هونەرمەندی بەتواناو لێهاتوو كاكە عوسمان هەمیشە گلەیی هەیە، ئەو گلەیانەی ئەو دەیكات هیچی بۆخۆی نیە جگە لەخزمەتكردنی گەلەكەی نەبێت، عوسمانی هونەرمەند دەڵێت”شانۆی كوردی لەقەیراندایە ئەویش بەهۆی نەبوونی و دەستگیرۆیو هۆڵێكی ئامادەكراو بۆ پێشكەشكردنی بەرهەمەكەت ئەمانە هۆكارێكی خراپن كەوایكردووە شانۆ بەو قەیرانە بڕوات”.
زنار: بارودۆخی شانۆو هونەری لە كوردستاندا چۆن دەبینی، گلەیت لەچی ئەم بوارە هەیە؟.
عوسمان: تۆ كەخەونێكی هەمیشەیت هەبێتو كۆڵ هەڵگری ئەو خەمانە بیت چۆن گلەیی ناكەیت لەكاتێكدا ساڵانە ئەو هەموو پارەیە بەفیڕۆ دەڕواتو نایەڵن شانۆگەریەكی جوان بەئارەزووی دڵی خۆت پێشكەش بكەیت ئەویش بەهۆی نەبوونی مادەو دەستگیرۆیی وەزارەتی رۆشنبیریەوەیە من هەموو ئەو گلەیانە لەبەر خاتری خۆم نیە بەڵكوو تەنهاو تەنها بۆخزمەتی گەلەكەمانەو بەس تاكوو ئەو قەیرانەی كەشانۆی كوردی لەماوەی ئەم 7/8 ساڵەی تێكەوتوە رزگاری بكەین گلەیەكانو باسكردنی شانۆ لەم سەردەمەدا ئەوانەی بوونەتە پێشەنگی ئەو بوارە ئەوان بەتایبەتی كەمترخەمن، هۆكاری بۆدروست كردنی ئەم قەیرانەش كەدووبارە دەبێتەوە یەكەم وەزارەت بەرپرسیارەو دووەم بەشێكی زۆر لەشانۆكارانو رێكخراوی هونەرمەندان دروستكەری قەیرانی شانۆن تاكوو بەم رێڕەوەدا بروات، ئێمە بائەندامیش بین تیاندا بەڵام ئەگەردەستگیرۆیم نەكەمو یارمەتیم نەدەن چیبكەم ئەم دوو هۆكارە فاكتەرێكی زۆر گرنگن بۆئەوەی شانۆكار سست بێت لەبوارەكەی خۆیداو نەتوانێت هەنگاوی جدی بنێت؟.
زنار: كەواتە ئێوە هەمیشە بەرهەمتان هەیە، ئەی گلەییەكەتان لەچیە؟.
عوسمان: ئێمە ئەگەر كارێك دەگرینە ئەستۆ نابێت بەبێ بەرهەم بچینە مەیدانەكەوە زۆربەمان تەمەنی 25بۆ30ساڵ ئەزموونمان هەیە بۆئەو خزمەتەی لەسەرشانمانە دەبێت ئەو ئەركە رای بكەینو جەماوەرەكەمان شادكەینەوە بەبواری شانۆ، ئێستا بەرهەم هەیە بەڵام ئەوان بەو بەرهەمەش پەستن كەئێمە دەستمان داوەتێ بۆ خزمەتكردن.
زنار: ئێوە كەسانێكی ناسراونو هونەرمەندێكی دیاری ئەوبوارەن هۆكاری لالێنەكردنەوەتان لە چیدا دەبینن؟.
