عهبدولغهفار عهبدوڵلا – ههولێر : خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ (سۆزان محەمەد نادر) ناسراوە بە (سۆزان نامۆ) وەک خانمێکی گۆرانیبێژ ماوەی چەند ساڵێک توانی لە گۆڕەپانی گۆرانی کوردیی دا چەند گۆرانییەک پێش کەشی جەماوەری هونەر دۆست بکات، ئەو خانمە گۆرانیبێژە ماوەیەکی زۆرە بەرهەمی تازەی گۆرانی نابیسترێ و لەشاشەی tvیەکانیشدا نابیندرێت، خانمە هونەرمەند (سۆزان نامۆ) ماوەی (25) ساڵە کوردستانی بەجێهشتووە و لە تاراوگە ژیان بەسەر دەبات، لەم رۆژانە دوای ئەو چەندیین ساڵە دووریە لەوڵات بۆ یەکەم جار گەڕایەوە بۆ کوردستان، لەدیدارێکی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی هەفتەنامەی “هونەری هەولێر” رووبەرووی چەند پرسیارێکمان کردەوە، دەربارەی هاتنەوەکەی بۆ کوردستان و دابڕانی لەکارە هونەرییەکانی بەم شێوەیە هاتە ئاخاوتن.
دوای (25) ساڵ بۆ یەکەم جار سەدانەکەی…
خانمە هونەرمەند (سۆزان نامۆ) دربارەی سەردانەکەی بۆ کوردستان گوتی : “ئەو سەردانەم بۆ کوردستان کۆمەڵێک یادەوری جوانم بیر دەهێنێتەوە، ئەو خاک و وڵاتەی لە ئامێزی دا لەدایک بووم و تێدا ژیام، ئێستاکە بەو هەموو پێشکەوتنەوە دەیبینم زۆر خۆشحاڵم هەستێکی زۆر تایبەتم هەیە، بەتایبەتی ئەو پێش کەوتنەی لەشاری هەولێر بینوومە زۆر خۆشحاڵی کردوم، من (25) ساڵە دوورم لەخاکی کوردستانە، دیارە ئەو چەند ساڵەش کە دابڕوام لە وڵاتی خۆم و ئەو ماوە زۆرەیش کە نەمتوانیووە بگەڕێمەوە بۆ کوردستان، یاخوود هەر نەبێ سەردانێک ئەنجام بدەم هۆکارەکەی تەنها بووە، دیارە ئەو کاتەی من کوردستانم بەجێ هێشتووە، بەتەنیا نەبووم لەو سەفەرەدا بەڵکو هەموومان لەگەڵ دایکم و خوشک و براکانم رۆیشتین بۆ ئەوروپا، ئیتر سەرقاڵ بوون بە خوێندن و فێر بوونی زمان و ژیانی رۆژانە وایکرد زۆر پەیوەست بم بەکارەکانم و نەتوانم سەردانی کوردستان بکەمەوە، جگە لەوانەش ساڵی (1993) ژیانی هاوسەرییم لەگەڵ هونەرمەندی موزیکژەن (دلێر نامۆ) پێکهێنا زیاتر سەرقاڵ بووم بە ژیانی ماڵ و مناڵ ئەوانە هەر هەموو هۆکار بوون بۆ ئەو ماوە دوور و درێژە سەردانی کوردستان نەکەمەوە”.
سەختی و ژیانی تاراوگە…
ژنە گۆرانیبێژ (سۆزان) لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئاماژەی بۆ ژیانی سەخت و دژواری تاراوگە کرد و گوتی : “من دوای ئەوەی لەگەڵ هونەرمەندێک ژیانی هاوسەرییم پێکهێنا، کاری هونەریی بۆ من تارادەیەک باشتر و گونجاوتر بوون، بەڵام دوای ئەوەی وڵاتی (دانیمارک)ـمان بەجێهێشت و هاتین بۆ وڵاتی (سوێد) لەو وڵاتە جارێکی دیکە ژیانێکی تازە بۆ ئێمە هاتە پێشەوە، ئیتر لە هەندەرانیش ژیان زۆر سەختە دەبێ لەگەڵ ئەو سەختیە هەر چۆنێک بێت خۆت بگونجێنی، دەستمان کرد بە ئیش و کار بۆ ئەوەی بژێوی ژیان دابین بکەین، دوکانێکی سەرتاشیمان دانا، منیش دەبوایە خۆم کار لەو دوکانە بکەم و سەرپەرشتی بکەم، (دلێر نامۆ)ـی هاوسەریشم ماوەیەکی زۆر تووشی نەخۆشی هات، ئیتر ئەوانە هەمووی سەختن بەڕاستی دەبێ رووبەروویان ببیتەوە و هەمیشە لەهەوڵدان بی بۆ ئەوەی بژیت”.
