ئه‌رسه‌لان مه‌حمود: ته‌نها ئازادیه‌کی شایسته به‌ماناو مه‌غزاکانی ئازادی، ئیتر ئازادی جه‌سته‌یی یان ئازادی هزری یاخود رۆحی، زهوتنهکردنی ئازادییه به‌مانای وشه، سنوردار نه‌کردنیه‌تی وه‌ک ته‌نها پێویستییه‌کی حه‌تمی له‌پێناو به‌خشینی مانا به‌مانه‌وه‌ی ژیان. ئاخر خۆ له‌سه‌روی مێگهلژیانکردنهوه مرۆڤ پێویستی ره‌هایی به‌مانه‌وه‌ی ئیراده‌و به‌رده‌وامییه‌کی وه‌ها ئامانجدار هه‌یه که دواجار بیگه‌یه‌نێته ئاسایش و، ئارامی، ره‌نگه ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی خێرای گۆڕانکارییه جیاکانی سه‌د ساڵی ڕابوردوی جیهانی خۆرئاوا بهسبێ بۆ ده‌رخستنی وه‌ها راستینه‌یه‌ک.
که‌وابوو بێگومان ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌یش هه‌روا ساده‌و عه‌فه‌ویانه به‌ده‌ست نه‌هاتووه، به‌ڵێ زۆری بردووه تا توانراوه مرۆڤ ماف و ئازادیه‌کانی، کار‌و چالاکیه‌کانی، له‌رۆشنایی وه‌ها روانگه‌یه‌که‌وه ڕیز بکا، تۆ ببینه زۆرینه یا ته‌واوی ئه‌و کۆمه‌ڵگه به‌شه‌ریانه‌ی رویانکردۆته برینه‌وه‌و سرینه‌وه‌ی ریتمی جه‌نگه‌ڵی، کاتێک پرسی ئازادی و کرانه‌وه تیایاندا له‌خه‌م ره‌خساوه، ڕۆشنبیره‌کانی بووبنه‌ته هێزێکی یه‌کانگیرو باڵکێش به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و هه‌ژمونگه‌ری باودا، هه‌ر ئه‌و کاته‌یش جه‌ده‌لی نێوان رۆشنبیران و، ده‌سه‌ڵات، بووه‌ته مایه‌ی به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کراوه‌و گه‌شه‌کردو تیایاندا که ئازادی به‌هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانییه‌وه ده‌سته‌به‌ر کراوه‌و، سیسته‌مێکی دور له‌عه‌قڵیه‌تی یۆتۆپیاخوازیش بۆ رێگری له‌خراپ به‌کارهێنانی ئازادییه‌کان جێگیر کراوه.
له‌وڵاتانی دیموکرات و، گه‌شه‌کردودا، هێشتاش زیاد له‌هه‌ر جێگایه‌کی تر، کاریگه‌ریی ڕۆشنبیران له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بابه‌تێکی حه‌تمی و نکۆڵی هه‌ڵنه‌گره، پێچه‌وانه‌ی وڵات و رۆشنبیرانێکی له‌مه‌ر خۆمان، پێکهێنان و ئاراسته‌کردنی ڕای گشتی له‌سه‌ره‌تایترین ئه‌و کاریگه‌رییه ئهرێنیانهن که سبه‌ینێیه‌کی رونتر به‌دوای خۆیاندا ده‌هێنن، راسته لهوڵاتێکا مۆنۆپۆلکردنی چالاکییه سیاسیه‌کان، سۆز بزواندن بۆ قه‌ناعه‌تپێکردنی خه‌ڵکی، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زۆرینه‌ی بزاوته کۆمه‌ڵایه‌تی، پیشه‌یی و، ئابورییه‌کان، کارکردن به‌ئاراسته‌ی زاڵکردنی هه‌یمه‌نه‌ی ئایدیۆلۆژیای حزبی بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵات، چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و، وڵات به‌گشتی له‌ڕه‌وشێکی نادیاری به‌رده‌وام و نا ئاسایی ئه‌وتۆدا ده‌هێڵێته‌وه به‌شداربوون و هه‌ستکردن به‌ئارامی بۆ تاک و کۆ تیادا وه‌ک مه‌حاڵ ببینرێ، به‌ڵام خۆ نه‌من و نه‌تۆو نه‌هیچ یه‌کێکیشمان هه‌تا ئێره ڕێکه‌وتی دۆخێکمان نه‌کرد رۆژێک له‌رۆژان تیایدا به‌هۆی په‌رتبوون و له‌په‌راوێزدا هه‌ڵسورانی ویستگهرایی ده‌سه‌ڵات و ئایدیۆلۆژیمانهوه ئێمه‌ی رۆشنبیران چوار که‌سمان هێنابێته سه‌ر جاده‌و، مه‌یلێکی شاراوه‌مان نه‌خستبێته ئه‌ودیوی راستینه‌ی ره‌خنه‌و گوتار‌و جهمبوونهوهکانمانهوه، خۆ ئه‌مه ئه‌گه‌ر لای هه‌نێک هێشتا قابیلی ساغکردنهوهبێ ئاسایی ده‌توانرێت لیستێکی درێژی ئه‌و جۆره نه‌رێته لای ڕۆشنبیرانی کورد به‌به‌ڵگه‌وه ریز بکرێت که له‌ماوه‌ی 20 بۆ 30 ساڵی رابردووه‌وه باڵیکێشاوه به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ماندا، مهترسیهکهیش له‌وه‌دایه ئه‌م حاڵه‌ته کراوه‌ته به‌ردی بناغه‌و که‌چی لهڕێگهیشیانهوه ته‌بلیغاتی داهێنان و کرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌و فراوانبوونی ئازادییه‌کان ده‌که‌ین!، له‌کاتێکدا بۆ که‌سێکی کارتێنهکراوو ناڕازی، پیشه‌ی ڕۆشبیری موژده به‌خشترین رێگه‌یه به‌ره‌و کاریگه‌ری دروستکردن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه‌و هێنانه‌دی وه‌دینه‌هاتووه‌کان.
