مەسعودى مەلا هەمزە : دواى ئەوەى لە ستۆدیۆى ڤین لە شارۆکەی رانییە بە ئاواز و کوردۆ سەردار و چەلۆى رەوەند هەژار و کەمانی کاردۆ سەردار، هونەرمەند و موزیسییان ئاکام هاوار بە کلارنێت پارچە موزیکێکی بەرهەم هێنا و ئێستە خەریکی کلیپکردنیەتی و کارى دەرهێنانی کلیپەکەى لەلایەن زریان خەتاب و وێنەگرتنی خالید محەمەدە و دڵدار جاف کارى مۆنتاژى بۆ دەکات.
لە لێدوانێکدا موزیسیان ئاکام هاوار گوتی “من دەخوازم موزیکیش وەکو خۆراکێکی رۆح لە نێو هونەرى کوردی پەرەى پێ بدرێ، چونکە کلیپ و بڵاوکردنەوەى ئەلبووم تەنیا بۆ گۆرانی نییە، بەڵکو من وەکو ژەنیارى ئامێرى کلارنێت حەزدەکەم و هەمیشەش هەوڵدەدەم کارە موزیکییەکانم تۆمار بکەم و کلیپی بۆ بکەم، ئەگەر هاوکاریش بکرێم، ئامادەم لە داهاتوودا ئەلبوومێکی موزیک بڵاو بکەمەوە”.
کلیپەکە لۆکەیشنەکانی لە دەڤەرى سۆران و دەوربەرى گیراوە، بەجۆرێ نۆتەکان ئاوێتەى سرووشتی جوانی کوردستان کراون و توانراوە فانتازیاى موزیک و سرووشت بەیەکەوە ببەستێتەوە.
زریان خەتاب دەرهێنەرى ڤیدیۆ کلیپی نۆتەیەک لەبا لەوبارەوە گوتی “بەهاوکاری ستافێکی خۆشەویست و دۆستی کاری هونەری توانیومانە کارێکی جوان ئەنجام بدەین و لۆکەیشنی کلیپەکە زۆر بەشێوازێکی پرۆفیشناڵ بەرهەم هاتووە و لەچەند ناوچەیەکی جیاوازی سروشتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر کراوە و لە ئێستادا کارە هونەریەکانی ڤیدیۆکلیپەکەلە قۆناغی مۆنتاژدایە و لە داهاتوویەکی نزیک بڵاو دەکرێتەوە”.