لە 20/4/2010 وە هونەرمەندی ناوبراو لەناو شاری كەركوك دەستی كرد بە وێنەگرتنی درامای كەركوك 4 ، ئەم درامایە لە نوسین و سیناریۆی هونەرمەند( سعود ئەحمەد)ە، نوسەری ئەم درامایە دەڵێت: بیرۆكەی ئەم درامایە لە راستیدا فیلمێكی درێژ بوو، وە بە حوكمی ئەوەی كە خۆشم خەڵكی شاری كەركوكم سوودم لە واقعی دانیشتوان و ژیانی ڕۆژانەی خەڵكی ئەم شارە وەرگرتووە، پاش ئەوەی سیناریۆی فیلمەكەم نووسی چوومە لای مامۆستا ناسر حەسەن و دەقەكەی خوێندەوە بیرۆكەكەی زۆر بەدڵ بوو وتی ئەم سیناریۆیە بۆ بكرێت بە فیلمێك و پێشنیاریكرد كە درێژی بكەمەوە بۆ زنجیرە درامایەك، منیش زۆرم پێخۆشبوو هەرچەندە كاركردن بۆ نووسینی زنجیرە دراما جگە لەوەی كە كارێكی ئاسان نییە بەڵكو زانیاری و كاتی زۆریشی دەوێت، منیش سوپاسی كۆمەلێك كەسایەتی و هونەرمەندانی شارەكەم ئەكەم كە توانیم لە ڕێگەی ئەوانەوە كە بریتیبوون لە هەر چوار نەتەوەكە زانیاری زۆر كۆبكەینەوە و لەماوەی 3 ساڵدا سیناریۆی كەركوك 4 لەدایك بوو.
جێی ئاماژەیە هونەرمەندی گەورە جیهاد دڵپاك لەم درامایەدا ڕۆڵی كەسایەتی دەروێش دەگێڕێت، وەك خۆی دەڵێت كەسایەتی دەروێش كەسایەتیەكی واقعی نییە بەقەد ئەوەی كە هێمایەكە بۆ ویژدانی گشتی شاری كەركوك، وە ئەم درامایەش لە ناو چل ساڵی تەمەنی هونەریم تاقیكردنەوەی دووهەممە وەك ئەكتەر لەگەڵَ دەرهێنەری گەورەی كورد، مامۆستا ناسر حەسەن .
هەروەها یەكەم بەشداریمە لە دوای 35 ساڵ دووركەوتنەوەم لەشارەكەی خۆم، وە یەكەم بەشداریمە لەگەڵ كاستێكی هونەری كە لە نێوانیاندا هونەرمەند پێشڕەو نەبەرد كە وەك بەڕێوەبەری وێنەگرتن و هونەرمەند عەبدولخالق وەك یاریدەدەری دەرهێنەر و شێوازی پرۆ فیشناڵی ستافی پشت كامێرا كە لە گەل ئەم كاستەدا پێمخۆشە ناوی مامۆستا سەڵاح شێخ محەمەد بهێنم كە لە بواری ماكیاژدا كار دەكات، وە بۆ من ئەزموونێكی تازەیە لەگەڵ كۆمەڵێك ئەكتەری تازە و كۆنی هەر چوار نەتەوەی وە ك كورد و عەرەب و توركمان و كلد و ئاشووری لە یەك بەرهەمدا كاری نواندن بكەم، بەتایبەت گەنجەكان ئومێد بەخشن بۆ ئایندەی هونەری شارەكەم، وە نوسەرو سیناریستی ئەم درامایە هونەرمەند سعود ئەحمەد زۆر بەووردی توانیویەتی تیشك بخاتە سەر قۆناغێكی مێژوویی گرنگی ئەمشارە، لێرەشدا سوپاسگوزاری خۆم دەرئەبڕم بۆ ئەو هونەرمەندە بەڕێزانەی كە لەدەرەوەی ئەمشارە بەشداری ئەم درامایەیان كرد چ لە پشت یان لەپێش كامێرا.
هونەرمەند پێشڕەو نەبەرد وەك بەرێوەبەری وێنەگرتن لەدرامای كەركوك 4 دەلێت: ئەم كارە لای من زۆر پیرۆزە چونكە بۆ شاری كەركوكە وە بەختەوەرم لەدوای نۆ ساڵ لە كارێكی دیكەی هونەری لەگەڵ هونەرمەندی گەورە ی دەرهێنەر ناسر حەسەن پێكەوە كاردەكەینەوە لە مەمی ئالانەوە بۆ كەركوك 4.
