چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : گۆرانیبێژی عێراقی محەمەد سالم ساڵی ١٩٨٧ لەبەغدا لەدایکبووە، بەگۆرانی “گەلب گەلب” و “بەل بەلا” ناوبانگێکی زۆری لەعێراق و دەرەوەی عێراق دەرکرد، بۆ یەکەمجار گۆرانییە نوێیەکەی لەرەواندوز کلیپ کرد و لەوکاتەدا چوار پرسیارمان ئاراستە کرد.
سڤیل: چەندجارێک ھاتووی بۆ کوردستان، بیرت لەوە نەکردۆتەوە لەگەڵ گۆرانیبێژێکی کورد گۆرانییەکی دوێت بکەن؟
محەمەد سالم: نەخێر، چونکە جگە لە(زەکەریا عەبدوڵڵا) و (لوی نانە) کەسی تر ناناسم، بەڵام گۆرانی دوێتم لەگەڵ مامۆستام (نەسرەت بەدر) ھەیە، پاشان من زمانی کوردی نازانم تەنیا چۆنی و سوپاس دەزانم.
سڤیل: چۆن بوو بڕیارتدا لەکوردستان “رەواندوز” کلیپە نوێیەکەت بکەی؟
محەمەد سالم: دڵم بەکوردستان دەکرێتەوە بەتایبەت ھەولێر، زۆربەی ئاھەنگەکانم لەھەولێر بووە، بۆیە ویستم لەدیمەنە جوانەکەی رەواندوز کلیپەکەم بکەم، ئێستاش کلیپە نوێیەکەم یان لە بەیروت یاخود لە ھەولێر دەکەم.
سڤیل: بەگۆرانی “گەلب گەلب” ناوبانگت دەرکرد، کامە گۆرانی خۆت زیاتر خۆشدەوێت؟
محەمەد سالم: ھەموو گۆرانییەکانم خۆشدەوێت، دەزانم جەماوەرەکەشم ھەموو گۆرانییەکانی منیان بەدڵە، من گۆرانییەک ناکەم خەڵک گوێی لێ نەگرێ، لەگەڵ مامۆستای خۆشەویستم (نەسرەت بەدر) و (زیا میالی) دەزانم چی دەکەم.
سڤیل: بۆچی ھەموو گۆرانییەکان لەسەر ستایلی عێراقییە، بۆچی ھەوڵتنەداوە لەم ستایلە دەربچی؟
محەمەد سالم: راستە گۆرانییەکانم عێراقین، چونکە من عێراقیم، بەس پێم سەیرە بۆ یەکەمجارە ئەم پرسیارەم لێ دەکرێ، بەڵام لەگۆرانییە نوێیەکەم ھەوڵدەدەم ستایلەکەی بگۆڕم.