كارۆخ مەلائەسعەد: بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەرۆزەوە كچە گۆرانیبێژ (ناسلی) كۆنسێرتێكی چاوەڕوان نەكراوی لە وڵاتی لوبنان ساز دا و تێیدا ڕێژەی میوانانی ئەو كۆنەسێرتە 25 هەزار كەس دەبوو، ئەوەیش بە گوتەی ڕاگەیاندنە عەرەبیەكان و (ناسڵی) خۆی.
(ناسلی) لە دوای گەڕانەوەی بۆ كوردستان و سازدانی كۆنسێرتەكەی لوبنانی، لە لێدوانێكی تایبەتیدا بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر”، گوتی : “چەند ڕۆژێك بەرلەهاتنی جەژنی نەورۆز، بە فەرمی لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری لوبنان و چەند ڕێكخراوێكی جیهانی و سەفارەتی عێراقەوە، بە مەبەستی سازكردنی كۆنسێرتێك بۆ كوردانی ئەوێ، بانگێشتی وڵاتی لوبنان كرام، منیش بە خۆشحاڵییەوە ڕەزامەندیم پێشان دا و توانیم كۆنسێرتەكە بە سەركەتوویی ئەنجام بدەم.”
(ناسلی) زۆر خۆشحاڵ بوو بەوەی 25 هەزار كەس ئامادەی ئەو ئاهەنگەی بوون، وەك ئەوەی خۆی دەیگێڕێتەوە هەرگیز پێشبینی ئەوەی نەبووە، كە ئامادەبووانی كۆنسێرتەكەی ڕێژەكەی بگاتە ئەو ڕادەیە، گوتی: “هاتنی ئەو هەموو جەماوەرە چاوەڕوان نەكراو بوو، چونكە لەو بڕوایە نەبووم كوردانی ئەو وڵاتە بەو شێوەیە پێشوازیی كۆنسێرتەی من بكەن و زۆر دەنگی منیان بە لاوە خۆش بوو و حەزیان دەكرد زیاتر لەگەڵیاندا بمێنەمەوە، دیارە ئەمەیش بۆ من مایەی خۆشحاڵییە و هانم دەدات زیاتر خزمەتی هونەرەكەم بكەم.”
ئەو لەو لێدوانەیدا، زیاتر دڵخۆشی و زانیارییەكانی ئاهەنگەكەی پێ داین و ڕایگەیاند: “ئەگەرچی هەندێك لە میدیا عەرەبییەكان ڕاستەوخۆ كۆنسێرتەكەیان دەگواستەوە، لە هەمان كاتیشدا دوو ڕۆژ لە هەواڵی ڕاگەیاندنەكانیاندا بە “زلزال” وەسف كرام، چونكە خەڵكەكە زۆر بووە و زۆریش حەزیان بە دەنگی من بووە، ئەمەیش بۆ من، مایەی خۆشحاڵییە، ئامادەبوونی ئەو ڕێژە زۆرەی جەماوەر، وای كردووە میدیا عەرەبییەكان بەو شێوە باسم بكەن، چونكە پێشتر چەندین كۆنسێرت كراوە و خەڵك بەو شێوەیە ئامادەیان نەبووە.”
ماوەتەوە بیڵێن، كە (ناسڵی) ئەمە بۆ یەكەم جاریەتی لە وڵاتی لوبنان كۆنسێرت ساز بكات و وەكوو گۆرانیبێژێكی ئافرەتیش تازە هاتووەتە ناو دنیای هونەر و لە ڕووی گۆرانییەوە بەرهەمی كەمە و تەنیا خاوەنی یەك ئەلبوومە و ڕەنگە لە داهاتوودا بەرهەمی تازەی بكەوێتە بازاڕەوە و وەكوو خۆیشی ئاماژەی دا كە ئەو پێشوازییەی لە لایەن جەماوەرەوە لە بەرهەمەكانی دەكرێت، هانی دەدات بەرهەمی جوانتر پێشكەش بكات.