عوسمان: ئەوەی لەتوانای ئێمەدا بێت درێغی ناكەین زۆرجار شەقامی كوردی داوای بەرهەممان لێدەكات بەڵام چی بكەین هەرئەوەندە تواناهەیە ئەگەر دەستگیرۆیی نەبێت كاتەكانت بەفیرۆ دەچن، تۆتەماشاكە ساڵانە یەك موناسەبە هەیە لەرۆژی شانۆی جیهانیدا هەموو وڵاتان ئەو رۆژە بەپیرۆز دەزانن، هەموو شتێكیان بۆفەراهم دەكرێت وەزارەتی رۆشنبیریش بەئێمە دەڵێت دەبێت بەرهەم هەبێتو دەقەكان تەقدیم بكەیتو پێشكەشی وەزارەتی بكەیت بەڵام بەداخەوە تەنها ئەو رۆژە بودجە هەیە بۆئەو بەرهەمە ئەویش پارەیەكی كەم كە عەیبە باسی بكەین دەبێت لەسەر گیرفانی خۆتو ئەكتەرو هونەرمەندەكان پارەكە تەواو بكەیت (300/400)هەزار چیە كەبتداتێ ئێمە كاتێ پرۆڤە دەكەین بۆ ئەو بەرهەمە ماوەی دوومانگو نیومان پێدەچێت ئەو پارەیە بدەین بەچیو بەشی چی دەكات لەخۆت دەپرسم.
زنار: لەناو شاری سلێمانی چەندەها هۆڵ هەیە كەچی گلەیی بەردەوام لەنەبوونی هۆڵ دەكرێت؟.
عوسمان: زۆربەی ئەو هۆڵانە بۆموناسبەو ئاهەنگو كۆڕی خۆیانە بۆشانۆ نیە بەرپرسەكانی ئەو بوارە هیچ شوێنێك دابین ناكەن بۆئەوەی شانۆكار پرۆژەی خۆ تێدا ئەنجام بداتو كاری تێدا بكات تەنها هۆڵێك هەیە دەتوانێ نمایشی تێدا بكەیت ئەویش هۆڵی رۆشنبیریە، من چی لەو هۆڵە بكەم كەنەتوانم ئەو فەزایەی كەمن دەمەوێت تەنفیسی خۆمی تێدا بكەم.
زنار: ماوەی چەند ساڵێكە چەندەها كاری نواندن یاخود دراما لەكەناڵەكانەوە دەبینین ئەمە كارێكی باشە یاخوود بەپێچەوانەوە.
عوسمان: رێزم بۆ زۆربەی دەرهێنەرەكان كەدەیانەوێت خزمەت بكەن بەڵام بەهۆی ئەوەوە كەدەرهێنەری كوردی هەرگیز كاری نەكردووە لەسەر ئەبعادی ئەكتەر بۆ كارئەكتەرەكەی بۆیە دەبینین كاتێك ئەو دەقانە پێشكەش دەكرێت بەتایبەتی كە وێنەی خێزانێك نیشان دەدرێتو نمایش دەكرێت دەبینین نەباوك لەدایكو نەكوڕ لەكچ دەچێت ئەمە پێچەوانەی ئەو زنجیرە درامایانەیە كە لەوڵاتاندا دەیانبینین بۆیە خەڵكی خەمساردەو گلەیی هەیە.
زنار:گلەیەكان زۆرن پەیوەندیەكان كەم بونەتەوە، شانۆش لەقەیراندایە هۆكاری ئەمە چیە؟.
عوسمان: من خەمی چەند ساڵێكی كەمە، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوامی هەبێت تووشی قەیرانی گەورەتر دەبین هاوڕێیەتی پەیوەندیو عیلاقات رۆڵی سەرەكی دەبینێت لەنێوان دوو كەسدا بەتایبەتی لەنێوان دەرهێنەرو هونەرمەندەكەدا كە زۆربەی كات بەیەكەوەن، زۆرجار بووە ئەو پەیوەندیە وایكردووە رۆلی تۆ كەمتر بێت لەوی تر كەرەنگە ئەو بەقەدەر من هەر توانای نەبێت.
زنار: تۆ دەڵێیت قەیران هەیە كەچی كاتێك كەنمایشێكی شانۆی تەنز ئامێز دەكرێت جەماوەر رووی تێدەكات؟.
