بەس سەبڕێکمان لێ بگرن، دڵنیابن ئەلبوومەکەی زیاد ئەسعەد بڵاودەکەینەوە
راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی
دوای بڵاوبوونەوەی چەند ھەواڵ و راپۆرتێک لەسەر ئەلبوومە نوێکەی ھونەرمەند زیاد ئەسعەد، کە ھێشتا بڵاونەکراوەتەوە، گوایە “ئەلبوومەکە بوونی نییە” یان “گڕێبەستی نێوان زیاد ئەسعەد و کۆمپانیاکە ھەڵوەشاتەوە”. ھونەرمەند حەسەن غەفور کە لایەنێکی گڕێبەستەکەیە، بە(سڤیل)ـی راگەیاند “ھەموو ئەو قسانە دوورن لەراستییەوە، ھەم من و ھەمیش زیاد ئەسعەد پابەندین بەگڕێبەستەکە” گوتیشی “نیوەی ئەلبوومەکە تەواو بووە، بەس سەبر بگرن دڵنیابن ئەلبوومەکە بڵاودەکەینەوە”.
ھونەرمەند حەسەن غەفور، سەرۆکی کۆمپانیای “می ڤیژن” لەھەولێر، کە ئەلبوومەکەی ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد)ی کڕیوەتەوە و کاری چاپ و بڵاوبوونەوەی لەئەستۆگرتووە، باسی سەرەتای دروستبوونی پەیوەندی خۆی و ھونەرمەند زیاد ئەسعەد دەکات لەبارەی بەرھەمھێنان و بڵابوونەوەی ئەلبوومەکە، بۆ (سڤیل) گوتی “ساڵی پار من و ھونەرمەند زیاد ئەسعەد لەوڵاتی سوید یەکترمان بینی، گوتی ئەلبوومێک بۆ خۆم دەکەم، منیش زۆر پێمخۆش بوو، پێمگوت باھەر ئەلبووم نەبێت، بەڵکو ھاتنەوەی تۆشی بۆ کوردستان تێدا بێت، گوتی من کەس لە کوردستان ناناسم کە بتوانێ ئەو ئیشانەم بۆ بەڕێوەببات، لەبەرئەوەی ئەو دەیزانی من لەوبوارەدا شارەزایم ھەیە و پێشتر بۆ چەند ھونەرمەندێک کاری وام کردووە، بۆیە پشتی بەمن بەست کە بتوانین پێکەوە ئیشەکان بکەین، گرێبەستێکمان کرد و لەکۆنفرانسێکدا رامانگەیاند”. ئەوان لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکە لەھەولێر ئەنجامدرا رایاگەیاند دوای سێ مانگی تر ئەلبوومەکە بڵاودەبێتەوە، دوای چوار مانگ دواکەوتن لەوادەی دیارکراو ئەلبوومەکە تائێستا بڵاونەکراوەتەوە، لەوبارەیەوە حەسەن غەفور گوتی “ئێمە خۆمان لەئەوروپا ھەتا ئەلبوومێک دەکەین دوو ساڵی دەوێت، گروپێکی سویدی ھەبوو دەیانویست سێدییەکە بۆ زیاد ئەسعەد بکەن، بەڵام چەند کۆنسێرتێک و بەرنامەیەک بۆ گروپەکە ھاتە پێشەوە نەیانتوانی لەکاتی دیاریکراوی خۆی ئیشەکە بکەن”.
