1/2/2011: ژماره‌یه‌ك تۆپ‌و ده‌بابه‌و ناقله‌ی سه‌ربازیی، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه هێنراوه‌ته به‌رامبه‌ر باره‌گا سه‌ره‌كیه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ناو جه‌رگه‌ی شاری سلێمانی و له ته‌نیشت (ته‌لاری شاری جوان) جێگیركراون، كه ته‌نها چه‌ند سه‌د مه‌ترێك له گرده‌كه‌وه دووره.
به پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست لڤین پرێس كه‌وتووه، ئه‌و چه‌كه قورسانه له خانه‌قینه‌وه هێنراونو بریتین له دهباو ناقیله‌و تۆپی 122 ملم‌و تۆپی 132 ملم، كه له چه‌كه زۆر قورسهكاننو یه‌كێكن له‌و چه‌كانه‌ی كه له شه‌ڕی عێراق-ئێران‌دا به‌كارهێنراون. ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه، دوابه‌دوای بلاوكردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی بزووتنه‌وی گۆڕان، كه داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تی ههرێمو په‌رله‌مانی كوردستانی كردبوو، وه‌زاره‌تی پیشمه‌رگه كه‌وته حاڵه‌تی ئینزاره‌وه.
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم وته‌بێژی بزوتنه‌وی گۆڕان به لڤین پرێسی راگه‌یاند، له‌و رۆژه‌وه به‌تایبه‌تی له دوێنێوه زۆربه‌ی بینا به‌رزه‌كانی سلێمانی پڕكراوان له هێزی سه‌ربازیی. به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن كه جێگیركردنی ئه‌و هێزانه بۆ پارێزگاریكردنه له باره‌گا حكومییه‌كان له ئه‌گه‌ری كه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ر گرژییهكدا.
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم گومانی خۆی له‌و قسانه نیشاندا‌و له‌و باره‌یه‌وه وتی “پاراستنی ده‌زگاكان به (10 – 12) پۆلیس ده‌كرێت، ئایا پارێزگاریی لێكردنیان تۆپی (130 ملم)ی ده‌وێت؟”. ناوبراو هێنانی ئه‌و چه‌كه قورسانه بۆ به‌رامبه‌ر گردی گۆڕان به كارێكی “خراپ” ناوبرد‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه “جۆرێكه له‌هه‌ڕه‌شه‌كردن” له‌وان. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ر له‌ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه، له به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تی ههرێمو په‌رله‌مانی كوردستانی كرد‌و دوابهدوایئهوه له لایه‌ن هه‌ریه‌كه له یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه وه‌ڵامدرایه‌وه.
به پێی زانیارییه‌كانی لڤین پرێس؛ به فه‌رمانی مه‌سعود بارزانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی له هه‌مان ئێواره‌دا خراوه‌ته حاڵه‌تی ئاماده باشییه‌وه بۆ رێگرییكردن له روودانی هه‌ر ئه‌گه‌رێك كه له چوارچێوه‌ی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا بكه‌وێته‌وه. له‌و كاته‌وه تاكو ئێستا جۆرێك له گرژیی سیاسی دروستبووه. هه‌روه‌ها چه‌ندین به‌یاننامه له لایه‌ن توێژه جیاوازه‌كانه‌وه ده‌ركراوه بۆ رێگریكردن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ.
وێنه‌ی گردی ته‌لاری شاری جوان له ئاوێنه‌وه وه‌رگیراوه