دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە فێستیڤاڵی ئۆرێنسە لە وڵاتی ئیسپانیا، فیلمی کوێستانی قەندیل لە دەرهێنانی هونەرمەند تەها کەریمی بەشداری لە چلء یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی هیندستان (IFFI)دەکات. فێستیڤاڵی فیلمی هیندستان یەکێک لە کۆنترین و بەناوبانگترین فێستیڤاڵەکانی کیشوەری ئاسیایە کە ساڵی 1952 یەکەمین خولی بەرێوەچوو. ئەمساڵیش فێستیڤاڵی (IFFI) لە رۆژانی 22 نۆڤامبەر تا 2 دیسامبەر لە دورگەی (گوا) بە بەشداری سینەماکارانی جیهانی چل و یەکەمین خولی خۆی بەرێوە دەبات، فیلمی کوێستانی قەندیلیش لە بەشی جیهانی ئەو فێستیڤاڵە لەگەڵ فیلمە جیهانیەکان کێبەرکێ دەکات.
کوێستانی قەندیل یەکەم فیلمی سینەمایی درێژی هونەرمەند تەها کەریمیە کە باس لە پێکەوە ژیان و بەریەککەوتنی چوار نەتەوەی کورد و عەرەب و تورک و فارس دەکات لە جوگرافیایەکی وەک کوێستانی قەندیلدا.
ئەم فیلمە لە ژیانی سێ فەقێی مزگەوتێکەوە دەچێتە ناو وردەکاری ژیان و خەمی هاوبەشی نەتەوەکانەوە، لە سەرو هەمویانەوە نەتەوەی کورد.
کوێستانی قەندیل بە بەشداری 120 ئەکتەری کورد (لە باشور و باکور و رۆژهەڵاتی کوردستان) و فارس و تورک و عەرەب لە شاری سلێمانی و دەوروبەری وێنەی گیراوە و چەندین هونەرمەندی بەناوبانگ وەک د. قوتبەدین سادقی، جومەرد قارەمان، عەینەدین مەریوانی، لەمیا حسێن و کامەران رئوف رۆڵیان تێدا بینیوە.
هاوکات لەگەڵ بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی هیندستان فیلمی کوێستانی قەندیل لە فێستیڤاڵی چاوی سێهەم لە شاری بۆمبای هیندستان وەرگیراوە لە بەشی کێبەرکێدایە.
تەها کەریمی لە دایک بووی شاری بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستانە و بە فیلمە کورت و درێژەکانی بەشداری زیاتر لە 50 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە و لە مانگی رابردوودا توانی خەڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ فیلمی کوێستانی قەندیل لە فێستیڤاڵی فیلمی ئۆرێنسە لە وڵاتی ئیسپانیا وەرگرێت و پێشتریش چەندین خەڵاتی نێودەوڵتی بۆ فیلمە کورتەکانی وەرگرتووە، لە ئێستادا کورتە فیلمی نان و نەوت لە دەرهێنانی هونەرمەند هاوکات بەشداری لە چوار فێستیڤاڵی نێودنەتەوەی کردووە.
فیلمی کوێستانی قەندیل بەرهەمی بەرێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و کۆمپانیای ستاک فیلم کاری پەخش و بڵاوکردنەوەی بۆ دەکات.
راگەیاندنی فیلمی کوێستانی قەندیل
هاوڕێ کەریمی
07705057587