هونەرمەندی موزیكژەن (موكریان ئەبوبەكر) موزكژەنێكی دەست رەنگین و بەتوانایە، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێرە، ئەو موزیكژەنە ماوەیەكە جگە لەكاری موزیكژەنی دەستیكردووە بەكاری گۆرانی گوتن و لەو ماوەیەشدا ئەلبومێكی گۆرانی بڵاو كردەوە، ماوەیەك بەر لە ئێستا سەفەری هەندەرانی گرتبەر و ماوەیەك لەوێ وەك زۆرێك لە رەوەندی كورد تاراوگە نیشین بوو، ماوەی چەند رۆژێكە گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان، لەنزیكەوە بۆ خوێنەرانی هەفتەنامەی “هونەری هەولێر” هاتە ئاخاوتن و وەڵامی چەند پرسێكی دایەوە
سەرەتا لەوە دەست پێدەكەم چۆن بڕیاری سەفەركردنی هەندەرانت دا، واتە روونتر دەمەوێ بپرسم چ هۆكارێك هەبوو لەو كات و ساتەدا بڕیاری ئەو سەفەرە بدەیت ؟
موكریان : “سەفەری من بۆ هەندەران پەیوەست بوو، بە كێشەیەكی تایبەتی ژیانی خۆم. دیارە چ وەك هونەرمەندێك چ وەك هەر مرۆڤێكی دیكە وابزانم حەقی ئەوەم هەبوو بڕیاری ئەو سەفەرە بدەم، بەڵام سەفەری هەندەرانم، كاری نەكردە سەر هونەرەكەم و بەردەوام بووم لەگەڵی و هاوڕێیەكی باشی ئەو سەفەرەم بوو، كە توانیم باشتر و بەگڕوتینێكی دیكەی هونەریش كار بكەم.
بەڵام زۆر باسی ئەوە دەكرا كە تۆ بەشێوەیەكی نایاسایی رۆیشتی دەگوترا هەر كاتێك بگەڕیتەوە بۆ كوردستان تووشی لێپیچنەوەی یاسایی دەبیتەوە، ئایا لەو گەڕانەوەت تووشی ئەو حاڵتە بووی ؟
موكریان : “پێم وایە زۆربەی خەڵكی كورد، بە شێوەیەكی نایاسایی خۆی گەیاندۆتە ئەوروپا، هەروەك ئاماژەم بۆ كرد. من دەبوایە لەو كاتە وڵات بەجێ بهێڵم و بڕۆم تا ئەو كاتەی دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ كوردستان، ئیتر ئەگەر پەنام بۆ رۆیشتنێكی نایاسایی بردبێت، بەو شێوەیە نەبووە كە بگەڕێمەوە لە كوردستان سزا بدرێم، سوپاسیان هەموو لایەك دەكەم بەبێ هیچ گرفتێك هاتومەتەوە بۆ كوردستان و هیچ كێشەیەكم نیە”.
ماوەی نزیكەی دوو ساڵە تۆ لە هەندەرانی، ئەو ماوەیە توانیت یاخوود هیچ سوودێكت بینی لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە بۆ كاری موزیكژەنیەكەت ؟
موكریان : “دیارە كاتێك دوور دەكەویتەوە لەوڵاتی خۆت، هەندەران وات لێدەكات لەكۆمەڵێك هونەرمەند و كەسانی رۆشنبیر نزیك ببیتەوە، من توانیم لە كۆمەڵێك خەڵكی زۆر باش و كەسی بەتوانا ئەزموونێكی تازە فێر ببم، بەتایبەتی بۆمن هەندەران شتێكی تازە نەبوو، چونكە من چەند جارێكی دیكە بە هۆی بەشداریی كردنم لە چەند فیستیڤاڵێك و چەند كۆنسێرتێك، واتە من شارەزاییەكم هەبوو لەسەر ئەوەی دۆستایەتی و برادەرایەتی كێ بكەم و سوود لەكێ وەردەگرم، لەماوەی نزیكەی ئەو دوو ساڵەدا لەگەڵ چەندیین گروپی موزیكی (سویدی، عەرەب، فارس و سریانی) كارم كردووە، بە ئامێری (چەلۆ) چەندیین سۆلۆی موزیكیم بۆ ژەنیون، بەتایبەتی لە كۆنسێرتەكانیان، هەمیشە بەشێكی تایبەتیان بۆ من دادەنا بۆ ئەوەی بە ئامێرەكەم چەلۆیان بۆ بژەنم، منیش زۆر كوردیانە موزیكەكەم ژەنیووە و ئەوەم بۆ سەلماندوون كە كوردیش موزیكی خۆی هەیە و هونەرمەندی باش و لێهاتووی هەیە.
ئەی لەگەڵ هونەرمەندە كوردەكان هیچ كارێكت ئەنجام نەدا ؟
موكریان : “لەگەڵ چەندیین هونەرمەندی كورد لەوێ موزیكم ژەنیووە، ببەتایبەتی بۆ هونەرمەندە گۆرانیبێژەكانی وڵاتی وسوید، سۆلۆی چەندین گۆرانییم بۆ ژەنیوون”.
تۆ تا ئەو كاتەی لەكوردستان بووی گۆرانی نەدەگوت، بەڵام كە چوویتە هەندەران، وەك گۆرانیبێژێك دەركەوتی ئەمە چ هۆكارێك وای لێكردی تۆ دەست بكەیت بۆ گۆرانی گوتن ؟
موكریان : “من بەهۆی ئەوەی من هەر لەتەمەنێكی زۆر بچووكەوە تێكەی كاری هونەری موزیك بووم، جگە لەوەش لەگەڵ چەندەها گۆرانی هونەرمەندانی كورد گەورە بووم، واتە دەمەوێ بڵێم حەزی گۆرانی زۆر دەمێكە لەگەڵ هەست و هۆشی مندا دەژی و خەونی منداڵییم بووە، هەرچەندە پیشەی هونەری من كاری موزیكییە و تاوەكو لە كوردستانیش بووم هەرخۆم تەرخان كردبوو تەنها بۆ كاری موزیكی، بەڵام لەمەودوا گۆرانی گوتنیش دەبێتە دەست لەملانی كارە موزیكیەكەم شان بەشانی یەكتری هەوڵیان بۆ دەدەم، شتێكیش هەیە كە تائێستا باسم نەكردووە، بەڵام لێرەدا دەمەوێ باسی بكەم، من بەر لەوەی سەفەری هەندەران ئەنجام بدەم، (3) گۆرانییم تۆمار كردبوو بەڵام بڵاوم نەكردەوە!”.
پێت وانیە ئەگەر گۆرانی بڵێت تارادەیەك لە موزیك دووردەكەویتەوە و سەرقاڵ بوونت بەكاری گۆرانی گوتن ناتوانی ئەوەندە فریای كاری موزیكژەنی بكەویت ؟
موكریان : “لەهەموو دونیادا شتێك هەیە، پێویستە ئێمەش باوەڕمان پێی هەبێت، كە ئەوەندەی خەڵك یاخوود جەماوەری هونەری گوێ لەگۆرانی دەگرێت ئەوەندە گۆی لە موزیك ناگرن، جگە لەوەش ئەوەندەی لە رێگەی گۆراتنی گوتنەوە دەناسرێت، باوەڕناكەم ئەوەندە بە كاری موزیكی بناسرێیت، بەڵام من ئەوە نیە بڵێم تەنها بیر لەناوبانگ بكەمەوە، بەڵكو پێم وایە بەهرەیەك لەمندا بوونی هەیە شان بەشانی موزیكژەنی دەمەوێ خزمەتی نەتەوەكەی خۆمی پێ بكەم”.
جا تۆ پێت وایە لەكاری هونەری گۆرانی گوتن سەركەوتوو دەبیت ؟
موكریان : “ئەوەیان دەگەرێتەوە بۆ ئەو شێوەزوو جۆری گۆرانیانەی من كاری لەسەر دەكەم، ئێستاكە خۆناساندن لەنێو مەیدانی گۆرانی گوتندا زۆر ئەستەم بووە، چونكە هونەرمەندی گۆرانیبێژ و گۆرانیش ئەوەندە زۆرە وای لێهاتووە جەماوەریش بۆی لێك جیاناكرێتەوە، مەگەر هونەرمەندێكی زۆر بەناوبانگ بیت و خاوەنی جەماوەرێكی زۆر بیت، ئینجا ئەو گرنتەیەت بۆ دروست دەبێت كە گوێگری گۆرانیەكانت بوونی هەیە، بەهەر حاڵ من لەگەڵ هونەرمەندی زۆر باش كارم كردووە، هەوڵمداوە گۆرانی باش دروست بكەم، ئەگەر سەركوتووش نەبووم ئەوە هەوڵدانەكانم هەر بەردەوام دەبێت، تا ئەو رۆژەی دەگەمە خاڵی سەركەوتن، چونكە گۆرانی گوتن لەلای من عەشقێكە ناتوانم دەست بەرداری بم، جگە لەوانەش زۆر بەباشی شارەزاییم لەسەر بنەماكانی گۆرانی دروست كردن و گۆرانی گوتن پەیدا كردووە، كە دەتوانم بیكەمە كەرستەیەكی باش بۆ داهاتووی كارەكانم”.
