ئەمڕۆ بە خۆشحاڵیەوە دەبینین میوزیسیان (بژار دیلان) بڕیارى داوە لە کوردستان و تایبەت شارى هەولێر درێژە بە کارەکانى بدات وەک میوزیک و کارى دەنگ و ستۆدیۆ،هەڵبەتە مایەى دەست خۆشى و بەهەند وەرگرتنى ئەو بڕیارەگرنگەیە کە بەڕێزیان داویەتى،لە کوردستان چەند ستۆدیۆیەکى دەنگیمان هەیە بۆ کارى
دەنگ و ئەلبوم دروست کردن وەک (میلۆدى) و (کەنارە) لە هەولێر و (دەنگ و ڕەنگ) لە دهۆک و هى تریش، بەڵام ئەوەى مەبەستمە پێگەى ئەو ستۆدیۆیەى کە بژار دایدەمەزرێنێت لە هەولێر کە دڵنیام هونەرمەندانێکى زۆر ڕوى تێدەکەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنى کارەکانیان ، بەو پێیەش باڵانسى ئێستاى کارکردنى ستۆدیۆکانى کوردستان بەگشتى و شارى هەولێر بەتایبەتى دەگۆڕێت و لێرە بە دواوە خودى ستۆدیۆکان پێویستیان بە هەوڵى جدى تر دەبێت تاوەکو هەریەک بتوانێت زۆرترین گۆرانیبێژ بۆخۆى ڕابکێشێت وجوانترین کارى بۆ بکا.
لەبەر چەند شتێک وا دەبینم پاش بژار دیلان ئەو کێبڕکێ هونەرییە دروست ببێت،یەکەم بژار کەسێکى بە ئەزمونە لەم بوارەو کارى بۆ خەڵکانى غەیرە کوردیش کردوە لە ئەوروپا کە ئەمەش متمانەى گەورەى دەوێت تا بتوانى کار بۆ کەسانى تر بکەیت،دووەم بژار کەسێکە بە تەکنیکى پێشکەوتوى ئەوروپا دەست و چاوى ڕاهاتوەو کار لەسەر ئەوە دەکا کە دەبێت دەرەنجامەکەى پرۆفیشناڵ دەربچێت.
بەهەرحاڵ هیوادارم بژار دیلان نوێگەرى بەسەر کارەکانى کوردستان دابێنێت و ئەوەى لێ ى چاوەڕێ دەکەین بە زیادەوە بیکات و وە کارئاسانى تەواوى بۆ بکرێ تا خوانەخواستە نەگاتە ئەو قەناعەتەى کە پەشیمان بێتەوە لە گەڕانەوەکەى . وە ئەوەش لەبیرنەکەین تەواوى ئەو ستۆدیۆیانەى هەن لە کوردستان توانیویانە لەقەدەر ئیمکانیەتى خۆیان خزمەت بە گۆرانى کوردى بکەن و نمونەش زۆرە کە لەم دوواییانە کارى بە پێزیان دروست کردوە.
د.شوان ئازاد