سۆنیا ئاوات لە ساڵی 1994 لە شاری سلێمانى لەدایک بووە و ئێستاش خوێندکاری قۆناغی سێیەمى بەشی شانۆیە لە پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى سلێمانى و ئەندامى گروپی سەمای بالیەیە لە سلێمانى سۆنیا لە هەردوو بواری هونەری شانۆ و سەمای بالیەدا بە شێوەیەکى سەرکەوتوانە کار دەکات و دەیەوێت خزمەت بە هونەری کوردی بکات
لە دیدارێکى تایبەتدا چەند پرسیارێکمان ئاراستەى کردو بە خۆشحاڵییەوە وەڵامى داینەوە :
دیمانهی: بڕیار بهختیار-سلێمانی
– لە نێو بوارەکانى هونەردا چۆن بوو کە بواری شانۆت هەڵبژارد ؟
لە تەمەنى منداڵیمەوە هەستم بەوە کرد کە بەهرەى نواندنم تێدایە و کە قۆناغی بنەڕەتیشم تەواو کرد بە هۆی حەز و خولیام بۆ شانۆ هاتمە بەشی شانۆ لە پەیمانگاى هونەرە جوانەکان توانیم بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە و بەبێ دواکەوتن تا ئەم قۆناغەى ئێستام بێم .
– تا چەند بەهرە گرنگە بۆ کەسێک کە بیەوێت ببێتە شانۆکارێکى سەرکەوتوو ؟
لە هونەری شانۆیا بەهرە زۆر گرنگە ،ئەگەر کەسێک ئەو بەهرەیەی تیا نەبێت بە دڵنیاییەوە نابێتە شانۆکارێکى سەرکەوتوو وە دەبێت ئێمە سەرەتا دڵنیا بین لەوەى کە ئایا ئەو بەهرەیەمان تیایە یان نا
– وەک کەسێکى شانۆکار پێناسەت بۆ شانۆ چییە ؟
پێناسەى شانۆ لاى من بریتییە لە زیندوو کردنەوەى دەقێکى شانۆییە بە شێوەیەکی هونەرى
– پەیمانگاى هونەرە جوانەکان تا چەند دەروازەیەک بووە بۆ دروست کردنى ئەکتەرى سەرکەوتوو ؟
بە دڵنیاییەوە پەیمانگاى هونەرە جوانەکان توانیویەتى ئەکتەری زۆر باش لە هەردوو بوارى شانۆ و سینەما بەرهەم بێنێت وە بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ زیاتر خزمەت بە هونەرى شانۆ و سینەما .
– هەوڵ و خۆپێگەیاندنەکان چین بۆ ئەوەى کەسێک بیگرێتە بەر بۆ ئەوەى ببێتە شانۆکار ؟
سەرەتا پێویستە خۆی بەهرەکەى تیا بێت و حەزى بە شانۆ و خزمەتکردنى شانۆ هەبێت پاشان پێویستى بە هاوکاری دەوروبەر هەیە لە لایەنى ماددى و مەعنەویەوە وە بە بڕواى من ئەو کەسەى کە بیەوێت شانۆکار بێت نابێت شەرمن بێت و شەرم بکات چونکە شەرم کردن نای گەیەنێت بە ئامانج .
– پێت وا نیە هەندێک لە خوێندکارانى پەیمانگاى هونەرە جوانەکان تەنها کورسیەکان داگیر دەکەن؟
هەندێک لە خوێندکاران زۆر هەوڵ ئەدەن و بۆ خزمەت کردن دێنە پەیمانگا ئیتر ئەو خزمەتە بە شانۆ بێت یان بە موزیک یان بە شێوەکاری گرنگ ئەوەیە مەبەستیان خزمەتکردنە بەڵام هەندێک لە خوێنکاران تەنها بۆ تێکەڵ بوون لەگەلڕ ڕەگەزی بەرامبەر و بەسەر بردنى کاتێکى خۆش دێنە پەیمانگا و لە هەمان کاتدا کۆمەڵێکیش هەن کە تاکە ئاواتیان پەیمانگایە بەڵام بەداخەوە ناتوانن بێن و خزمەت بکەن چونکە کۆمەڵیک کورسیەکانیان لەوانیش داگیر کردووە .
– بۆچى هەندێک لەو خوێندارانەى کە پەیمانگا تەواو دەکەن بەردەوام نابن لە کاری هونەری ؟
لەبەر ئەوەى هەندێکیان لە دەرەوەى شار دائەمەزرێن وەک مامۆستا بۆیە ئەو مەجالەیان نابێت وە هەندێکیشیان کچن کە زەواج دەکەن هاوسەرەکانیان ڕێگەیان پێنادەن جارێکى تر لە کاری هونەریدا بەشداری بکەن وە هەندێکى تریش تەنها بۆ شەهادە و دامەزراندن پەیمانگا تەواو دەکەن نەک بۆ بەردەوام بوون لە کاری هونەری .
– تا چەند هاوکاری کردنى گەنجان پێویستە لە کاری هونەرى ؟
هاوکاری کردن زۆر پێویستە بۆ شانۆکاران یان بۆ ئەوانەى کە کاری هونەری ئەکەن چونکە ئەو جۆرە کارانە بەبێ هاوکاری ناکرێن ، وەزارەتى ڕۆشنبیری زیاتر هاوکاری ئەو هونەرمەندانە ئەکات کە کۆنن و پێشتر لە بوارەکەدا دەرکەوتون نەک ئەو هونەرمەندانەى کە سەرەتایانە و تازە دێنە ناو دنیای هونەرەوە .