ئەلبومێكی گۆرانیت بڵاو كردەوە، ئەو ئەلبومە لەسەر ئەركی كێ هێناتە بەرهەم، هەروەها ئەگەر بكرێت باسێكی ناوەرۆكی ئەو ئەلبومەت بكەی، ؟
موكریان : “ئەو ئەلبومە لەسەر ئەرك و ماندوو بونی خۆم هێنامە بەرهەم، هەروەك باسم كرد، بەر لەوەی سەفەری هەندەرن بكەم (3) گۆرانییم تۆمار كردبوو، (3) گۆرنی و (3) پارچە موزیكیم لە وڵاتی سوید لە شاری ستۆكهۆڵم تۆمار كرد، زۆربەی ئامێرە موزكییەكانی وەك (ساز، چەلۆ، عود، كەمان) بەدەست و پەنجەی خۆم ژەنیووە بۆ گۆرانییەكانم لەو ئەلبومەدا، ئەویش لەبەر نەبوونی موزیكژەن لە هەندەران كە بۆت گرفتی زۆرینەی هونەرمەندانی گۆرانیبێژی كوردە لە هەندەران، هۆنراوەكان بریتین لە هۆنراوەی (جەبار حەبیب، زیاد ئەسعەد، زانا جەبلی، جەلال خۆش كەلام) دوو گۆرانیش خۆم هۆنراوەم بۆ نووسیوە، دوو ئاوازیش لەلایەن هونەرمەندان (زیاد ئەسعەد و زانا جەبلی) دانراوە و ئاوازەكانی دیكەش خۆم دامناوە، گۆرانییەك و پارچە موزیكێكم كلیپ كردووە و لەكەناڵەكان بڵاوم كردۆتەوە”.
زۆربەی هونەرمەندانی تاراوگە گلەیی ئەوەیان هەیە، بارودۆخی ئەوروپا بۆ كاری هونەری گونجاو نیە، تۆ ئەو بارودۆخەت چۆن بینی ؟
موكریان : “راست دەكەن، بارودۆخی هەندەران زۆر سەختە بۆ كاری هونەری، پێم وایە لە ئێستادا هەموو كارەكان لە كوردستانی خۆمان بە ئاسانی و باشتر دێتە بەردەستی هونەرمەند و ئێرە زۆر لەبار تر و گونجا ترە، بەڵام پێم وایە ئەو هونەرمەندەی لە هەندەران كاری هونەری ئەنجام دەدات، دەبێ تاقەتێكی زۆرباشی هەبێت چونكە دووری هونەرمەندە موزیكژەنەكان و سەرقاڵبوونیان بەژیانی سەختی تاراوگە بەشێكی دیكەی گرفتەكانیانە وە زۆربەی هونەرمەندانی تاراوگە لە ئێستادا كاری هونەریی دووەم كاریانە”.
ئێستاكە تۆ دوو كاری هونەری ئەنجام دەدەیت، ئەوانیش گۆرانی گوتن و موزیكژەنیە، ئایا كوردستان بەگونجاوتر دەزانی بۆ خۆت و كارە هونەرییەكانت یاخوود جێ نیشینیت لە هەندەران ؟
موكریان : “بۆمن پێم وایە كوردستان گونجاو تر و لەبار ترە، چونكە هەموو موزیكژەنە هاوڕێیەكانم و هەموو ئەو ستۆدیۆنەی لەكوردستانن پێم وایە لێرە دەتوانم باشتر فریای كارە هونەرییەكانم بكەوم، هیوادارم بتوانم لە كوردستان لەنگەر بگرم بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بكەم”.
بەڵام ئەوەی من زانیومە تۆ ئەڵقەی هاوسەرگیریت لەئەوروپا لەگەڵ كچە كوردێكدا گۆڕیوتەوە، كە ئەو لە هەندەران ژیاوە ئایا ئەو هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ئەو حەزەت نابێ بۆ هاتنەوەت بۆ كوردستان ؟
موكریان : “خەونی منیش و هاوسەرەكەشمە، كە بێینەوە لە كوردستانی خۆمان ژیان بەسەر ببەین، بەڵام ئێستاكە ئەو كچەی بۆتە هاوسەری من لە قۆناغی خوێندن دایە، ئەو هەمیشە ئاواتی ئەوە دەخوازێت رۆژێك لە رۆژان بڕوانامەیەكی باش بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی بگەڕینەوە لێرە هەردوولامان بەشێوەیەكی باش خزمەتی وڵاتی خۆمان بكەین “.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
سپۆت
– هەندەران وات لێدەكات لەكۆمەڵێك هونەرمەند و كەسانی رۆشنبیر نزیك ببیتەوە، من توانیم لە كۆمەڵێك خەڵكی زۆر باش و كەسی بەتوانا ئەزموونێكی تازە فێر ببم !!
– لەمەودوا گۆرانی گوتنیش دەبێتە دەست لەملانی كارە موزیكیەكەم شان بەشانی یەكتری هەوڵیان بۆ دەدەم !!
– من بەر لەوەی سەفەری هەندەران ئەنجام بدەم، (3) گۆرانییم تۆمار كردبوو بەڵام بڵاوم نەكردەوە، ئەوەبوو هەندەران بووە دەستپێكی دەركەوتنی من وەك گۆرانیبێژێك !!
– من تەنها بیر لەناوبانگ ناكەمەوە، بەڵكو پێم وایە بەهرەیەك لەمندا بوونی هەیە شان بەشانی موزیكژەنی دەمەوێ خزمەتی نەتەوەكەی خۆمی پێ بكەم !!
– بارودۆخی هەندەران زۆر سەختە بۆ كاری هونەری، پێم وایە لە ئێستادا هەموو كارەكان لە كوردستانی خۆمان بە ئاسانی و باشتر دێتە بەردەستی هونەرمەند و ئێرە زۆر لەبار تر و گونجا ترە !!