زانا دڵشاد دزەیی : دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لەماڵپەری فەیسبووک، کە ھونەرمەند جانێ لەناو پەرلەمانی کوردستان لاوک دەڵێت، جانێ رایگەیاند “مەبەستم سووکایەتیکردن بە پەرمان نەبوو”.
جانێ کە گۆرانیبێژێکی کوردستانی باکورە و ئێستا دانیشتووی ئەڵمانیایە، چەندین کەس بەوە تۆمەتباری دەکەن کە سووکایەتی بە پەرلەمانی کوردستان کردووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڤیدیۆیەک لەماڵپەری فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە جانێ لەناو پەرلەمانی کوردستان لاوک دەڵێت و چەند ئەندام پەرلەمانێکیش دانیشتوون گوێ لە لاوکەکە دەگرن، ڤیدیۆدیەکە بەناوی “خۆش پەرلەمان” بڵاوکراوەتەوە.
لەوبارەیەوە جانێ لە پەیوەندیەکیدا راگەیاند “من مەبەستم سووکایەتیکردن بە پەرلەمانی کوردستان نەبووە، شتێکی خراپم نەکردووە، ویستم وانیشان بدەم کوردستان ئازادە و پەرلەمانی ھەیە و گرنگە ھونەرمەندیش بچێتە پەرلەمان، وەک چۆن لەھەموو پەرلەمانی وڵاتان ھەیە”. جانێ گوتیشی “بەڵام بەداخەوە باوەڕم نەدەکرد ئەوەی من کردم بەشێوەیەکی خراپ لێکدەدرێتەوە”.