مەسعودی مەلا ھەمزە : دوابەدوای سەرکەوتن و بەدەستھێنانی چەند خەڵاتێک بە کورتەفیلمی “لە ئینجانەدا” رێکان ئەحمەد سەیدەی ھونەرمەند کۆتایی ھێنا بە کارەکانی دوایین بەرھەمی خۆی کە کورتەفیلمی “فۆکس”ە.
کورتەفیلمی “فۆکس” بیرۆکەو دەرھێنانی رێکان ئەحمەد سەیدەیەو سیناریۆی ھونەرمەند عەدنان عوسمانەو ھەریەک لە ھونەرمەندان “غازی غەفوور، چڵۆ شوانی، محەمەد شێروانی، نەسرین غەفار، لارا قادر” وەک ئەکتەر لە کارەکە بەشدارن و یوسف لەشکری وەک وێنەگرو سەرھەد قادر وەک کاری دەنگ و نیبڕازیش وەک رووناکی کاریان کردووەو مۆنتاژی کورتەفیلمەکەش لەلایەن ئەحمەدەوە ئەنجامدراوە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا رێکان ئەحمەد سەیدەی دەرھێنەری کورتەفیلمەکە گوتی”لەو کورتەفیلمە دەمانەوێ بڵێین شوێن… توانای گۆڕینی فکرو دنیابینی و داب و نەریتی نییە، داب و نەریت دۆزەخی ئەو کچەیە جا چ شوێنی ژیانی لە گوندێک بێت یان لە ڤێلایەکی باڵای شاردا”.
رێکان گوتیشی”ئەم کورتەفیلمە بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەمایەو بۆ دووەم فێستیڤاڵی نا بۆتوندوتیژی دژی مێینە بەرھەم ھاتووەو دەمەوێ زۆر سوپاسی ھونەرمەند عەدنان عوسمان بکەم کە زۆر ھاوکارم بوو لە بەئەنجام گەیاندنی کارەکە”.
شایانی باسە رێکان ئەحمەد دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی ھەولێرەو لە ئێستادا خوێندکاری کۆلیژی ھونەرەجوانەکانەو بەکورتەفیلمی “لە ئینجانەدا” بووە خاوەنی چەندین خەڵات لە فێستیڤاڵەکانی کورتەفیلم.