هونەرمەندی گۆرانیبێژ (پەیوەند جاف) ساڵانێکە لە نێو کۆری گۆرانی کوردیی دا بوونی هەیە و، لەرێگەی بەرهەمەکانیەوە توانیویەتی سەرنجی گوێگرانی گۆرانی کوردیی بەلای خۆی و گۆرانییەکانی رابکێشێت، پەیوەند ماوەی (17) ساڵە لە تاراوگە ژیان بەسەر دەبات لەو ماویەدا بەسەردانێک گەڕایەوە بۆ کوردستان، لە دیدارێکی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی هەفتەنامەی “هونەری هەولێر” تیشکی خستە سەر دوایین کار و پرۆژەی هونەرییەکانی خۆی و چەند بابەتێکی دیکە.
ئەلبومێکی تازەی گۆرانی جیاواز..!!
لە سەرەتای قسەکانی دا هونەرمەند (پەیوەند جاف) گوتی دەربارەی ئەو بەرهەمانەی کە ئێستاکە لەبەردەستی دایەو کاری بۆ دەکات گوتی : “ماوەیەکە سەرقاڵی ئامادەکاریی چەند گۆرانییەکم، کە بە شێوازێکی زۆر تازەو بەو ستایلەی کە من سەرەتا لەلای جەماوەرەکەم پێی ناسرابووم، کارم بۆ ئەو گۆرانیانە کردووە، بە هاوکاری هەریەک لە هونەرمەندان (زیاد ئەسعەد، بورهانی موفتی زادە، عارف شەکوری، بژار دیلان) سوپاسی هەوڵ و ماندوو بوونیان دەکەم، هەروەها هونەرمەند (ئیسماعیلی سابووری) گۆرانییەکی خۆی بۆ هێناوم بەنیازم دووبارە بیڵێمەوە، بەشێوەیەکی گشتی ئەلبومی ئەم جارە کارێکی جیاوازە بەبەراورد لەگەڵ کارەکانی پێشووترم، سەرجەم ئەو گۆرانیانە بریتی دەبێت لە(7) گۆرانی مەقامێک، لە نێو ئەو گۆرانیانەدا ئەم جارە (2) گۆرانییم بە شێوەزاری هەورامی ئامادە کردووە، بەڵام جارێ هیچ ناوێکم بۆ ئەو ئەلبومەم دانەناوە”.
بڵاوبوونەوەی ئەلبومەکەی جارێ دیار نیە!!
دەربارەی بڵاو بوونەوەی ئەو ئەلبومە تازەیەی لە رێگەی کام کۆمپانیای هونەرییەوە دەبێت و کەی بڵاو دەکرێتەوە؟ (پەیوەند) ئاشکرای کرد و گوتی : “لەگەڵ ناوەندی بڵاوکردنەوەی هونەری “ئارۆ” گفتوگۆیەکی سەرەتامان کردووە، لەوانەیە ئەو ئەلبومە لە رێگەی ئەو ناوەندە، کاری چاپ و بڵاوکردنەوەی بۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام جارێ تاوەکو کاری تۆمار کردنی سەرجەم گۆرانییەکان تەواو نەبێت، ناتوانم کاتی بڵاو کردنەوەی ئەلبومەکەم دەستنیشان بکەم”.
دوای (17) ساڵە لە تاراوگە و نیازی هاتنەوەی بەیەکجاری ..
ئەو هونەرمەندە ماوەی (17) ساڵە لە هەندەران ژیان بەسەر دەبات، لێمان پرسی ئایا نەگەیشتە ئەو بڕیارەی کە بە یەکجاریی بگەڕێیتەوە بۆ کوردستان ؟ لەوەڵامدا هونەرمەند (پەیوەند جاف) گوتی : “هەموو کوردێک کاتێک دوور دەکەوێتەوە لە وڵاتی خۆی بێگومان ئارەزوو دەکات، ئەگەر یەک رۆژ لە تەمەنی مابێت لەوڵاتەکەی خۆی تەواوی بکات و بگەڕێتەوە ئامێزی خاک و نیشتمانەکەی، دیارە ئێمەی ڕەوەندی کورد لە هەر وڵات و شوێنێکی هەر وڵاتێک بین هەر میوانین، بەڵام ئێمەش ئەوەندە ساڵە دوور کەوتوینەوە، لە دەرەوەی وڵات ژیان بەسەر دەبەین، پێویستمان بەئەوە هەیە، پلانێک یاخوود دەرفەتێکمان بۆ برەخسێت، ئینجا بگەڕینەوە بۆ کوردستانی خۆمان، چونکە بە ڕاستی ژیان لێرە بێت یاخوود لە هەندەران سەختی و دژواری خۆی هەیە، دوای ئەوەش شتێکی گرنگتر هەیە ئەویش ئەوەیە، نەک من زۆرێک لە هونەرمەندان بەتەنیا خۆمان نین، ئێستاکە خاوەن ماڵ و مناڵین، ئیتر پێوستە بیرێک لەوە بکەینەوە، کە هاتینەوە بۆ کوردستان، کارێک دابین بکەین بۆ بژێوی ژیانمان، منیش وەک خۆم ئەگەر کارێک بگرمە دەست و پەیوەندی بە هونەر و نزیکی نەبێت لە هونەرەکەم، ناتوانم کاری تێدا بکەم، چونکە من جگە لە هونەر هیچ کارێکی دیکە نازانم و، لەوەتەی هەم تەنیا خەریکی کاری هونەرییم”
کاری بێژەری ناکەم و حەزدەکەم لە پشتی کامێراکان کار بکەم!