ھونەرمەند زیاد ئەسعەد خاوەن سێ ئەلبوومی بڵاوکراوەیە، بەڵام لەساڵی ٢٠٠٣ەوە ئەلبوومی نەکردووە، لەسەر داوای جەماوەرەکەی ساڵی پار بڕیاریدا ئەلبوومێکی دیکە بەرھەم بێنێ، کە ھێشتا کارەکانی تەواو نەبووە، حەسەن غەفور لەسەر ناوەڕۆکی ئەلبوومەکە تەنیا گوتی “لە ٨ گۆرانی پێکھاتووە، گوتیشی لەوانەیە بیکەم بە ٩ گۆرانی، نیوەی گۆرانییەکان تەواو بووە، ھەموو ئاواز و ھۆنراوەکان زیاد ئەسعەد خۆی دایناوە”. ناوبراو گوتیشی “بەڵام بەداخەوە لەکوردستان زۆر قسە لەسەر ھونەرمەند زیاد ئەسعەد و ئەلبوومەکە کرا و ھەموو زانیارییەکانیش دووربوون لەراستی، تەنیا من دەتوانم قسە لەسەر ئەلبوومەکە و ھۆکاری دواکەوتنەکەی بکەم، چونکە من و ئەو گڕێبەستێکمان لەنێوان ھەیە، ھەر دوولا پابەندین بەگڕێبەستەکەوە”. حەسەن غەفور باس لەو نامەیە دەکات کە لەلایەن ھونەرمەند زیاد ئەسعەدەوە بۆی ھات “جارێک زیاد ئەسعەد نامەیەکی بۆ مۆبایلەکەم نارد و نووسیبووی خوایەک ھەیە بەسەر ھەموومانەوەیە، ئاگای لەھەموو کردەوەکانمانە، ئەویش گەورەی ھەموومانە و حەق و حیسابی ئەو خەڵکە دەکات، کە قسە دەکەن و دوورە لەراستی”. ناوبراو ئامادە نەبوو لەرێگەی ئەم چاوپێکەوتنەوە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکە دەستنیشان بکات، چونکە گوتی “جارێک بەرنامەمان دانا و کاتی بڵاوبوونەوەکەمان دیاریکرد، بەڵام بەرنامەکەمان لێ تێکچوو، نامانەوێ لێرەوە بەڵێنێکی دیکە بە خەڵک بدەینەوە، کە ئایا ئەلبوومەکە کەی بڵاودەبێتەوە، ئەو کەسانەی قسەمان لەسەر دەکەن با وازمان لێ بێنن ئێمە ئیشی خۆمان دەکەین، بەس سەبرێکمان لێ بگرن، بەڵێن بێت ئەلبوومەکەی زیاد بڵاودەکەینەوە”. گوتیشی “ھونەرمەند زیاد ئەسعەد ئەو لەسەر رێکەوتنە سوورە، دوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکەی بێتەوە کوردستان چەند کۆنسێرتێک لەچەند شارێک ئەنجام بدات، لەدوو کۆنسێرت زیاترە، پلانمان داناوە، بەڵام ئاسان نییە، چونکە پشتگیریەکی بەھێزمان نییە”.
بەڵام ھونەرمەند حەسەن غەفور ئاماژەی بەوەشدا کاتێک ئەلبوومەکە تەواوبوو مەرج نییە یەکسەر بڵاوی بکەنەوە “لەبەرئەوەی من ناتوانم ئەلبوومێک بڵاوبکەمەوە کە بازاڕی کوردستان ھیچ کۆنترۆڵێکی لەسەر نییە، ئێمە ناڵێین کۆپی نییە، لەھەموو وڵاتێک کۆپی نییە، بەڵام بەرسمی نییە، لەوڵاتی ئێمە بەرسمی کۆپی ھەیە، ئەو کاری وەک تاوان و جینایەتی وایە، لەکاتێکدا پارەیەکی زۆرم بەم ئەلبوومە داوە، کە تائێستا لەمێژووی ھونەری کوردیدا ھیچ ھونەرمەندێک ئەو پارەیەی وەرنەگرتووە”. ھەرچەندە نابراو نەیویست بڕی پارەکە ئاشکرا بکات، بەڵام رایگەیاند “لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکە پارەکە ئاشکرا دەکەم”. تائێستا دیاری نەکراوە چەند ھەزار دانە ئەلبوومەکە چاپ دەکەن و دانەی لەبازاڕدا بەچەند دەفرۆشرێت، بەڵام حەسەن غەفور دەڵێت “من لەگەڵ دوو سەنتەری بڵاوبوونەوەی ئەلبووم قسەم کرد، ئەربائیلۆ لە ھەولێر و ئارۆ لە سلێمانی ھەردووکیان سەنتەری گەورەن و خاوەن ئەزموونێکن لە بڵاوکردنەوەی سیدی ھونەرمەندان، گوتیان ئەگەر بازاڕ لەکۆپیکردن کۆنترۆل بکەن، بە گرەنتی سەد ھەزار دانە لەئەلبوومەکەی زیاد ئەسعەد لەکوردستان دەفرۆشین، چونکە زیاد خاوەنی جەماوەرێکی گەورەو فروانە لە سەر ئاستی کوردستان و بەرھەمەکانیشی جەماوەریین و گوێگری زۆر زۆری ھەیە، بەڵام ئەگەر کۆپیکردن بەمشێوەیەی ئێستا بێت لەوانەیە ئەو رێژەیە نەفرۆشرێت، لەوانەیە لەسوریا و ئێرانەوە چاپی تر بکەن و بەنھێنی بیفرۆشن”.
