ئەوان خانەوادەیەکن کە هەر تاکێکیان دەست لەملانێی ئامێرێکی میوزیکییە. کامگاران نین، بەڵام خەونەکانیان لە کامگاران گەورەترن . ئەوان لە غوربەتدا ئاواز بۆ نیشتمان و عەشق بۆ خۆشەویستی دەژەنن. ئەوان زەندییەکانن. لە دیدارێکی کورتدا، کوردە زەندی کە ئەندامێکی ئەو خانەوادە موزیکییەیە بۆ چرا تیڤی بەم شێوەیە دوا: ئێمە سێ برا و چوار خوشکین و هەریەکەمان ئامێرێکی جیا دەژەنین هەر لە سەنتورەوە تا کەمان و ساز و تار و زەرب. ماوەی 11 ساڵە ئێمە کوردستانمان بەجێهێشتووە و لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژین و هەر لەوساشەوە تێکەڵ بە دونیای میوزیک بووین.
کوردە دەڵێ سەرەتا بە راهێنان لەسەر میوزیکی فۆلکلۆری کوردی دەستمان پێ کرد بەڵام لەبەر ئەوەی مایسترۆی کورد لە نزیکی ئێمەوە نەبوو، لەسەر دەستی مایسترۆ رەزا بەهەشتی پوور راهێنانمان دەکرد و لەلای ئەویش زیاتر لەسەر میوزیکی فۆلکلۆری فارسی راهێنانمان دەکرد و خۆشتان دەزانن کە هەردوو فۆلکلۆری کوردی و فارسی لەیەکەو نزیکن.
کوردە خۆی تاری هەڵنەبژاردبوو بە ڵکو وەک خۆی دەڵێت لە لایەن باوکییەوە تارەکەی درایە دەست، بەڵام ئێستا عاشقی تارەکەیەتی و لە هەمان کاتیشدا توانای ژەنینی ساز و سێتار و فلوت و زەربیشی هەیە و زۆریش حەز دەکات لەسەر کەمانچە و سەنتوریش رابێت. ئەو دەڵێ نازانم چۆن سوپاسی ئەو هەموو میهرەبانی و پشتیوانییەی باوکم بکەم! بەراستی زۆر هاوکارمانە و زۆریش لەگەڵماندا ماندووە.
کوردە دەڵێ نزیکەی نۆ ساڵ بە شێوەیەکی بەردەوام هەر هەموومان بەشداریمان لە وانەکانی میوزیک دەکرد، بەڵام ماوەی دووساڵ و شتێکە تەنیا خۆمان لە ماڵەوە راهێنان دەکەین و زیاتریش راهێنان لەسەر بەرهەمە کوردییەکان دەکەین بەتایبەتی بەرهەمەکانی مامۆستا مەزهەری خالقی و حەسەن دەرزی و حەسەن زیرەک و ماملێ و ئێمە هەموومان عاشقی کامگارانین.
هەروەک نیمچە گلەییەک کوردە دەڵێت زیاتر ئەو ئاهەنگانەی کە رەوەندی کوردی لە ئەوروپا رێکیان دەخات؛ ئاهەنگی شایی و هەڵپەرکێن و کەمتر کۆنسێرتی هونەری تایبەت بە گروپە میوزیکییەکان ساز دەکەن. بۆیە تا ئێستا دەرفەتی بەشداریکردنمان لە کۆنسێرتە کوردییەکان بۆ نەرەخساوە و زیاتر لە گەڵ هونەرمەندانی فارس زمان کارمان کردووە تەنیا کارمان لەگەڵ میدیای کوردی ئەوەبوو کە کاتی خۆی لە بەرنامەیەکی دووکاتژمێری راستەوخۆ لەسەر شاشەی (Me.TV) ئەوسا بەشداریمان کرد.
کوردە زەندی تەمەنی نۆزدە بەهارە و لە کاتی ئێستادا لە قۆناغی ئامادەیی بۆ خوێندنی پزیشکی دەخوێنێت.
زانا قاسم دزەیی