له‌وه‌ها دۆخێک‌دا مرۆڤ له هه‌ر پله‌و پایه‌و پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و کارگێڕیدابێ، به‌و مانایه‌ی چ ده‌سه‌لاتدار یا له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتبێ، ده‌بێ به‌شوێن دۆوینه‌وه‌ی باشترین رایه‌ڵه‌کانی په‌یوه‌ندیگرتن یا دروستکردنی جه‌ده‌له ته‌ندروستیه‌کانی نێوان تاک و کۆمه‌ڵگه‌و، کۆمه‌ڵگه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه بێ، ده‌بێ لای هه‌مووانیش رون و راشکاوبێ ده‌سه‌ڵات دراوه به‌چی و چۆنیش ماف و ئازادییه‌کان فه‌راهه‌م و سنوردار ده‌کرێن، راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆش ده‌سخستنی هه‌ریه‌ک له‌وڵامی ئه‌م پرس و بابه‌تانه ده‌توانێ تێگه‌یشتنێکی هه‌میشه‌یی و بابهتیمان بداتێ، به‌پێچه‌وانه‌وه نه‌بینینی وه‌ها بینهزمییهک، ده‌ستنیشاننه‌کردنی هۆکاره‌کانی ئه‌و بێنهزمییهو، گوێ نه‌دانه خستنه رووی رێگه چاره‌کان له‌ژێر هه‌ر دروشم و برو بیانوو یا سیناریۆو بۆ هه‌ر جۆره خۆپارێزییه‌ک بێ، تێکههڵشێلانه ناوه‌کیه لاوه‌کیه‌کان قوڵده‌کاته‌وه‌و چه‌نده‌ش پاشه‌کشێ به‌کرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه ده‌کات، ئه‌و ده‌سه‌ڵات و هه‌یمه‌نه زاڵه‌ش ده‌کاته فشارێکی ناوه‌کی خۆکوژ.
ئاخر خۆ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک که بوار نه‌داته هه‌ڵکشانی ئه‌م ڕێچکانه، جیا له‌ته‌وای بزاوته جیاکانی تر هیچ پاڵپشتییه‌کی رۆشنبیرانیشی نابێت و لێره‌وه مه‌علومه که دواجار ئه‌و ده‌سه‌ڵاته شکست ده‌خوات، بێگومان ڕۆشنبیری جیددی، به‌هه‌موو مه‌یلی خۆیه‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات لێره لێی ده‌خوازێ هه‌رگیز گرنگی نادات بهوردهکارییه ته‌کنیکییه‌کان، هه‌رگیز گرانی و ده‌رگیرییه عه‌مه‌لییه‌کان نه‌ئیشی ئه‌ون تا شانیان بداته به‌رێ و، نه‌خه‌می ئه‌ویشن تا وابکه له‌خه‌میان بڕه‌خسێنێ، ئه‌وه‌ی زیاتر سه‌رنجی ئه‌و راده‌کێشێت بریتیه له‌هه‌ڵێنجانی دیدگه فراوانه‌کان و، خستنه رویان، کاری ئه‌و به‌ده‌ستهێنانی تێگه‌یشتنی به‌ربڵاوه له‌ریزبه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که سیسته‌مێکی پلانرێژکراو په‌یمانی هێنانه‌دی ده‌دات.