ھەرچەندە حەسەن غەفور لەئێستای گۆرانی کوردی و بازاڕی ھونەری لەکوردستان نیگەرانە دەڵێ وەک گوماوێکە ئەمسەر و ئەمسەری لێگیراوە، “ئەلبوومێک دروست دەکەین تەنیا بە دوو دۆلار لەبازاڕ دەفرۆشرێت، ھونەری کوردی زۆر سوک بووە، ھەتا ئێستا ئەو کۆنسێرتانەی کە دەکرێن ھەمووی بەخۆڕایە خەڵک ئامادە نییە پارە بە کۆنسێرت بدات، لەگەڵ ئەوەشدا نامانەوێ ئیشەکە رابگرین و ئیشەکە ئەسل و ئەساسی ھەیە و نیوەی تەواو بووە، ھەفتانە لەگەڵ زیاد ئەسعەد ئاگامان لەیەکتر ھەیە، تەنانەت سێ وڵاتی کردووە بۆئەوەی ئەلبوومەکەی تەواو بکات، بەدڵنیاییەوە ئەلبوومەکە ھەیە و بڵاویش دەبێتەوە بەڵام تۆزێک دواکەوتووە”.
لەبارەی ئەو پرسیارەی ئایا زیاد ئەسعەد ماڵپەڕی کۆمەڵایەتی فەسبووکی بەشدارە، حەسەن غەفور گوتی “بەڵێ فەیسبووکی ھەیە، بەڵام بەناوی خۆی نییە، ئەو فەیسبووکانەی بەناوی ئەو کراوەتەوە ئەو نییە و ھەمووی دروستکراون لەلایەن خەڵکانی دیکەوە، من مانگێک میوانی ئەو بووم لە ماڵەکەی خۆی لە وڵاتی سوید، لەڕێگەی تەلەفۆن و ئیمێل و فەیسبووک پەیوەندیمان ھەیە، ئەوانەی دەڵێن زیاد تەلەفۆن و ئیمێلی نییە راستە بۆ ئەوان زیاد نیەتی، بەڵام بۆ ئەو خەڵکانەی خۆی دەیەوێ پەیوەندی ھەبێت لەگەڵیان تەلەفۆن و ئیمێل و فەیسبوکیشی دەبێت”. ھونەرمەند حەسەن غەفور دەڵێ لەبەرئەوەی ھونەرمەند زیاد ئەسعەد ھاوکاری زۆر گۆرانیبێژانی کردووە، ئێستا دەیەوێ ھاوکاری خۆی بکات “لەبەرئەوە پەیوەندی خۆی لەگەڵ گۆرانیبێژەکانی دیکە کەم کردۆتەوە، ھەتا ئیش بۆ خەڵک بکەی ناتوانێ ئیش بۆخۆت بکەی، چونکە بەراستی کاتی ئەوە ھاتووە زیاد ئەسعەد ھاوکاری خۆی بکات”. ئەم چاوپێکەوتنەی ھونەرمەند حەسەن غەفور تایبەت بوو بەقسەکردن لەسەر ئەلبوومە ئەلبوومە نوێکەی زیاد ئەسعەد و ھۆکاری بڵاونەبووەی لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا، حەسەن غەفور گوتیشی “بەزیاد ئەسعەد دەڵێم لەسەر ئەلبوومەکە بۆ گۆڤاری (سڤیل) قسەم کردووە، پێشی دەڵێم بیخوێنێتەوە، چونکە زیاد زۆربەی گۆڤار و رۆژنامە کوردییەکان دەخوێنێتەوە و لەئێستاشدا تەندروستیەکی زۆرباشی ھەیە و زۆریش بەئارامی خەریکی ژیانی خۆی و کارە ھونەرییەکانی خۆیەتی”.