیفم دەکردوو بە هەموو هێزى بینین و هەستێک کە لەناخمدابوو بەراست و چە پ و دوورو نزیکم دەروانى و دەمویست تۆلەى دەیان کاتژمێرى خەوتنى بە ئەنقەست و زندە خەونى ناخۆشى هاتووچۆى ناو ماشێنە پەنجا نەفەریکەى سالانى هەشتاکان بکەمەوە و، هەوایەک لەو رێگاو بانەى نێوان هەولێرو پردآ هەلمَژم کە نزاو کروزانەوەى دایک و خوشکە ئەنفالکراوەکانى بەیانیانى زووى سەر جادەى پێوە نەبێت ، لە جیاتى کەتیبەى مەدفەع و سەربازگە بآ شوومارەکانى نێوان پردآ دارەمان دەیان گێلگەو خانووى تازەو ئاوەدانى خەلکى سادەو ساکارى خاوەن کێلگەکان ببینم ، جارجاریش سیماو دەم و چاوى قوتابیە هاو سەفەرو هاوپۆلەکانى خۆم بەسەردەکردنەوە ( عومەر، کەریم ، محەمەد ، ئیبراهیم ، توفیق ، بەهجەت ، تەلعەت ، جەمالڕ …..
ئەمانەو دەیان دیمەن و گرتەى دیکە کە سالانێکى زۆرە لە نێو تۆرى ئالۆزو بەربڵاوى خەیاڵدا خۆیان مەلاس دابوو زەماوەندێکى دیکەى ناخى من بوون .
نەمدەزانى چ هێزێکە وا بەو گرووتینە رامدەکێشێت ، بەڵام دەمزانى دەچم بۆ ئێوارە ئاهەنگێک جیاوازتر لە ئاهەنگەکانى دیکە ، دەچم بۆ ساڵیادى شوێنێک بەناوى زات و بلیمەت و مەقامزانێکى گەورەى کورد ناونراوە ئەویش (عەلى مەردان )ى هەموو کوردە، ئەو مەقامزانە لێهاتووەى کە تاکو ئەمرۆش هەمووخوێندنەوەى دەزگا هونەرییەکانى لاى خۆمان … بەداخەوە لە بەدبەختى کورد زۆربەى خوێندنەوەو شیکارە زانستیەکانیان لە چەند رستەو شیکارێکى سەرپیێانەى زۆر ساکارو کورت نەفەس تێپەڕیان نەکردووە .
دوو سآ رۆژ بوو بریارمدا بوو ئەو سەفەرە بکەم و لەو ئێوارەیە ئامادەبم جارێک وەک حەزێکى خۆم بۆ درێژەدان و گەڕان بەدواى سەرچاوە رەسەنەکانى مەقامى کوردى و ئاشنابوونى زیاترم لەگەلڕ هونەرمەندانى شارى کەرکوک ، جارێکى دیکەش بەو پێیەى بەفەرمى بەرپرسیاریەتیەکى هونەریم هەیە لە وەزارەتى رۆشنبیرى .
ئەگەرچى ئەو چەند سەرەداوانە مشتێکە لە هزرو خوڵیاو چیرۆکى نەپساوەى عیشقێکى گەورەوگەورەتر ، بەلام ئەوە منم تۆمارى دەکەم و دەیگێرمەوە و باشیش دەزانم ژمارەیەکى یەکجار زۆر مرۆڤى هەست ناسک و خاوەن ویژدانى زیندوو لەتەمەن و شوێن و جوگرافیاى جیجیا هەمان سەربووردەو سیناریۆى تایبەت بەخۆیان هەیە لە رێگاو بانەکانى ووڵاتدا .
دواى وەستانى خولەکێک لەنێو چەپڵەرێزانى ئامادەبووان بەو چاوانەى خۆم بەڕێکەوتنى دوایین کەژاوەى سەرکەوتنى هونەرمەندى خوالێخۆش بوو مەقامبێژى ناسراو ( سەلاح داودە) م بینى لە هۆلى نەورۆز لە شارى کەرکوک کە چۆن بەسەر کەوت بۆ سەر تەختەى شانۆ ، هونەرمەندانى موزیک ژەن بەپێشەکیەکى موزیکى پێشوازیان لەهونەرمەند کرد، دواى دوو کۆپلە لە وتنى شێوازى سەرەتاو دەستپێکى مەقامى ( قەتارو خاوکەر ) (( ئەو شێوازو مەقامەى مامۆستاى هونەرمەند سەلاح رەئووف لە توێژینەوەو نووسینەکانیدا لە جیاتى قەتارو خاوکەر ( قەتارو بەرزە قەتارى )بۆ بەکار هێناوە ، پاشان بە سۆلۆى شمشال ژەنەکەى گرووپ بەرووحى گوێگرانى مەقامەکە دا بە وتنى بەرزە قەتارەکە سەرکەوت ، ئەو بەشەى کە گۆڕان لە پێکهاتەى پەیژەکە روو دەدات و سۆزەکەى جیاوازەو دەبێتَ بەحیجاز لەسەر ئەو تۆنە دەنگیەى کە پەیژەو مەقامەکەى لەسەر بنیاتنراوە .. چەند جارێک ئەو بەشەى دووبارە کردەوە پاشان بە وتنى بەستیەک بە و هەیبەت و جڵ و بەرگە جوانەى کە هونەرمەندى خوالێخۆش بوو و بەشێک لە کەرکووکیەکان تا ئێستاش ئەى پۆشن ، بە چەپلە رێزان و دەستخۆشى ئامادەبووان بۆ دواجار تەختەى شانۆى جێهێشت ، هەرچەند هونەرمەندان بەتایبەت کاک عەلى زەنگەنە بانگى کرد بەڵام نەهاتەوە شوێنەکەى خۆیى و بۆلاى دواوەى هۆلەکە هەڵکشا …. ماوەیەکى تر ئاهەنگەکە بەوتنى چەند مەقامێکى دیکە لە لایەن هونەرمەندانى بەشداربوو درێژەى کێشا ….. لەو کاتەى هونەرمەند ( عومەرە دریێژ ) لە سەر تەختەى شانۆ مەقامى دەخوێند لەدواوەى هۆلەکە بوو بە دەنگە دەنگ و هۆلەکە شەلەژا ، سەرەتا لەو مێزەى ئێمە نەزاندرا چ بووە پاش کەمێک ووتیان کاک سەڵاح بوراوەتەوەو برادەران بەپەلە گەیاندیانە نە خۆشخانەى ئازادى …….ئەگەرچى چەند بڕگەیەکى دیکەش پاش بوورانەوەکەى کاک سەلاح داودە وترا بەڵام دەنگ و باس و پەیوەندیە تەلە فۆنیەکان هەوالى ناخۆش و نارەحەتیان پێوە دیاربوو من ولالۆو هاوسەفەرەکەمان چووین بۆ نەخۆشخانەى ئازادى دیاربوو ئەو شوێنە تەواو شەلەژابوو ، پزیشک و یاریدەدەرەکان لە هەوڵى بەردەوامى خۆیان بوون تەنیا بۆ یەک جار توانیم لەو شوێنە نزیک ببمەوە کە خوالێخۆش بووى لەسەر درێژکرابوو ، بەراستى دیمەنێکى دڵتەزێن بوو….. ئاخر تۆیەک بە درێژایى تەمەنى هونەریت لەرێگەى کۆئەندامى هەناسەو سییە راهاتووەکانت هەرچى پەیڤى جوان و شیعرى ناسک و سۆزى ئەو گەرمیانە هەیە کردت بە ملوانکەى ناخ و گوێچکەى خەڵک و خوای ئەو نیشتمانە ، کەچى ئێستا هەموو دەسەلاتە تەکنیکیەکانى نەخۆشخانەو پزیشکە بەڕێزەکان بۆ ئەوە تەرخان کراوە تەنیا بۆ چەند جارێک هەناسەو ترپەو لێدانى دلە ئازار چێشتووەکەت بۆ بگێڕنەوە !!
لە روخسارى دەم و چاوى پزیشک و یاریدەدەرەکان دیاربوو هیوایەک بۆ هەناسەیەکى دیکەو رستەیەکى زۆر کورتى خورشیدى و ئەللاوەیسى و خاوکەرێکى دیکە زۆر ئاستەم بووە ….. چەند کەسێک لە خزم و کەس و کارى هونەرمەند بە جڵ و دەستوورى خۆیانەوە لەو ناوە بەنارەحەتى دەهاتن ودەچوون پێیانە وە دیاربوو بە قەولى خۆیان کۆچى ( کاکەم سەلاحیان ) بۆشایەکى گەورەیان بۆ بەجآ دەهێلێت کۆستێکى گەورەیە بۆیان و، رەنگە پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە نەک بۆ هونەرەکەى تەنانەت بۆ خانەوادەکە شیان لە بارى کۆمەلایەتیەوە کارێکى ئاسان نەبێت .
لەوبڕوایەدام ئامادەبوون و بینینى ئەو چرکە ساتانە لەلاى خەڵکانێک کارێکى ئاسان نەبێت ، بەڵام ئەوە بوو بە قەدەرو چیرۆکى ئەو سەفەرە و، هونەرمەندان و برادەرانیش پاش ئەوەى لە ئاخاوتن و زارى پزیشکەکان گەیشتنە ئەو قەناعەتەى کە ژیان و مەرگى ئەو مرۆڤە تەنیا لە سەر کات وەستاوە بۆیە روویان لە ئێمە کردوو ووتیان ئەگەر هەر دەگەڕێنەوە بۆ هەولێر زووتر بگەڕێنەوە باشترە ، دواى دوعا خواستن لە هەموولایەک کاتژمێر (35- 8 ) هەشت و سى و پێنج خولەک لە دواى بازگەى کەرکوک – هەولێر زەنگى تەلەفۆنى کاک عومەر لێیدا هەواڵى کۆچ و مەرگى هونەرمەندى گەورە (سەڵاح داودە ) ى پآ راگەیاندین ….
بەدرێژاى گەڕانەوەمان بۆ هەولێر هەموو دەزگا راگەیاندن و شوێنە پەیوەندیدارەکانمان بەتەلە فۆن لە کۆچکردنى ئەو هونەرمەندە مەزنەى کورد ئاگادار کردەوە رۆژى دواتر ئێوارەکەى جاریێکى دیکە بەندەو هونەرمەندان سەید ئەحمەد رواندزى و لالۆ رەنجدەر بەشدارى پرسەکەمان کردلە شارى کەرکوک ، هەولى زۆرماندا سێیەم رۆژى پرسەکە بۆ بەرز راگرتنى رۆحى هونەرمەند لەرێگەى وەزارەتى رۆشنبیریەوە لەشوێنێک لە هەولێر مەراسیمێکى بۆ بکەین بەداخەوە ئەوەش نەکرا … هەرچەندە بەرێز فەلەکەدین کاکەیى وەزیرى رۆشنبیرى بیرۆکەکەى پآ باش بوو بەڵام نەکرا .
دروود بۆ گیانى هونەرمەندى مەقامبێژى کورد سەڵاح داودە ، خودا رۆشنایى بخاتە دڵ و دەروونى هەموولایەکمان .ٍ
* بەڕێوەبەرى بنکەى مەقام . هەولێر 14/5/2009 .
نایف شێخانى *