هونەرمەند سۆران سهفیر لە دیمانەیەکی هەولێر..زەکەریا عەبدوڵڵا هونەرمەندانی کوردی بە خەبەر هێنا..”(زەکەریا عەبدوڵڵا) بۆ من قوتابخانەیە”
هونەرمەند سۆران سهفیر کە دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندایە لە دیمانەیەکی رۆژنامەی هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە لە کوردستان میوزیک ژەنی بەتوانا هەیە، بەڵام نەبوونی ستۆدیۆی باش لە بواری تەکنیکی دەنگی وای کردووە کە هونەرمەندان ڕوو لە وڵاتانی بیانی بکەن. هەروەها سۆران پێشیوایە هونەرمەندی گۆرانیبێژ زەکەریا عەبدوڵڵا، وای کرد کە هونەرمەندان کورد واز لە هونەری تورکی بێنن و ڕوو لە هونەری کوردی بکەن. لە دیمانەیەکی هەولێردا لە بارەی چەند پرسێکی هونەری و کارە هونەرییەکانی خۆی و چەند کێشەیەکی هونەری کە لە کوردستان هەستی پێ دەکرێت هونەرمەندی گۆرانیبێژ (سۆران سەفیر)ـمان هێنایە ئاخاوتن.
سەرەتا لە بارەی ئەوەی کە زۆرێک لە هونەرمەندانی کورد، میلۆدی تورکی تێکەڵ بە هونەری کوردی دەکەن، زۆرجاریش هونەرمەدان ئەو میلۆدییە تۆرکییە بە میلۆدی خۆیان وەسف دەکەن، ئایا (سۆران) بۆ بەردەوامبوون لە کارە هونەرییەکان پەنا بۆ میلۆدی دەرەوە نەبردووە؟
ـ بە داخەوە بە تەنیا میلۆدی تورکی تێکەڵ بە هونەری کوردی نەبووە، بگرە یونانی و فارسیش ئێستا بوونەتە بەشێک لە هونەری کوردی. بە بۆچوونی من شتێکی ئاساییە ئەگەر هونەرمەند ئاماژە بە سەرچاوە بکات.
هەرلەمبارەیەوە (سۆران سەفیر) گوتی:”هونەر سنووری نییە. هونەر دنیایەکی تێکەلە. زۆرجاریش مرۆڤ لە هەستی گوێگرتن لە موزیکی دەوروبەر و بیانی، فێری ئاوازدانان و نووسین دەبێت و لە ژێر کاریگەری ئەو میوزیکە تێکەڵ بە جیهانێکی دیکە جیاواز دەبێت و ئەزموونی زیاتر دەبێت. لەوانەیە زۆرجار خۆشی هەستی پێ نەکات کە موزیکەکە هی کێیە؟ بەڵام هەشیانە حەز بە گۆرینی میوزیک دەکات و دەیگۆرێت. ئینجا هەیە دەڵێت هی خۆمە و هەشە دیڵێت وەرم گرتووە. بەڵام باشتر وایە بیڵیت وەرم گرتووە. من وەک خۆم تووشی ئەو حاڵەتە نەهاتووم.
دواتر، لە بارەی ئەوەی کە هونەرمەندانی کورد بەگشتی لە هەموو دیمانەیەک و لێدوانێکیاندا ئەوە دەخەنە روو کە هەموو هەوڵ و ماندوبوونێکیان لە پێناو خزمەتکردنی هونەری کوردییە، بەڵام تا ئێستا رۆژێک نەمان بینی یەکێک لە هونەرمەندانی کورد کارێکی بێبەرامبەر ئەنجامبدەن. ئایا سۆران، ئامادەیە کۆنسێرتێک سازبدات و داهاتەکەی ببەخشیتە کەسانی هەژار؟
لە بارەی ئەم پرسەوە (سۆران) دەڵێت:”هونەرمەند پێویستی بە پشتگیرییە. خۆ ئەگەر کارێک بکات بێبەرامبەریش بێت ئاساییە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە لای ئێمەی هونەرمەندان، ئەی داهاتی ئەو هونەرمەندە چییە کە بیەوێت کارێکی خێرخوازی بکات؟ ئەی کارەکان چۆن ئەنجامبدات؟ راستە تا زەمانێک خزمەتکردنی هونەری کوردی بۆ پێگەیاندنی ئاستێک ئاساییە، ئەگەر لەسەر ئەرکیشی خۆی بێت. هونەرماندانی کورد لە رابردوودا کاری سەختیان کردوو تارادەیەک توانیان خەڵکێکی باش لە دەوری هونەری کوردی کۆبکەنەوە. هەروەها خەڵکیان بە دوور گرت لە وشەی تورکی و فارسی، ئێستایش کە حکوومەت هەیە و میزانیە هەیە، پێویستە ئەو هونەرمەندانەیش هاوکاری بکرێن، تا کاری بەهێزتر بکەن. هەندێک جاریش پێویستە کۆنسێرت بە بێبەرامبەر بکرێت و داهاتەکەی بۆ منداڵە بێنازەکان بێت یان بۆ کاری خێرخوازی. من ئامادەم بۆ کاری خێرخوازی ئەگەر پشتیوانی حکوومەت و رێوشوێنی ئاساییش بگرێتەبەر کۆنسێرت ساز بکەم، چونکە بەبێ پشتیوانی حکوومەت ئەو کارە بەهیچ هونەرمەندێک ناکرێت.
