د.شوان ئازاد : سازدانى کۆنسێرت بۆ هونەرمەندانى فارس وەک ( موعین ) لە ئێستادا، چەندین شەوە ئاهەنگ بۆ هونەرمەندى ترى عەرەب لە ڕابردودا،هەنگاوێکى تازەیە لە ئێستاى هونەرى کوردى و لە ئاستى جەماوەریدا،واتا ئەم ئارامیەو ڕەوشە هێمنەى کە هەیە تەنها لایەنى سیاسى و کۆمەڵایەتى سودمەند نەبوە بگرە لە هونەریش زۆر بە زەقى توانیویەتى سیقەى تەواو بۆ کەسە ناودارو دیارە بیانیەکانى ناو هونەر دروست بکا.
لە وڵاتان ساڵانە ڤیستیڤاڵ و کۆنسێرتى گەورە بۆ هونەرمەندانى خۆیان سازدەکەن و کە وەک ڕوداوێکى هونەرى زۆر گرنگ سەیرى دەکەن و ڕاگەیاندنەکانیان ڕوماڵێکى چاکى دەکەن و کاتێکى زۆر بۆ گواستنەوەو ( کوالیسى ) ڤیستیڤاڵەکە تەرخان دەکەن و وەک بابەتى گرنگى ڕۆژ کارى لەسەر دەکەن .
بەداخەوە لاى خۆمان زۆرترین هەوڵ دەدرێ کە هونەرمەندانى فارس و عەرە ب و تورک بێنن چ بۆ کۆنسێرتى گەورە یان لە ئاهەنگى سەرى ساڵ بە خەڵکیان نیشان بدەن و پێمان ئاشنا بکەن، خۆ ئەمە شتێکى خراپ نیە بتوانى لە کوردستان بەشدارى لە ئاهەنگى ئەو هونەرمەندە دیارانەى غەیرە کورد بکەى،بەڵام جارێک تۆ هونەرمەندى کوردى وا زۆر باشت هەیە ئەوە بۆ پتر لە پانزە ساڵ دەچێت کوردستانى نەبینیوە،ڕاستە ئەو خەڵکى ئەم وڵاتەیە پێویست ناکا دەعوەتى بکەیتەوەو تەکلیفى بکەى بەڵام دەتوانى کار ئاسانى کۆنسێرتى بۆ بکەى کە بە تەنیا بە خۆى ناکرێ،وا هەست دەکەم بەو جۆرە کۆنسێرتانەى بۆ غەیرە کورد دەکرێ بێزارى و بگرە توڕەبونێکیش لاى هونەرمەندى کورد دروست دەکا.
تکا دەکەم سەرمایەدارو کۆمپانیاکان سەرەتا لە خەمى خۆمان بن و کوردستان سەرەتا بکەنە ماڵى یەکەمى هونەرمەندە کوردەکان پاشان بیکەنە ماڵى دوەمى عەرەب و فارس و تورک.