عوسمان: ئەمانە ناچنە قاڵبی شانۆوە، من زۆر خەم دەخۆم كاتێك دەبینم ئەو خەڵكە بەلێشاو سەرە دەگرن بۆ بینینی ئەو نمایشە، بروابكە لەو نمایشانەدا كۆمەڵێك رستەی بێ سەرو بەرەو ریز كردنی تێدایە جگە لەپێكەنین بەو دەقە هیچی تری لێ هەڵناكڕێت ئەمە خۆ بەتاڵكردنەوەیەكی كاتیەو هیچی تری لێ سەوز نابێت. جگە لەو دەستەكەوتە مادییە هیچی كەنیە. ئەم دەقانە زۆر كرچیوكاڵی پێوە دیارە. بۆ یەك دوو نمایشی شانۆگەری چووم بۆ بینین ئەوشانۆگەریە هەزیلەی كە باسی دەكەم چەند مانگێك دەخایەنێت دواجار كەهاتوومەتە دەرەوە قێزم لەخۆم كردۆتەوە.
زنار: هەست ناكەیت دابڕانێك لە نێوان نەوەی نوێو كۆنی هونەری هەیە، هۆكاری ئەمە چیە؟.
عوسمان: رەسوڵ هەمزاتۆف لەداغستانی مندا دەڵێت “من پەساپۆرتی وڵاتەكەم هونەرمەندو رۆشنبیری وڵاتەكەمە” بمبەخشن ئەوەی كەدەیڵێم، ئەم نەوەی نوێیە ئێستا بەتەوازوعەوە داوای لێبوردنیان لێ دەكەم سەرقاڵ نابن بەخوێندنەوەو رۆشنبیری، راستە لەپەیمانگا دەخوێنێتو دەردەچێت دواتر هیچی تریان لێ سەوز نابێت تەنها دواجار یەك كەسیان لێ دەبیبَتە موخریجو یاخوود ئەكتەر.
زنار: ئەم رێگەیەی كە بەرێزتان گرتوتانە بەر ئەركێكی قورسە، شانۆ چی پێبەخشیویت؟.
عوسمان: من خۆم منداڵیم حرمان بووە بێبەش بوومە لە هەموو شتێكی منداڵی بۆیە رێگەی شانۆم گرتە بەر بۆئەوەی تەنفیسێك بدۆزمەوە، ئەوەبوو لەكاری نواندندا خۆم دۆزیەوە كە باوەرم پێیەتی، ئەمە بۆ مەكسەبی مادی نەبووە، ئەوە عەشقێكی ترە كەمن هەنگاوم بۆناوەو بەری رەنجی خۆمم داوەتێ و هیلاك بووم پێوەی بۆیە ئەگەر مێژوو بنوسرێتەوە بەشانازییەوە باس دەكرێن بەڵام هەرگیز خەڵك ئەوانەی كەخەریكی شانۆگەری هەزیلن ناناسرێن.
زنار: كەواتە دوو جۆر شانۆگەری هەیە ئەوانەی خەمی نیشتمانو ئەوانەی دی خەمی گیرفان؟.
عوسمان: شانۆگەری خەونی نەبڕاوەی گەلێكە كەچەندین ساڵە هەوڵی زیندووكردنەوەو پێشكەوتنی دەدات، ئێمەش بۆئەوەی گەلەكەمان لەو رێڕەوە دوانەكەوێت دەبێت خەمی بۆ بخۆین تاكوو نەكەوێتە قەیرانەوە، ئەو كارەساتو ماڵوێرانیەی كەبەسەرمان هاتووە لەورێگەیەوە بۆنەوەكانی ئایندەمان بیگێڕینەوە، ئەمە خەمێك، خەمەكەی تری شانۆگەری ئەوانەی كەدەستیان داوەتێ ئەو جۆرە نمایشانە لەدوای روودانی جەنگو شەرو شۆر دێنە ئاراوەو جەنگ زۆربەی خەڵكی كەپت كردووە، ناچار دەبێت خۆی بەتاڵ بكاتەوە دەگەڕێت بۆكۆمیدیا یەك بتهێنێتە پێكەنین وەكوو ئەرستۆ كەباسی كردووە.