پاشان بە (سۆران)ـمان گوت:”هونەرمەند موعین ئەسفەهانی، لە دیمانیەکی رۆژنامەی هەولێر، ئەوە دەخاتە روو کە “حەیفە هونەرمەندانی کورد بۆ کاری هونەری پەنا دەبنە بەر وڵاتێکی بێگانە و کارەکەیان بە پارەیەکی زۆر رادەستی میوزیکژەنی بیانی دەکەن. چونکە ئێستا لە کوردستان زۆر میوزیکژەنی بە توانا دەبینم کە پێیان سەرسام بووم، دەتوانم بلێم کە میوزیکژەنی کورد هیچی لە میوزیک ژەنی بیانی کەمتر نییە”. باشە (سۆران) وەک هونەرمەندێکی گۆرانیبێژ بۆچوونی لەبارەی بۆچوونی گەورە هونەرمەندی گۆرانیبێژی ئێرانی (موعین ئەسفەهانی) چی دەڵێت.؟
(سۆران) وەها دەڵێت:”بێگومان قسەکانی هونەرمەند (موعین ئەسفەهانی) لە جێگەی خۆیەتی. میوزیک ژەنی باش و لێهاتومان هەیە، بەڵام تا ئێستا ستۆدیۆی پێشکەوتوومان نییە کە لە بواری تەکنیکی دەنگەوە بێت. ئەگەر پەنا نەبینە بەر وڵاتانی بیانی لە وڵاتی خۆمان کارەکان ئەنجامبدەین باشترە. بەڵام دیارە ئەگەر کێشەکە تێچوونی پارە بێت، میوزیکژەنی خۆیشمان وەک میوزیکژەنی بیانی پارەی زۆر وەردەگرن و مافی خۆیشیانە.
لە بارەی ئەوەی کە زۆرێک لە هەوادارانی دەنگی هونەرمەند سۆران پێیانوایە، سۆران بە ویستی هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵڵا، گۆرانی دەڵێت، لە وەڵامی ئەم پرسەوە (سۆران) هاتە گۆ:”شتێکی زۆر ئاساییە و سەربەرزیشم هەر ئاوازێکم یان کارێکم لە هی هونەرمەندی گەورە زەکەریا بچێت. من پەشیمان نیم لەو کارانە، زەکەریا هونەرمەندانی کوردی بە ئاگا هێنا، چونکە هەموومان وەک لاساییکردنەوە ڕوومان لە تورکیا کردووە. لێشتان ناشرمەوە (هونەرمەند زەکەریا) بۆ من قوتابخانەیەکە.
لە بەشێکی دیکەیشدا (سۆران) گوتی:”بە دەنگی هونەرمەندان زەکەریا عەبدوڵڵا، عەدنان کەریم، حەمە شوانی و ئەیوب عەلی سەرسامم.”
لەلایەکی دیکەیشەوە، (سۆران) هەوادارانی دەنگی ئاگادار کردەوە کە بەرهەمێکی هونەری زۆرم لەبەر دەستدایە، هاوکات یەکێک لە کلیپە تازەکانم لە ماوەیەکی نزیکدا بڵاودەبێتەوە، کە ئاوازەکەی هی خۆمەوە و تێکستەکەیشی هی (سەرکەوت رەسوڵ)ـە و لە مانگی 1ی ساڵی 2010 لەسەر شاشە تیڤیە کوردییەکان بڵاوی دەبێتەوە.