مەسعودی مەلا ھەمزە : گۆرانی (لەیادم کە) دوا کلیپی ھونەرمەند (سروود حاتەم)ە کە لەھۆنراوەی ھۆزانڤانی لاو (شەھاب زەنگەنە)و ئاوازی ھونەرمەند (سالار نەورۆز)ە، ھونەرمەندی میوزیکژەن (نیھاد سابیر) کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە، سەرجەم دیمەنەکانی ئەم کلیپە لەوڵاتی تورکیا لەلایەن (زەکەریا رەزا) وێنەی گیراوە، ھەروەھا کاری میکس و مایسترینگ لەلایەن (رێناس کورداغ) ئەنجام دراوە، سەبارەت بەبەرجەستەکردنی سیناریۆی کلیپەکەش ستافێک لە کوردانی باکووری کوردستان و محەمەد مەخمووری لە باشووری کوردستان کاری نواندنیان تێداکردووە، کلیپی گۆرانییەکە لەلایەن ھونەرمەند) سروود حاتەم( خۆی کاری دەرھێنانی بۆ کراوە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا سروود حاتەم وتی”ھەندێ لە ھونەرمەندان کە بەمەبەستی کلیپکردن دەچنە دەرەوە، باس لەوە دەکەن کەپارەیەکی زۆریان سەرفکردووەو بەکوالێتێکی باش کلیپەکانیان بەرھەم ھێناوە، من بەپێچەوانەی ئەمە دەڵێم دەتوانرێ بەکامێرایەک کە ئێستا لەم وڵاتەی ئێمەدا ھەیە بەھەمان ئەو کوالێتە باشە کاربکەین و ئەو ھەموو پارە زۆرەشی تێنەچێت، گرنگ ئەوەیە ئەو سیناریۆیەی کە دانراوە، ئەکتەرەکان بەباشی رۆڵەکان بەرجەستە بکەن و ئەو پەیامەی کە لەناوەڕۆکی گۆرانییەکە ھەیە بتوانین بیگەینین”.
گوتیشی “بەراستی کاری دەرھێنان کارێکی ئاسان نیە و من دەرھێنەرنیم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بیرۆکەی خۆم بوو، جگە لەوەش (یەحیا رەزا) رۆلێکی بەرچاوی ھەبووە لە کوالێتی ئەم کلیپە و ھەر خۆشی کاری مۆنتاژی بۆ ئەنجامداوە، بۆیە بە ھاوکاریی گروپی (سەنتەری ڤالا) ویستم لەم کارەدا پشت بەخۆمان ببەستین، ئێستاش کلیپەکە لە قۆناغی کۆتایی دایە و بەم زووانە بڵاودەکەمەوە”.
شایانی گوتنە ھونەرمەندی لاو (سروود حاتەم) لەساڵی ١٩٩٨ دەستی بەکاری ھونەری کردووە، تا ئێستا خاوەنی ئەلبوومێک و شەش کلیپە.