– مەرجت چیە بۆ بەشداری کردنت لە شانۆیەک یان لە درامایەکدا ؟
من هەر جارێک دەورم درابێتآ هیچ مەرجم نەبووە وە تا ئێستاش هیچ دەورێکم ڕەت نە کردۆتەوە چونکە سەرەتا کە هاتمە پەیمانگا پێان وتم تۆ کە لە بەشی شانۆیت پێویستە ئاسایی بێت بەلاتەوە کە دەستى کوڕێک بگریت یان دەورێکت هەبێ لەگەڵی بۆیە ئێستاش من هیچ مەرجێکم نیە .
– کێ هاوکاریت ئەکات لە کارە هونەریەکانتدا ؟
دایکم و باوکم زۆر هاوکاریم ئەکەن بەوەى کە ڕیگریم لێ ناکەن لە ڕۆلڕ بینین لە شانۆکاندا وە مامۆستاکانم زۆر هاوکاریم ئەکەن و هەمیشە هانم ئەدەن بۆ کاری باش و باشتر وە هاوڕێکانیشم زۆر دڵخۆشم ئەکەن بەوەى کاتێک شانۆیەک ئەکەم لە نمایشەکە ئامادە ئەبن و دەستخۆشیم لێ ئەکەن ئەمەش زیاتر شانۆم لا خۆشەویست ئەکات .
– بە کورتى کەمێک تیشک بخەیتە سەر ئەو کارانەى کە تا ئێستا بەشداریت تێدا کردوون ؟
سەرەتا لە قۆناغی یەکى پەیمانگا بووم بەشداریم کرد لە نمایشێکى قۆناغی چوارەکان کە ئەزمونێکى باش بوو بۆم پاشان لە قۆناغی دووەمى پەیمانگا بەشداریم کرد لە شانۆگەری (من یەکێک نیم لە ئێوە) پاشان لە شانۆیی (ژیانى من) دا بەشداریم کردووە کە ئیشێکى پوچ گەرایی بوو وە لە ماوەیەکی نزیکیشدا بەتەماى بەشداری کردنم لە شانۆیی (هاملێت)
– چۆن بوو لە گروپی سەماى بالیەی بەڕێز ست ڕوبار بوویتە ئەندام ؟
سەرەتا کە لە قۆناغی یەکەمى پەیمانگا بووم بەڕێز ست ڕووبار داواى لێ کردم کە بەشداری بکەم لە گروپەکەیدا وە منیش زۆر خۆشحالڕ بووم کە بچمە گروپێکى لەو شێوەیە چونکە تا ئێستا لەو جۆرە گروپەم لە کوردستان نەبینی بوو .
– سەماى بالیە تا چەند ناسراوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا ؟
سەماى بالیە ناسراو نیە لە کۆمەڵگەى کوردیدا بە جۆرێک کە زۆر کەس تەنانەت نازانن ماناى وشەى بالیە چییە یان درکیشان بەوە نەکردووە کە جۆرێک لە سەما هەیە بەناوى سەماى بالیە ، من چەن جار ئەوەم هاتۆتە پێش کە لاى کەسانێک باسی سەماى بالیەم کردووە وایان زانیوە کە یاری بالە ئەڵێم ئەمەش ئەوە ئەسەلمێنێ کە سەمای بالیە زۆر ناسراو نیە لە کۆمەڵگەى کوردیدا .
– بۆچى ئەوانەى کەتەمەنیان گەنجە زیاتر دەبینرێن لەو نێوەندەدا ؟
سەمای بالیە وەک کاری شانۆ نیە چونکە پێویستى بە جەستەیەکى لەبار هەیە و ئەو کەسە کە بالیە ئەکات پێویستە جەستەى ئامادە بێت بۆ سەما هەروەها ست ڕووبار فێرگەیەکى داناوە کە مندالڕ لە تەمەنى 6 ساڵییەوە وەر ئەگرێت بۆ ئەوەى جەستەى ئامادە بکات بۆ بالیە بەڵام کە مرۆڤ چووە تەمەنەوە جەستەى تێک ئەشکێ و ئەو توانایەی نامێنآ تا بتوانێ ئەو جوڵانەى کە لە سەمای بالیە پێویستە بیکات .
– بۆ بەڕێز ست ڕووبار سەمای بالیەی هێنایە کوردوستانەوە بۆ پیاوێک ئەو بیرۆکەیەی نەبوو ؟
سەرەتا مە زۆر سوپاسی ئەو بەڕێزە ئەکەم کە توانى وەک یەکەم کەس هونەری سەماى بالیە بێنێتە کوردستانەوە بە بڕواى من هەندێک لە پیاوان تا ئێستاش متمانەیان بە ژنان نیە و پێیان وانیە کە بتوانن لە بوارێک یان لە هونەرێک جیاواز تر لەو هونەرەی کە پێوەى سەرقاڵن بەشداری بکەن و پێیا وایە کە ئافرەتى کورد دەبێت وەک باڵندەیەک دە بێت هەر لە قەفەزێکدا بێت و هیچ تازە گەرییەک بە خۆیەوە نەبینێت ، ئەوەى ست ڕووبار کردویەتى جێگای شانازییە .
– تا ئێستا حکومەتى هەرێمى کوردستان هاوکاری کردوون ؟
تا ئێستاش حکومەتى هەرێم نەی توانیوە جێگایەکى باشمان بۆ دابین بکات بۆ ئەوەى کە پڕۆڤەى تیا بکەین جاری وا هەبووە لە هەفتەیەکدا دوو جار قاعەمان گۆڕیوە و لە پڕۆڤە دوا کەوتوین لەبەر نەبونى جێگا وە لێرەوە داوا لە حکومەتى هەرێم ئەکەم کە جێگایەکمان بۆ دابین بکەن بۆ ئەوەى بتوانین پڕۆڤەى تیا بکەین و پەرە بە هونەری سەماى بالیە بدەین .