ماوەی (8) ساڵە لە گۆرانی گوتن دابڕاوە و گۆرانی تازەی نەگوتووە…
(سۆزان نامۆ) دەربارەی هۆکاری دابڕانی لە بەرهەم هێنانی گۆرانی تازە و دوورکەوتنەوەی لەکاری هونەری گوتی : “من و هاوسەرەکەشم چەندیین جار داوامان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، هاوکارییمان بکەن بۆ کارە هونەرییەکانمان بەڵام هیچ وەڵامێکمان بە نەخێر و بەڵێ چنگ نەکەتووە!، ئاخر ئێمە چەندیین ساڵ لە هەندەران لەگەڵ ئەو هەموو زەحمەتیەی کە بینمان بۆ ژیان، شان بەشانی ئەو زەحمەتیە توانیمان چەندیین کاری هونەری ئەنجام بدەین، هەروەها ئەلبومێکی گۆرانی لەگەڵ براکەم، (دیلمان دیۆ) تۆمار بکەین لەسەر ئەرکی خۆمان بڵاوی بکەینەوە، ئیتر خۆ ناکرێ هونەرمەند هەتا دەمرێت لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆی گۆرانی تۆمار بکات و بڵاوی بکاتەوە بە خۆرایی، ئیتر دوای ئەوەی ئێمە چەندیین جار داوای هاوکارییمان کرد و هیچ دەزگایەکی پەیوەندی دار وەڵامیان نەداینەوە، لەبەرامبەر ئەوەدا من زۆر دڵم شکاو بڕیاڕمدا ئیتر جارێ هیچ گۆرانییەک تۆمارنەکەم و بڵاوی نەکەمەوە لەسەر گیرفانی خۆم، چونکە ئەوە لە توانای مندا نیە و ناتوانم”.
(14) گۆرانییم ئامادەیە بەڵام ئامادە نیم (1) گۆرانی بڵاو بکەمەوە..
لە بەشێکی دیکەی ئەو دیمانەیەدا دەربارەی هەبوونی بەرهەمی تازەی لە ئێستادا، ئەگەر هاتوو لایەنێکی پەیوەندی دار پشتکگیری بکات ئەو ئامادە کارییەی هەیە جارێکی تر بتوانێ گۆرانی بڵێتەوە ؟ لەوەڵامدا (سۆزان) گوتی : “بەڵێ بەرهەمی زۆرباشم ئامادەیە، تەنانەت (دلێر)ـی هاوسەرم کاری ئاواز و تێکستەکانیشی بۆ ئامادە کردووم، کە ژمارەی ئەو گۆرانیانە (14) گۆرانی لە خۆ دەگرێت، بەڵام من ئامادە نیم (1) گۆرانی بڵاو بکەمەوە، ئەو گۆرانیانە تەنها ماوە کاری تۆمار کردنی تەواو بکەم و هەموو شتێکی ئامادەیە، هەرچەندە هاوسەرەکەم زۆری پێناخۆشە من ئەوا بەو شێوەیە دابڕاوم، هەمیشە هانم دەدات و پێم دەڵێ وەرە دەست پێ بکەوە، منیش هەموو کات دڵم بۆ هونەر لێدەدات و هەرگیز ناتوانم لەکاری هونەری داببڕێم، بەڵام تاوەکو پشتکگیری لەکارە هونەرییەکانم نەکرێت ناتوانم جارێکی تر گۆرانی بڵێمەوە”.
هاتنەوەکەم تەنها بۆ سەردانی خزم و دۆستانمە…
لەگەڵ ئەو هەموو دڵشکان و بێ ئومێدیەی تووشی (سۆزان نامۆ) بووە، لەکاتی هاتنەوەکەی بۆ کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات نایەوێ هیچ کارێکی هونەریی و تەنانەت بەشداریی لە پرۆگرامە هونەرییەکانیش بکات، لەم بارەیەوە گوتی : “هاتنەوەکەم بۆ کوردستان، تەنها بۆ بینین و سەردانی کردنی خزم و دۆستانمە، نامەوێ لەو هاتنەوەمدا هیچ کارێکی هونەریی بە ئەنجام بگەینم، تەنانەت نامەوێ بەشداریی لە هیچ پرۆگرامێکی هونەریی تەلفزیۆن و رادیۆکانیش بکەم، من لە هەندەرانیش وازم لە سازادنی ئاهەنگ و کۆنسێرتەکان هێناوەو ناتوانم بەشداریی بکەم، ئێستاکە لەماڵەوە گۆرانییەکانم زیاتر بۆ خۆم دەڵێم چونکە من خۆشەویستیەکی زۆرم بۆ هونەرەکەم هەیە و لەیادی ناکەم”.
زۆر حەز دەکەم بەیەکجاری بگەڕێینەوە بۆ کوردستان
(سۆزان نامۆ) لەبەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا لێمان پرسی، کە ژیانی هەندەران ئەوەندە سەخت و دژوارە بۆچی بەیەکجاری ناگەڕێنەوە بۆ کوردستان ؟ لەوەڵامدا گوتی : “زۆر ئارەزوو دەکەم بگەڕێمەوە، چەندیین جار لەگەڵ هاوسەرەکەشم باسی ئەو بابەتەمان کردووە، بەڵام ئێمە ئەگەر بڕیارێکی لەو جۆرە بدەین، پێویستە لێرە زەمینە سازیەک هەبێت بۆ ئەوەی ژیانێکی پێ دروست بکەین، بەڵام ئەو ئاسنکارییەش تا ئێستا بۆ ئێمە جێ بەجێ نەکراوە، بۆیە جارێ ناتوانین ئەو بڕیارە بدەین و بەیەکجاری بگەڕینەوە بۆ کوردستان، بەڵام هەر هیوادارین ئەو ئاسنکاریانەمان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی لەخاکی خۆمان ژیان بەسەر ببەین”.
ئەگەر هاتمەوە لێرە دوکانێکی سەرتاشی دادەمەزرێنم…
ئەو خانمە هونەرمەندە هەروەک خۆی لەکاتی قسەکردنی دا ئاماژەی بۆ کرد، ئەو رۆژانە کاری سەرتاشی ئەنجام دەدات، باس لەوەش دەکات ئەگەر بەیەکجاری بگەڕێتەوە بۆ خاکی کوردستان دوکانێکی سەرتاشی دادەنێت و لەم بارەیەوە روونتر قسەی بۆ کردین و گوتی : “ئەگەر هاتوو ئەو رۆژە هات بەیەکجاری گەڕاینەوە بۆ کوردستان، دوکانێکی سەرتاشی زۆر مۆدێرن دادەمەزرێنم و بە جوانترین شێوە قژی کوڕان و کچانی وڵاتەکەم چاک ئەکەم، لێرە وابزنم تائێستا سەرتاشخانە نیە ئافرەت سەری پیاوان چاک بکەن، بۆیە من ئەو هەنگاوە دەنێم و سەرتاشخانەیەکی مۆدێرن دادەمەزرێنم، بۆیە من ئەگەر بێمەوە بۆ کوردستان دەمەوێ لێرەش خزمەتی خەڵکی وڵاتەکەی خۆم بکەم، چونکە من چەند ساڵێکە ئەو کارە ئەنجام دەدەم”.
پێویستە ئافرەتانی گۆرانیبێژ ئاگاداری کەللتوری وڵاتەکەمان بن.
(سۆزان نامۆ) دەربارەی ئاستی ئافرەتانی گۆرانیبێژ لە ئێستادا گوتی:”ئێستا بە بەراورد لەگەڵ جاران، رێژەی ئافرەتانی گۆرانیبێژمان زیادی کردووە، من رێزم بۆ هەر هەموویان هەیە هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم، بەڵام پێویستە ئاگاداری پارستنی کەللتور و داب و نەریتی وڵاتەکەمان بن، چونکە ئەوان بەزمانی کوردیی گۆرانی دەڵێن ئەو زمان و نەتەوەی ئێمەش کەلتورێک و فەرهەنگێکی خۆی هەیە پێویستە ئاگاداری بین، چونکە سەیر بکەن لە ئێستادا هەموو وڵاتێک هەموو نەتەوەیەک شانازی بە فەرهەنگی خۆیانەوە دەکەن، ئەگەر بەزمانی گۆرانیش بێت، ئەو فەرهەنگەی خۆیان نیشانی دونیا ئەدەن، بۆیە ئێمەش بە زمانی هونەر پێویستە ئەو فەرهەنگە بەرز رابگرین و رێزی لێبگرین”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا