وشیار ئەحمەد ئەسوەد : من نازانم هونەرمەند (سەفوەت جەڕِاح)ی کۆچکردوو ئەوەندەی لە ژیاندا بووە وەک هونەرمەندێک تا چەند لەبارەیەوە نووسراوە و بڵاو کراوەتەوە، یان لەلایەن ڕەخنەگرانی عێراقی و تەنانەت کوردستانیشەوە تا چەند هەڵسەنگاندن بۆ کارە هونەرییەکانی کراوە، بەڵام ئەوە دەزانم ئەگەر بەپێی کتێبەکەی برای ڕۆژنامەنووس (مەسعوودی مەلا هەمزە) بێت بەناوی “تا دڵ دەوەستێ” کە دوای ماڵئاوایی ئەو هونەرمەندە لە ژیان چاپ و بڵاوی کردەوە و ئەرشیفەکەی تێدا هێناوەتە پێشاندان،
(جەڕاح) ئەوەندەی کاری هونەریی کردووە، بەبەراورد لەگەڵ ئەوە کەمترین قسەی لەسەر کراوە. نەک هەر ئەوە، تەنانەت ئەو نووسینانەش کە لە دوای مردنی لەبارەیەوە بڵاو کرانەوە، دیسان وەک ژمارە گەلێک کەمترن بەبەراورد لەگەڵ ئەو ئەرشیفە دەوڵەمەندە هونەرییەی هەیبووە، چونکە ئەو دیمانانەش کە لە تەکیدا ئەنجام دراون، ناکەونە خانەی هەڵسەنگاندنە هونەرییەکانەوە، بۆ ئەوەی بشزانین ئاستی هەر هونەمەندێک دەکەوێتە کامە لای هاوکێشەکانەوە و لە چ ئاستێکدایە، ناکرێ پەنا بەرینە بەر زۆری یان کەمیی کارە هونەرییەکانی، چونکە هیچ کاتێک لە بەرهەمە دانسقەکاندا ژمارەی بەرهەم نەکراوەتە پێوەر ئەوەندەی دەخوازێ بەدوای داهێنانەکاندا بگەڕێین، ئەمانەش لەسەر وەستانیان پێدەوێت.
مەبەستم نییە لەم چەند دێڕەدا خوێندنەوە بۆ کتێبەکەی (مەسعوودی مەلا هەمزە) بکەم، چونکە لە بنچینەدا کتێبەکە کۆمەڵێک زانیاریی هەڵگرتووە وەک لەوەی خوێندنەوەیەکی هونەرییانەی کارەکانی (جەڕاح) بێت، جیا لەوەی لە خوێندنەوەکانیشدا ناکەوێتە بەر ئەرکی من و دەهێنێ پسپۆڕانی بوارەکە کار لەسەر ئەو تەرزە هونەرە بکەن، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ ئێمە تەنیا قسەکردنە لەسەر هێڵە گشتییەکان و پرەنسیپەکانی کارکردن لە هونەردا، بێگومان بۆ ئەمەشیان دەتوانین قسە لەسەر تەواوی بوارە جیاجیاکانی هونەر بکەین، لانیکەم لەبەر ئەوەی تەواوی بوارە کولتوورییەکان بەجیاوازیی جۆری کارکردنیانەوە رێچکەیەکی جێگیر بۆ داهێنان دروست دەکەن، بۆیە لە بارە ئەفرێنەرەکاندا بۆ زۆرینەمان بینینیان ئەستەم نابێت، بێگومان ئەمەش جیا لە چێژی هونەری، چونکە ئێمە وەک پرەنسیپ مەبەستمان لە داهێنانی هونەرییە نەک چێژی هونەری، ئەوەی (مەلا هەمزە)ش لە “تا دڵ دەوەستێ”دا بۆ (سەفوەت جەڕاح)ی خوالێخۆشبووی کردووە، وەک گوتم کۆکردنەوەی ئەرشیفەکەیەتی لە شوێنێکدا بەناوی کتێبەوە، وێڕای ئەوەش پێموایە ئەو گەنجە توانیویەتی لە گەڕانی هەر کەسێک بەدوای کارەکانی جەڕاح، یان تەنانەت بۆچوونەکانیشی ڕێگەکان ئاسانتر و ڕوونتر بکاتەوە، چونکە دەکرێ تۆ لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەو دیمانانەی لەو کتێبەدا کۆ کراونەتەوە، تەواوی دید و بۆچوونەکانی ئەو هونەرمەندە کۆچکردووە بخوێنیتەوە، نەک لە گەڕان بۆ دۆزینەوەیان شەکەت بیت، بۆیە جەخت دەکەوە ئەگەر کتێبی “تا دڵ دەوەستێ” توانیبێتی خزمەت بکات، ئەوەندەی خزمەتی (جەڕاح)ی کردووە، لەوەش پتر خزمەتی ئەوانە دەکات کە پێویستیان بەسەرچاوەی کارکردن و بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە دەبێت.. منیش لێرەوە کورتە ئاماژەیەک بەجۆری کارکردنی هونەریی (سەفوەت جەڕاح) دەدەم وەک هونەرمەندێکی کوردستانی یاخۆ عێراقی.