لەڕاستیدا ئەم كارە جگە لەوەی كە هونەرە لە هەمان كاتدا پەیامێكی نیشتیمانی جوانە كە بەتەواوی شارەكانی دیكەی كوردستان و سەرتاسەری عێراق دەگەیەنین، سەبارەت بە لایەنی هونەری وێنەگرتنیش دەڵێت، هونەری وێنەگرتنی ئەم درامایە زۆر ئەكادیمیانە كاری بۆدەكەین وە بۆ یەكەم جارە درامای كورردی بە سیستمی ((HD، و ئەو جۆرە كامێرا پرۆفیشناڵەو بە و كوالێتیە بەرزە كاری بۆ بكرێت و گرنگی بە جوڵەی كامێراو ڕوناكی و دەنگ بدرێت، بۆ مێژوو دوپاتی دەكەمەوە كە كاركردن لەگەڵ هونەرمەندی دەرهێنەری گەورە ناسر حەسەن نەفەسی درێژی دەوێت، چونكە خۆی هونەرمەندێكی نەفەس درێژەٍ و زۆر ووردە لە بوارەكەیدا، منیش شانازی دەكەم كە لە گەڵ كەسایەتییەكی لەوشێوەیە لە پشتی كامێراكەمەوە ڕادەوەستم. وە لەهەمانكاتدا سوپاسی ئەو كاستە هونەریە لاوانە دەكەم كە لەگەڵمدا لە پشتی كامێراكەمەوە هاوبەشی ئەنجامدانی كارەكەم دەكەن، وە بە پێویستیشی دەزانم خۆشحاڵیی خۆم دەرببڕم كە بەهۆی ئەم كارەوە لەگەڵ كۆمەڵێك مامۆستاو قوتابی بەتوانای هونەرە جوانەكانی شاری كەركوك ئاشنایەتیم پەیداكردوە، وە هونەرمەندی گەورەو خۆشەویست جیهاد دڵپاك وەك ئەزموونی تازەم لەگەڵیدا زۆرتر بەختەوەری كردووم كە بەڕێزیان جگە لەوەی وەك ئەكتەر ڕۆڵی هەیە لەهەمانكاتدا وەك ڕاوێژكاری هونەری هەماهەنگی تەواومان پێكەوە هەیە، هیوادارم سەركەوتووبم لەم ئەزموونە نوێیەم و ئەزموونم لەگەڵ سیستمی نوێدا جیاوازتربێت لەگەڵ كارەكانی ترمدا.
هونەرمەند ی دەرهێنەر ناسر حەسەن سەبارەت بە زنجیرە درامای كەركوك 4، بەم شێوەیە بۆمان هاتە ئاخاوتن:
هیوادارم ئەمجارەش تەجاوزی كارە هونەریەكانی دەرهێنەر ( ناسر حەسەن ) بكەم، سوپاس.
زنجیرە درامای كەركوك 4 بریتییە لە چوار بەش كە هەر بەشەی لە 30 ئەڵقە پێك دێت، وە بەشی یەكەم زیاتر لە 150 ئەكتەر ڕۆڵی تێدا دەبینن، وە زۆربەیان بۆ یەكەمجارە لەپێش كامێرا وەك كارئەكتەر ڕۆڵ دەگێڕن، هەروەها لەم درامایە چەندین ئەكتەری خاوەن ئەزموون بەشدار دەبن.
ئەم زنجیرە درامایە لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان – بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما لە هەرێمی كوردستان، جێبەجێ دەكرێت.
جێی بەبیرهێنانەوەیە كە بۆ یەكەمینجارە وەزارەتی ڕۆشنبیری لەماوەی ساڵێكدا ( بەڕێوەبەرایەتی سینەما ) سێ زنجیرە درامای بەرهەمهێناوە، ( زنجیرە درامای، ڕۆژگارە تەریبەكان ، لە دەرهێنانی كامەران ڕەئوف) – (زنجیرە درامای، فرمێسك، لە دەرهێنانی بەكر مەعروف ) – ( زنجیرە درامای، كەركوك 4، لە دەرهێنانی ناسر حەسەن).