هونەرمەند (پەیوەند جاف) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەگەر هاتەوە بۆ کوردستان بەیەکجارەکی ئارەزوو دەکات، لە یەکێک لە تەلفزیۆنەکان کار بکات، لەم بارەیەوەش گوتی : “من هەروەک ئاماژەم بۆ کورد، حەز دەکەم کارێک بکەم نزیک بێت لە هونەرەکەمەوە، دیارە ئەگەر لە tvیەک کاربکەم، وابزانم تارادەیەکی زۆر نزیکەو پەیوەستە بە هونەر، بەڵام من ئارەزوو ناکەم کاری بێژەری ئەنجام بدەم، بەڵکو دەمەوێ لە پشتی کامێراکانەوە بەبیرۆکەی تازە و داڕشتنی پرۆگرامی تازە خزمەت بکەم، چونکە پێم وایە کاری بێژەری کارێکی زۆر سەختە و ئەستمە بتوانم ئەو کارە بکەم، بۆیە حەزم لێی نیە!”.
گۆرانییەکم بۆ خێزانەکەم ئامادە کردووە!!
(پەیوەند) باسی ئەوەشی کرد و گوتی : “یەکێک لە پرۆژە تازەکانم گۆرانییەکی تازەیەم بۆ هاوسەرەکەم ئامادە کردووە، ئاواز و تێکستەکەی لەلایەن هونەرمەند (زیاد ئەسعەد) بە شێوازێکی زۆر تازە ئامادە کراوە، هیوادارم ئەو گۆرانیەش وەک پرۆژەیەکی گەورە کاری تۆمار و کلیپی بۆ بە ئەنجام بگەینم”.
زۆربوونی گۆرانیبێژ لە ئێستادا یەکێکە لە نەگبتیەکانی گۆرانی کوردیی!!.
گۆرانیبێژ (پەیوەند جاف) لەدرێژەی قسەکانی دا نیگەرانی خۆی بەرامبەر ڕەوشی ئێستای گۆرانی کوردیی بەم شێوەیە دەربڕی و گوتی : “بەداخەوە لە ئێستادا ئەوەندە گۆرانی بێسەر و بەر دروست بووە، وایلێهاتووە خەڵکیش بێزار بووە، لە گوێبیست بوون و سەیرکردنی گۆرانی کوردیی، یەکێک لە نەگبەتیەکانیش، کە لە ئێستادا گۆرانی کوردیی تێی کەوتووە، زۆربوونی ئەو هەموو گۆرانیبێژەیە، کاتێک دەبێتە خاوەنی چەند ئەلبومێکی بێسەر و بەری گۆرانی و، چەند ڤیدیۆ کلیپێک یەکسەر ناوی دەنێنن هونەرمەندی گەورە و ناوداری گەلەکەمان، بەداخەوە نەدەبوو ئەو رەوشە ئاوای لێبێت!، بەڵام من پێم وایە بەرپرسی یەکەم لە ئاست ئەو ڕەوشە تەلفزیۆنەکانن، ئەوان کلیپەکانیان بۆ نمایش دەکەن و رۆژی کەچی هەندێک هونەرمەندی زۆر بە قابیلەت و زۆر دەنگ خۆش کە ساڵانێک خزمەتیان کردووە، بەدەگمەنیش کلیپێکیان نابینین نیشانی بدەن”.
ساردبوونەوەی هونەرمەندانی تاراوگە..
هونەرمەندی گۆرانیبێژ (پەیوەند جاف) دەربارەی سارد بوونەوەی هونەرمەندانی تاراوگە لەکاری بەرهەم هێنانی گۆرانییەکانیان و هەندێکیان بۆ چەند ساڵێک دەبێت بەتەواوی بێدەنگن و بەرهەمی تازەیەیان، لەم بارەیەوە گوتی : “ئێمەی هونەرمەندانی کورد کاتێک وڵاتمان بەجێهێشت، زۆربەمان لە وڵاتی سوید گیرساینەوە و یەکمان گرتەوە، ئەوە بوو توانیمان چەندیین کاری زۆر جوان بهێنینە بوون، کە پێم وایە قۆناغێکی تازەی دروست کرد و هونەریی گۆرانی کوردی بەرەو ئاقارێکی دیکە برد، جگە لەوانە ئێمەی هونەرمەندان ماوەیەک خەمی کەناڵەکانیشمان خستبووە ئەستۆی خۆمان، بە تایبەتی بۆ دوو پرۆگرامی کوردستان tv و کوردسات کە تا ساڵی (2004) چەندیین جار بەشداریی زۆرباشمان کرد، کە تەنها ئەو دوو کەناڵە لەوێ ناویان هەبوو و نووسینەگەی کار کردنیان هەبوو، ئیتر مەبەستم ئەوەیە ئێمە بەو نەفەسەوە کارمان تێکۆشانمان کرد، بەڵام بەداخەوە زۆربەی هونەرمەندانی تاراوگە نە حیسابێکیان بۆ کرا نە رۆژێک لە رۆژان سوپاس نامەیەکیان بۆ نەهات بە تایبەتی لەلایەن لایەنی پەیوەندی درا، کەچی بۆ هەندێک هونەرمەند هەموو جۆرە کارێک کراوە و هەندێکیش بەتەنیا سەیر دەکات، بۆیە هونەرمەندانی تاراوگە تووشی جۆرە دڵشکانێک بوون و ئێستاکە دەرناکەون و بەرهەمیشیان نیە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا