هه‌ندرێن شێخ راغب : مشتومڕی سیاسی له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراق‌و داهاتوی سیاسی‌و سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته، به‌ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌و ئهمریكاو ئه‌وانی تری به‌خۆیه‌وه گیرۆده‌و سه‌رقاڵ كردووه. هه‌ر كه‌سه‌و به‌دوای داهاتوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیدا ده‌گه‌ڕێ، هه‌موان بیر له عێراقێك ده‌كه‌نه‌وه كه پێگه‌یان تێیدا : به‌هێزبێ. ئه‌مه‌ش لهناوعێراقدا دۆخێكی ره‌خساندووه كه چه‌ندین رێگا‌و شێواز‌و پڕۆژه‌ی جیاواز دروست ببێت‌و به‌یه‌كدا ههڵپژانو ناكۆكی جددیان لێبكه‌وێته‌وه.
عێراق وه‌ك چۆن له‌ناوخۆیدا هه‌ڵگری چه‌ندین پێكهاته‌ی جودایه، له‌ئاستی ده‌ره‌وه‌ی خۆشی له‌گه‌ڵا چه‌ندین لایه‌نگر له‌م پێكهاتانه روبه‌رووه. هه‌ر بۆ نمونه با توركیا وه‌ربگرین. ئه‌وه‌تا ده‌بینین توركه‌كان چۆن‌و به چ شێوه‌یه‌ك ده‌یانه‌وێت به‌ته‌واوی عێراقدا په‌رش ببنه‌وه، چونكه پێیان وایه بۆشایه‌كی هێجگار گه‌وره‌و بهجێمانێكی زۆریان له عێراقدا بۆ دروست بووه، كه له‌دوای جه‌نگی عێراق ساڵی(2003) به‌رۆكی گرتن. له‌سه‌روبه‌ری هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ له‌عێراقدا توركه‌كان سه‌خت رووبه‌روی ئه‌مریكا بونه‌وه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگایان نه‌دا كه توركیا ببێته سه‌نگه‌رێك یان هۆیه‌كی هاوكاری ئهمریكاو هاوپه‌یمانانی له‌م جه‌نگه. به‌شێكی كاریگهرو شاره‌زا له سیاسه‌تی توركیا له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی توركیا ره‌خنه‌یان له‌م ههڵوێستو هه‌نگاوه‌ی توركیا گرت. ئه‌مه‌ش له‌به‌ردوو هۆی زۆر سه‌ره‌كی، یه‌كه‌م: پێیان وابوو به‌نه‌بونی توركیا له‌م جه‌نگه‌و له‌م ستراتیژه تازه‌یه‌دا له عێراق زه‌مینه‌یه‌كی زۆر فراوان‌و به‌هێز بۆ ئێران دروست ده‌بێ بۆ كۆنترۆڵا كردنی به‌غداو تاقیكردنه‌وه‌و جێبه‌جێكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی. دووه‌م: پێگه‌و دهسهڵاتو هێزی كورد له‌باكوری عێراق فراوان‌و كاریگه‌ر ده‌بێ. بێگومان هه‌ردوو پێشبینیه‌كه راست ده‌رچوون. هه‌ر بۆیه‌ش توركیا پێی وابوو له عێراقی دوای صه‌ددام حسێندا بێ كاریگه‌ره‌و رۆڵی له رووداوه‌كان‌و نه‌خشه‌ی سیاسی‌دا نیه. ئه‌مه‌ش له‌داهاتوودا له‌پێگه‌ی ستراتیژی توركیا ده‌دات، توركه‌كان به سیاسه‌تی خۆیاندا پێداچونه‌وه‌یان كرد‌و چه‌ند هه‌نگاوێكیان نا.. یه‌كێك له‌م هه‌نگاوانه له باوهشگرتنو گرنگیپێدانی له راده‌به‌ده‌ری سوننه‌كان بوو، چونكه له‌ناو عێراقدا سوننه‌كان رێگرێكی گه‌وره‌ی عێراقی تازه‌و ئێران‌و ئهمریكاو كورده‌كان‌و ئه‌م سیسته‌مه بوون كه له‌عێراقدا كاری له‌سه‌ر ده‌كرا، ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌نگوینه بوو كه بۆ توركیا ده‌رمان بوو!. هه‌ر بۆیه بینیمان چۆن توركه‌كان سوننه‌كانیان گرته باوه‌ش.
هه‌نگاوێكی تر جوڵاندنی هه‌ستی توركمانه‌كانی عێراق بوو، به‌هۆی توركمانهكانو پاراستنیان‌و به‌رگریكردن له‌مافه‌كانیان، توركیا به ئاشكرا‌و بێمنه‌ت هاته ناو پرۆسه‌ی سیاسی عێراق، رایگه‌یاند كه به‌رگری سه‌خت له توركمانه‌كان ده‌كات وه‌كو خاوه‌نداریه‌تی نیشتمانی باسی لێوه ده‌كردن. له كه‌ركوك توانی كورد ئه‌زیه‌ت بدات‌و چاویش له زۆر كه‌س سور بكاته‌وه له‌ناو عێراق‌و ئه‌مریكاش ئیستفزاز بكات، توركمانه‌كان بۆ ئه‌م رۆڵه كۆمه‌كی توركیایان ره‌د نه‌كرده‌وه‌و بوونه هاوكارێكی جددی به‌تایبه‌ت به‌ره‌ی توركمانی. لێره‌دا سه‌رباری باسكردنی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی توركیا له‌عێراقدا، به‌ڵام پرسه‌كه به‌مه كۆتایی پێ نههاتو شتی زۆر چاوه‌ڕواننه‌كراو رویاندا، كه‌وای له توركیا كردووه ئاماده‌ییه‌كی كارای له‌عێراقدا هه‌بێ، كه‌به‌هۆی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستاوه شاره‌زایان بۆچونیان وایه توركیا هه‌ڵه‌ی (2003)ی راست كردۆته‌وه، كه ئێمه له‌دوو خاڵدا كورتی ده‌كه‌ینه‌وه: یه‌كه‌م توركیا له‌به‌غداو به‌صره‌و موصڵاو هه‌ولێر سه‌ردانی ره‌سمی‌و بهردهوامو له‌ئاستی سیاسی به‌رزدا ده‌ستپێكرد، ته‌نانه‌ت قونسوڵگه‌ری له شاره‌كاندا كرده‌وه هه‌ر بۆنمونه كردنه‌وه‌ی قونسوڵگه‌ری له‌هه‌ولێر بابه‌تێكی گرنگ‌و جێگای قسه‌كردنێكی جددی یه. ئه‌م ئاماده‌بوونه به‌رفراوانه‌ی توركیا له‌م ئاسته‌دا بۆخۆی رۆڵێكی كارای له‌هێنانه پێشه‌وه‌ی توركیا بینی له‌پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا. دووه‌میان توركیا هێجگار به‌فراوانی په‌یوه‌ندی ئابوری‌و بازرگانی له‌گه‌ڵا عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكردو نزیك له‌هه‌زار كۆمپانیای توركی لێره‌ن‌و كاری وه‌به‌رهێنان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا كه‌هاته به‌غدا زیاتر له” 40″ گرێبه‌ستی ئیمزاكرد. ئه‌وه جگه‌له سه‌دان گرێبه‌ستی بازرگانیتر له به‌غداو هه‌ولێر. سه‌رچاوه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه ئاڵوگۆڕی بازرگانی توركیا له‌گه‌ڵا عێراق گه‌یشتۆته “10” ملیار دۆلار به‌ڵام ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه هه‌وڵی جددی ده‌ده‌ن دوو به‌رابه‌ر ئه‌م ئاڵوگۆڕه زیاد بكهنو بۆ “30” ملیار دۆلار به‌رزی بكه‌نه‌وه. وه رۆژانه‌ش ده‌بینین جموجۆڵی كۆمپانیا توركیه‌كان چۆن زیاد دهكاتو ده‌رده‌كه‌وێت. ئێستا ئه‌م په‌یوه‌ندیه بۆته په‌یوه‌ندیه‌كی رۆژانه‌و له‌ئاستی به‌رزدا جێگای خۆی گرتووه كه ده‌كرێ لێره‌دا ئاماژه به بابه‌تێكی سیاسی‌و گرنگی زۆر هه‌ستیار بده‌ین، ئه‌ویش په‌یوه‌ندی توركه‌كانه له‌گه‌ڵا كورد.. ماوه‌ی رابردوو بینیمان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا هاته هه‌ولێر. دوای ئه‌و وه‌زیری تر‌و وه‌فدی تری توركی هاتن بۆ هه‌ولێر… دوا به‌دوای ئه‌مه‌ش توركیا به‌فه‌رمی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی داوه‌ت كرد. سه‌رۆكی هه‌رێم گه‌یشته توركیا‌و چاوه‌ڕێ ده‌كرێ چه‌ندین دۆسیه‌ی سیاسی‌و ئابوری له سه‌ردانه‌كه‌یدا تاوتوێ بكرێ.. ئه‌م سیاسه‌ته‌ی توركیا ده‌رهه‌ق به‌عێراق‌و كورد بێ ستراتیژ‌و بێ ئامانجی گه‌وره نیه! كه ناكرێ كورد ترسی نه‌بێ له‌م كرانه‌وه‌یه چونكه بیرمان نه‌چێ گه‌وره‌ترین كێشه‌ی توركیا مه‌سه‌له‌ی كورده. وه كوردیش له‌عێراق هه‌تا دوێنێ لای توركه‌كان بهخێلو هاوكاری تیرۆر‌و دژی توركیا تۆمه‌تباربوون.. كورد له‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵا توركیا زه‌ره‌ر ده‌كات ئه‌گه‌ر یه‌ك ره‌هه‌ندی لێ بخوێنێته‌وه، له‌وانه‌یه توركیا ئامانجی ئه‌وه‌بێ هه‌م كورد له‌دژی كورد به‌كاربهێنێت، هه‌میش وه‌كو ده‌روازه‌یه‌ك بۆ هاتنه ناوه‌وه‌ی عێراق سودی گه‌وره له‌م كرانه‌وه‌یه وه‌ربگرێ. توركیا به‌دوای فراوانكردنی رۆڵی خۆی ده‌گه‌ڕێ له عێراقدا هه‌رێمی كوردستانیش پێگه‌یه‌كی گرنگه بۆ ئه‌م ئامانجه‌ی توركیا، بۆیه كورد له‌م كرانه‌وه‌یه‌دا كه توركیا ناوی لێ ناوه كرانه‌وه!. پێویست ده‌كات به‌وردی ئاگای له حساباته‌كانی خۆی بێت، چونكه نابێ رێگه‌بدرێ توركیا هه‌ڵه‌كانی خۆی له‌عێراق به‌هۆی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵا كورد راست بكاته‌وه، چونكه چ سودێك له‌وه نابینێت باجی راست كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی توركیا بدات ئه‌گه‌ر نه‌زانێ چی بۆ كورد‌و كێشهكهیو داهاتووی له‌عێراقدا لێ ده‌كه‌وێته‌وه… ئه‌گه‌ر توركیا هه‌ڵه‌كانی راست ده‌كاته‌وه ئه‌وا پێویست ده‌كات وێنه‌كانی به‌رامبه‌ر كورد به‌ته‌واوی بگۆڕێت كه ده‌خوازین ئه‌م پهیوهندیو كرانه‌وه‌و هاتوچۆیه وێنه‌ی تازه‌ی توركیا نیشانی كورد بدات. كه بێگومان گۆڕانی ریشه‌یش له وه‌ستانی ده‌ست به‌جێی بۆمبارانی فڕۆكه‌كانی جه‌نگی ده‌ست پێده‌كات كه قهندیلو هاوڵاتی كوردی خه‌ڵتانی خوێنی گه‌ش ده‌كه‌ن، كه په‌كه‌كه‌و كوردانی ناوخۆی توركیا دهخنكێننو زمانی جه‌نگ یه‌كه‌م زمانی ئه‌م پرسه‌یه..سه‌ردانی له‌گه‌ڵا هه‌رێمی كوردستان نابێ گه‌مه‌ی جه‌نگی په‌كه‌كه به‌مل كورد خۆیدا بدات، چونكه ئه‌مه ناكرێ‌و كرانه‌وه‌كه‌ی توركیا قوفڵا ده‌داته‌وه. كرانه‌وه‌و په‌یوه‌ندیه راسته‌كه له‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ كه توركیا واز له جوینه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌و كۆنه‌قینی دوێنێ‌و گه‌مه سیاسیه بێ ئاكامه‌كان بهێنێت.