گرنگترین ڕێگرییه‌کانی مرۆڤی رۆشنبیریش که پرسی فراوانبوونی ئازادییه‌کان و کرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه به‌شێوه‌یه‌کی ڕاستینه‌یی له‌ناخیدا خهمڵیووهو، جیایده‌کاته‌وه له‌و مرۆڤانه‌ی له‌بواره رامیاریهکاندا بڕیار ده‌ده‌ن بریتییه له‌بێمتمانه‌یی و گوێپێنه‌دانی ده‌سه‌ڵات، بریتییه له‌و بابه‌ت و باسانه‌ی به‌لای سیاسیه‌کانه‌وه ره‌خنه‌و پاساوی رۆشنبیران هیچ بایه‌خێکی نیه‌و بێپه‌روا تاوانباریان ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش زیاد له‌هه‌ر شتێکی دیکه، ڕێگرییه‌ک ده‌خوڵقێنێت که تێپه‌ڕاندنی مه‌حاڵه تایبه‌تیش له‌نێوان ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ڕۆشنبیرانه‌ی خۆیان ته‌رخانکردوه بۆ سه‌رخستنی هه‌مان ئه‌و پرس و بابه‌ته پاڵپشتیبکهن، دیاره توانای تێگه‌یشتن و گه‌ڕان به‌ناو پێگه نوێیهکانداو توانای ئه‌زموونکردنی دیدگه نوێیه‌کان مه‌علومه ژینگه‌یه‌ک ده‌خوڵقێنێ، به‌بێ ئه‌و ژینگه‌یه‌ش ڕۆشنبیران ناتوانن هه‌ناسه بده‌ن.
ئاشکرایه له‌هه‌ر شوێنێک ئارامی و به‌خته‌وه‌ری له‌ئارادا بوون، بیانووێک بۆ وه‌ها هه‌ڵڵاو ههڵیسانێک وجودی نامێ و، هیچ لایه‌کیش بێئه‌وه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه گشتیه‌کانی کۆمه‌ڵگه بگه‌رێته‌وه، ناتوانێ وه‌ها کاردانه‌وه‌یه‌ک له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یا له‌دژی ئه‌وانی تر به‌کار به‌رێ وه‌ک ئه‌وه‌ی که ده‌برێ و، له‌سایه‌یدا مرۆڤی کورد له‌هه‌ر چاڵێک بێته ده‌ره‌وه ده‌که‌وێته چاڵێکی تره‌وه، به‌ڵێ ئه‌گه‌ر به‌و چه‌شنه هه‌موومان له‌گه‌ڵ یه‌کتری خه‌ریکی شه‌ڕ کردن بین، ئه‌گه‌ر رێکخستنه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانمان هه‌روا به‌حزبی بکرێن و ئاسایشی تاکه که‌سیمان هه‌روا به‌ره‌و نه‌مان بچێت، ئه‌گه‌ر هه‌روا کێشه‌کانمان له‌کێشه‌ی جیهانییه‌وه به‌ره‌و بچوکبوونهوهو ناچه‌یی و که‌سی به‌رین و، هاوڵاتیبوونمان بخه‌ینه به‌رده‌م پرسیار‌و مه‌ترسی له‌ناوچوونه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌روا تۆهمهو دڕدۆنگی ببه‌شینه‌وه، ئه‌گه‌ر جه‌ده‌لی نێوان رۆشنبیران و ده‌سه‌ڵاتیش هه‌روا دیوار کوتانبێ و، گوێچکه‌کانی نه‌کاته‌وه، نه‌ک هه‌ر ده‌ستمان له‌کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کراوه گیر نابێ بگره دواجار زه‌ره‌رو زیانێکی له‌وه چاوهرێنهکراوتر ده‌چێژین که له‌رابردودا چهشتوومانهو، ئه‌وکاته‌یش له‌ره‌هه‌نده جیاکانی ئازادی و کرانه‌وه تێده‌گه‌ین که له‌ده‌ستمان چووه، ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌رۆ ئێمه نیمانه پرۆگرامێکی جیددییه بۆ ده‌رباز بوون له‌و مه‌ترسیانه نه‌ک داکۆکیه‌کی په‌تی له‌شته‌کان وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌ن، چیتر ده‌سه‌ڵات له‌ژێر دروشمی ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ له‌کاری سیاسی‌دا شیاوه نابێ خۆی و خه‌ڵکیش کۆتوبه‌ند بکات، هه‌روه‌ک چۆن ئێمه پێویستمان به‌سه‌رکرده‌ی ڕۆشنبیری هه‌یه‌و هه‌رچه‌نده‌ش ئه‌گه‌ری به‌دیهێنانی ده‌ستبه‌جێی خواسته‌کان که‌م بێت ده‌بێ ئاماده‌بێ له‌و پێناوه‌دا رێبه‌ری و رێنوێنی بکاو کاربکه‌ین، با سازشکاریه عه‌مه‌لییه‌کان جێبهێڵن بۆ سیاسه‌تمه‌داران، لێ ده‌بێ ئه‌وه بزانرێ شلکردنی کۆنترۆڵه‌کان هه‌روا به‌شێوه‌ی په‌تی نه‌له‌ڕوی ڕۆشنبیرییه‌وه جێگای ڕێزن و نهئهگهری ئه‌وه‌یشیان هه‌یه هیچ هه‌ڵکشانێکی بابه‌تییان لێبکه‌وێته‌وه.