بەر لە هەر شتێک بۆ ئەوەی بۆچوونەکانم بەهەڵە وەرنەگیرێن، ئاماژە بەوە دەدەم کە هەرگیز گومانم لە کۆمەڵێک جوانی لەلای (سەفوەت جەڕاح)ی خوالێخۆشبوو نییە، لەوەش دڵنیام کە هونەرمەندێکی باشی بوارەکەی خۆی بووە، ڕەنگە لەڕووی کارگێڕیشەوە کەسایەتییەکی شارەزا بووبێت، بەڵام بەپێی ئەو نووسینانەی لەم ماوەیەی دواییدا وەک هونەرمەندێکی گەورەی کورد لەبارەی (جەڕاح)ەوە بڵاو کرانەوە، سەرسوڕمانیی لا دروست کردووم کە تا ئەم دەمەش زۆرترین خەڵکی ئێمە ئامادەیی گوتنەوەی ڕاستییەکانیان وەک خۆیان نییە، واتە ئەوەندەی بەسۆزەوە کار لەسەر هونەر و دەربڕینی بۆچوونەکان دەکەن، کەمتر باسێکی ڕژد و مەعریفییانەمان بۆ دەگێڕنەوە، ئەدی ئەو جۆرە گێڕانەوانەیە وامان لێ دەکەن، ڕاستییەکانمان لەبەرچاو لێڵ بن و وەک ئەوەی کە هەن نەیانبینین، منیش نامەوێ تووشی موجامەلەیەکی بێمانابم، لە دەربڕینی بۆچوونیشدا پێموانییە بخوازێ جیاوازی لە نێوان مردوو و زیندوو بکەین، ئەوەی دەهێنێ تەنیا باسکردنی کەتوارەکەیە وەک ئەوەی هەیە، نەک وەک ئەوەی کاممان بەمیزاج دەمانەوێ، ئەوەتا (مەسعوودی مەلا هەمزە)ش لە دەستەواژەیەکدا لە کتێبەکەی ئاماژە بەوە دەدات “هەرگیز لەگەڵ مردووپەرستی زیندووکوژ نەبوومە”، کەواتە با هونەرەکەی مامۆستا (جەڕاح)یش وەک خۆی ببینین.
بەتەماشاکردنێکی خێرا بەسەر ئەرشیفە هونەرییەکی هونەرمەند (سەفوەت جەڕاح)، بەزەقی کارە عێراقییەکانی دەبینین، مەبەستم ئەوەیە ئەوەندەی کارە هونەرییەکانی ئەو هونەرمەندە عێراقین، گەلێک کەمتر لەوە دەکەونە بۆتەی کارە هونەرییە کوردستانییەکانەوە، بەپێی ئەو ئەرشیفەی لە “تا دڵ دەوەستێ”دا کۆ کراوەتەوە، (جەڕاح) خاوەنی نزیکەی 50 کاری هونەریی عەرەبی و نزیکەی 15 کاری هونەریی کوردییە، ڕەنگە هی دیکەیش لە هەردوولا هەبن و من پێیان نەگەیشتبم.
لە دەرەوەی نەتەوەگەریەتی، ئەم ڕاستییە پێمان دەڵێت (سەفوەت جەڕاح) دەکرێ وەک هونەرمەندێکی گەورەی عێراقی بێتە باسکردن، بەڵام ئەستەمە وەک هونەرمەندێکی گەورەی کورد قسەی لەسەر بکەین، پێموانییە کوردبوونی ئەو هونەرمەندە بەس بێت بۆ گەورەیی وەک هونەرمەندێکی کورد، ئەگەر وایە، کەواتە چۆن (تەڵعەت سامان، سەباح عەبدولڕەحمان، مەکی عەبدولڵا، سمکۆ عەزیز، جیهاد دڵپاک، عەلی ئەحمەد، ئەنوەر شێخانی، ئەحمەد سالار) و دەیان ناوی تر لەو بوارەدا وەک هونەرمەندی کورد هەڵسەنگێنین؟!.
لە باسکردنی ژمارەکانیش بۆ کارە عەرەبی و کوردییەکان مەبەستم ئەوە نییە بەپێی ژمارە هەڵسەنگاندن بۆ کارەکان بکرێت، چونکە هەڵسەنگاندن دەکەوێتە بۆتەی جۆرییەوە، بەڵام بۆ ئەمەشیان دەبینین زۆرترین کارە هونەرییە گەورەکانی ئەم هونەرمەندە لە کارە عەرەبی و عێراقییەکانن نەک کوردی و کوردستانییەکان، نموونەشیان بەشداریکردنیەتی لە فیلمە زۆر ناسراوەکانی وەک (ایام گویلە – الرسالە – القادسیە – المسالە الکبرى) و زۆری دیکە، ئەمانە و جیا لە دەیان شانۆگەریی عەرەبی لەگەڵ هونەرمەندانی وەک (بەدری حەسوون فەرید – وەجیە عەبدولغەنی – موحسین عەزاوی – قاسم محەمەد – حەسەن حوسنی- حەقی شبلی) و زۆری دیکە، لە هەموو ئەمانەشدا یان وەک ئەکتەر یاخۆ وەک دەرهێنەر کاری کردووە، کەواتە وێڕای کوردبوونی (سەفوەت جەڕاح) وەک کەسایەتییەک، بەڵام وەک هونەرمەند پتر عێراقییانە کاری کردووە.
هەموو ئەمانەی باسم کردن مەبەستم نییە وەک خەوشێک لەسەر مامۆستا (جەڕاح) بیانخەمە بەر ئاماژەوە، چونکە ئەوەش ئاساییە هەر هونەرمەندێک بەهەر زمانێکی جیهانی کار بکات یان لەگەڵ کام کولتووردا ئاوێتە دەبێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە و دەهێنێ ڕۆشنایی بخەینە سەر، ئەوەیە دەکرێ وەک هونەرمەندێکی گەورەی عێراقی باس لە (سەفوەت جەڕاح) بکەین، بەڵام لە هونەری کوردیدا، تەنیا وەک هەر هونەرمەندێکی ئاسایی دیکە کاری کردووە کە دەهێنێ هەموو کارە هونەرییە کوردییەکانیشی بەرز ڕابگرین.